ماوەی چەند رۆژێکە ئاگرێکی بەهێز لە دارستانە دێرینەکانی هیرکانی لە ناوچەی ئەلیت-ی سەر بە شاری چالوس لە باکووری ئێران کەوتووەتەوە، بەهۆی سەختی ناوچەکە و بای بەهێزەوە هێشتا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ نەکراوە و مەترسی لەناوچوونی بەشێک لەو میراتە جیهانییە هەیە.

بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە لە 1ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکارەکەی "هەڵەی مرۆیی" بووە و گومان دەکرێت بەهۆی مانەوەی راوچییەکانەوە لەو ناوچە شاخاوییانە ئاگرەکە دروست بووبێت.

سەرەڕای ئەوەی تیمەکانی بەرگری شارستانی، ژینگەپارێزی و خەڵکی ناوچەکە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنیان داوە، بەڵام وشکی دارستانەکە و بوونی با وایکردووە جارێکی دیکە ئاگرەکە گڕ بگرێتەوە. حسێن عەلی محەمەدی، بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگای مازەندەران رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە شاخاوییە و رێگەی ئۆتۆمبێلی نییە، گەیاندنی ئاو و کەرەستە زۆر سەختە و تەنیا بە هەلیکۆپتەر و گوێدرێژ دەتوانرێت بگەیەنرێنە شوێنی رووداوەکە.

تورکیا دێتە سەر هێڵ:

شینا ئەنساری، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگە لە ئێران رایگەیاند، داوای هاوکاری نێودەوڵەتییان کردووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە تورکیا دوو فڕۆکە و هەلیکۆپتەرێک بە 8 کارمەندەوە رەوانەی ناوچەکە بکات بۆ هاوکاریکردن.

هاوکات لە ناوخۆی ئێران، 6 هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی "ئیلوشین" کە توانای هەڵگرتنی 40 تەن ئاویان هەیە، بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی کوژاندنەوەکەدا دەکەن.

محەمەد رەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری مازەندەران، جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت هەموو توانای وڵات بۆ رزگارکردنی دارستانەکانی هیرکانی بەکاربهێنرێت و نابێت رێگە بدرێت ئاگرەکە زیاتر تەشەنە بکات.

لەلایەکی دیکەوە عەباس پوریانی، سەرۆکی دادگای مازەندەران رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان و دادوەری لە ناوچەکەن بۆ دۆزینەوەی هۆکارانی ئاگرەکە و هەر بەرپرسێکیش کەمتەرخەمی کردبێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

بەپێی ئامارەکانی مانگی سوور، ئێستا 17 تیمی فریاگوزاری و نزیکەی 400 کەس لە هێزەکان و خەڵکی خۆبەخش بە شەو و رۆژ سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەرپرسان دەڵێن ئەگەر فریای نەکەوتنایە، ئاگرەکە زیاتر لە 20 هێکتار دارستانی دەسووتاند.