مردنی گوماناویی سێ گەشتیار لە ئەستەنبوڵ میدیاکانی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە
راهۆز
١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
مردنی تراژیدیی خێزانی "بۆجەک" کە بۆ پشوو لە ئەڵمانیاوە هاتبوونە ئەستەنبوڵ، تورکیای هەژاندووە. دوای ئەوەی سەرەتا گومان دەکرا رووداوەکە بەهۆی ژەهراویبوونی خۆراکەوە بێت، بەڵام بەهۆی دەرنەچوونی ئەنجامی یەکلاکەرەوە لە پشکنینەکاندا، داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ دۆسیەکەی وەک "مردنی گوماناوی" و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری "دەستێوەردانی دەرەکی" دەستیپێکردووە.
چیرۆکی کارەساتەکە:
خێزانی بۆجەک، دوای خواردنی چەند جۆرێکی خۆراکی وەک "تەنتونی، کوکمیدیا، کۆکۆرێچ و سوجوک" )چەند خواردنێکی تورکین) لە ناوچەی ئۆرتاکۆی، باری تەندروستییان تێکدەچێت و دەگەیەنرێنە نەخۆشخانە. لەوێ، کادیر محەمەدی 6 ساڵان و مەسالی 3 ساڵان گیان لەدەستدەدەن. چەند رۆژێک دواتریش، دایکیان، چیغدەم بۆجەک، گیان لەدەستدەدات. باوکی خێزانەکە، سێرڤێت بۆجەک، لەژێر چاودێریی چڕدایە و بەپێی زانیارییەکان سێ جار دڵی لە لێدان کەوتووە و مەترسی لەسەر ژیانی بەردەوامە.
گۆڕانی رێڕەوی لێکۆڵینەوە
تیمەکانی پزیشکی داد و وەزارەتی کشتوکاڵ، نمونەیان لەو خواردنانە وەرگرت کە خێزانەکە خواردبوویان، بەڵام لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نەدۆزرایەوە کە ببێتە هۆی ژەهراویبوون. ئەمەش وایکرد رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان بگۆڕدرێت.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی "سەباح"ی نزیک لە حکومەت، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی روون، داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەستەنبوڵ بڕیاریدا دۆسیەکە لە چوارچێوەی "مردنی گوماناوی"دا لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت و فەرمانی بە بەشی کوشتنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەیرەتتەپە کردووە کە کاری لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکیش بکەن.
لە راپۆرتی توێکاریی دایک و دوو منداڵەکەدا، ئاسەواری شینبوونەوە لەسەر ئەژنۆکان، خوێنبەربوون لە دیواری گەدە و هەندێک ناوچەی دیکەدا دەرکەوتووە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی مردنەکە بە دیاریکراوی دەستنیشان نەکراوە.
مستەفا چەلیک، باپیری منداڵەکان، کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان چووبووە پزیشکی داد، بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە داوای لە بەرپرسان کرد و وتی: "بۆ پشوویەکی هەفتەیەک هاتبوون، هەر سێکمان لەدەستدا. داواکارم واز لەم کەیسە نەهێنرێت، با جگەری کەسی دیکە نەسوتێت."



