بزوتنەوەی حەماس، رایدەگەیەنێت؛ ئیسرائل بە بەرنامە بەردەوامە لە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە و بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانیشیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە،  داواش لە ناوبژیوانان دەکات بە پەلە دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل.

ئەمڕۆ شەممە، دوای ئەوەی ئیسرائیل بۆردومانی غەززەی کردە ورایگەیاند؛ بەرپرسێکی حەماس  و سێ ئەندامی تری ئەو بزوتنەوەیان کوشتوە، حەماس راگەیەدراوێکی بڵاوکردەوەوە داوا دەکات فشاربکرێت لە ئیسرائیل بۆ وەستاندنی هێرشەکانی.

حەماس رایگەیاندوە پێشێلکارییە سیستماتیکییەکانی ئیسرائیل بۆ رێککەوتنەکە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس و دەستکاریکردنی هێڵەکانی کشانەوە کە دیاری کراوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ حکومەتی ناتانیاهۆ بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ شکاندنی رێککەوتنەکە و داوا لە ناوبژیوانان دەکەن، بەپەلە دەستوەردان بکەن و فشار بکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئیسرائیل  پێشێلکارییەکان رابگرێت.

حەماس پەیامێکیشی ئاراستەی واشنتۆن کردوە و داوا دەکات بەڵێنەکانی جێبەجێبکات، بە ناچارکردنی ئیسرائیل بۆ پابەندبون بە رێککەوتنەکەوە.

ئەمە لە کاتێكدایە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندوە؛ حەماس رێککەوتنەکەی پێشێلکردوە و لەو کاردانەوەیدا پێنج سەرکردەی حەماسیان کوشتوە.