لەگەڵ نزیکبوونەوەی 25ی تشرینی دووەم، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئامارەکان داتایەکی ترسناک لەبارەی دۆخی ژنان لە تورکیا لە ماوەی 23 ساڵی رابردووی دەسەڵاتدارێتیی ئاکپارتیدا ئاشکرا دەکەن. بەپێی ئامارە کۆکراوەکان، لەم ماوەیەدا لانیکەم 8 هەزار و 381ژن کوژراون و هەزار و 381 ژنی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

ئاکپارتی کە لە ساڵی 2002 بە دروشمی "لێبووردن بۆ توندوتیژی نییە" هاتە سەر دەسەڵات، بەڵام بەپێی رێکخراوەکانی ژنان، سیاسەتەکانی حکومەت لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا نەک هەر توندوتیژیی کەمنەکردووەتەوە، بەڵکو کوشتنی ژنانی گەیاندووەتە ئاستی "ژنکوژیی سیستماتیک".

 لە 10 مانگدا 231 ژن کوژران:

ئاکپارتی ساڵی 2025ی وەک "ساڵی خێزان" راگەیاندبوو، بەڵام بەپێی ئامارەکان، تەنها لە10مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەم 231 ژن بەهۆی توندوتیژیی پیاوانەوە کوژراون و 245 ژنی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

لەلایەکی دیکەوە، لە بودجەی ساڵی 2026دا، بودجەی تەرخانکراو بۆ "پاراستن و بەهێزکردنی خێزان" (21.8 ملیار لیرە) نزیکەی سێ هێندەی ئەو بودجەیەیە کە بۆ "بەهێزکردنی ژنان" (7.9 ملیار لیرە) تەرخانکراوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە پشتگوێخستنی پرسی ژنان لە سیاسەتی حکومەتدا لێکدەدرێتەوە.

لە ساڵی 2021دا، تورکیا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە "پەیمانی ئەستەنبوڵ" کشایەوە، کە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان. رێکخراوەکانی ژنان ئەم هەنگاوەیان بە "راگەیاندنی رەسمی سیاسەتی دژایەتیکردنی ژنان" ناوبرد. ئامارەکان دەریدەخەن کە دوای کشانەوە لە پەیماننامەکە، رێژەی توندوتیژییەکان زیادیکردووە و میکانیزمەکانی پاراستنی ژنان لاوازتر بوون.

سیاسەتی بێسزایی و رەخنە لە سیستمی دادوەری:

ئایشە میناز، ئەندامی پلاتفۆرمی ژنانی وان، رەخنە لە سیستمی دادوەریی تورکیا دەگرێت و دەڵێت: "کاتێک ژنێک دەکوژرێت، بکوژەکە لەبەردەم دادگا جلوبەرگی رێک لەبەردەکات و دەڵێت 'خۆشم دەویست' یان 'توڕەی کردم' و لە کۆتاییدا بە بیانووی 'رەفتاری باش' سزاکەی کەم دەکرێتەوە."

میناز جەختدەکاتەوە کە تاوانەکانی دژی ژنان دەبێت وەک "تاوانی سیاسی" و "تاوانی بەئەنقەست" مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و سزای توندیان بۆ دیاری بکرێت، نەک بە سیاسەتی بێسزایی، بکوژان هان بدرێن.

چاودێران ئەم پرسە بە دەسەڵاتی ئاکپارتیەوە دەبەستنەوە و دەڵێن؛ لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی ئاکپارتیدا، دۆسیەی چەندین ژنی وەک گولستان دۆکوی خوێندکاری زانکۆ و رۆژین کابائیش تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە و بکوژەکانیان دەستگیر نەکراون، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی بەردەوامی چالاکوانان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.