دەمیرتاش: ئیتر بێ لە پارێزەرەکانم ئامادەنیم کەسیتر ببینم
راهۆز
٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە زیندانی ئەدیرنەوە لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وەڵامی لێدوانەکانی بولەنت ئارنچی سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی تورکیای دایەوە و رایگەیاند، "بە سەرسوڕمان و نیگەرانییەوە پێشوازی لەو بۆچونانە دەکەم کە بەمەبەستی شێواندن، هەڵبەستن و بەلاڕێدابردن خراونەتە پاڵ من". ئەمەش لە دوای ئەوەدێت بولەنت ئارنچی رایگەیاند: دەمیرتاش داوایکردووە سەردانی ئەردۆغان بکات.
"قورسترین شت شێواندنی قسەکانمە"
دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا نوسیویەتی، "بۆ ماوەی 9 ساڵ بەبێ تاوان لە زیندانێکی تاکەکەسییدا هەزاران سەختی و ناڕەحەتی هەیە، بەڵام بەشداریکردن لە تێکۆشانی ئازادی، دیموکراسی و ئاشتیی گەلەکەمان، هێزی بەرگەگرتنی هەموو سەختییەکان و ئیرادەیەکی پۆڵاینمان پێدەبەخشێت."
هەروەها دەڵێت، "ئەو شتەی زیاتر لە هەموو شتێک ماندووم دەکات ئەوەیە کە قسە و بۆچوونی وا دەخرێتە پاڵم کە تەنانەت ئاماژەشم پێنەداوە و بەو شێوەیە بە رای گشتی دەگەیەندرێت. من پرسیار لە نیازی ئەو کەسانە ناکەم کە ئەم کارە دەکەن، بەڵام دەبێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت و دڵنیابێت؛ من بە سەربەرزی و کەرامەتەوە هاتمە ئێرە و بەبێ ئەوەی رێگە بدەم کەرامەتم پێشێل بکرێت، هەر بە سەربەرزیش دەچمە دەرەوە، یان تا کۆتا رۆژی ژیانم لێرە دەمێنمەوە. بۆ من هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە".
بڕیارێکی نوێی راگەیاند:
دەمیرتاش جەختی لەوە کردووەتەوە کە "تەنانەت بە نیازپاکییشەوە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بەناوی منەوە قسە بکات. کاتێک پێویست بکات، خۆم بۆچوونەکانم لەگەڵ رای گشتی هاوبەش دەکەم. هیچ لێدوان و بۆچوونێک کە راستەوخۆ لەلایەن خۆمەوە بڵاونەکرێتەوە، پەیوەندی بە منەوە نییە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، "بەداخەوە بەهۆی بارودۆخی زیندانەوە ساڵانێکە ئەم کارە دەکرێت و راستکردنەوەی هەر یەکێکیان بووەتە ئەرکێکی قورس. بۆیە بە داوای لێبوردنەوە رایدەگەیەنم، لەمەودوا جگە لە هاوڕێ نزیکەکانی خۆم، چاوم بە هیچ سیاسەتمەدار و پارێزەرێک ناکەوێت، چونکە هیچ رێگەیەکی دیکە نەماوە بۆ رێگریکردن لەم شێواندن و بەکارهێنانە".
ئارنچ لە میانی بەشداریکردنی لە کەناڵێکی یوتیوب بەناوی "Fikir Coğrafyası" لە زاری دەمیرتاشەوە دەیگێڕێتەوە:
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، "دەمیرتاش داوای کردووە چاوی بە بەڕێز ئەردۆغان بکەوێت. پێموانییە بتوانێت بیبینێت، بەڵام وتی تەنها ئەمەم بە سەرۆک کۆمار پێ بڵێ: با رووداوەکانی رابردوو وەلاوە بنێین. من لەو رووداوانەدا هیچ کاتێک پشتیوانی تیرۆرم نەکردووە، بەڵام رەنگە هەندێک کەس لەناو پارتەکەم یان لە دەرەوەی پارتەکەم ویستبێتیان تێکەڵ بەو رووداوانەمان بکەن. من سیاسەتم هەڵبژارد، نەک تیرۆر. هەرگیز بیرم لە توندوتیژی نەکردووەتەوە و هانم نەداوە بۆی. هەوڵمداوە ببمە سیاسەتمەدارێکی باش. رەنگە بەرپرسیارێتی قسە و کرداری هاوڕێکانم لە ئەستۆ بگرم، بەڵام لە رووداوەکانی کۆبانێدا کە بەهۆیەوە تاوانبار کراوم، بەشداری هیچ تاوانێکی کوشتنم نەکردووە، بەڵام هیچ کینەیەکم بەرامبەر بە تۆ نییە. تۆش خزمەتی دەوڵەت و گەلت کردووە. ئەگەر من هەڵەم کردبێت، رەنگە تۆش هەڵەت کردبێت. لەمەودوا هەرگیز بیر لە خۆکاندیدکردن و سیاسەت و شتی لەو جۆرە ناکەمەوە، بەڵام دەمەوێت بەڵێن بدەم کە هەر شتێک بۆ وڵاتەکەم پێویست بێت، ئەنجامی دەدەم".
ئارنچ لە کۆتاییدا دەڵێت، "منیش وتم ئینشائەڵا و ماڵئاواییمان لە یەکتر کرد".



