بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە رەسمی کوشتنی "عەلی تەبتەبائی"، سەرۆک ئەرکانی حیزبوڵای لوبنانی لە هێرشەکەی ئەمڕۆی بەیروتدا راگەیاند و جەختی کردەوە کە ڕێگە نادەن ئەو حزبە جارێکی دیکە هێزی خۆی بونیاد بنێتەوە.

نەتەنیاهوو لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا وتی: "ئەمڕۆ کۆتاییمان بە تەبتەبائی هێنا، کە فەرماندەیەکی گەورەی حیزبوڵا بوو، ئێمە رێگە نادەین ئەو حزبە جارێکی دیکە ببێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەو فەرماندەیەی حیزبوڵای بە خاوەنی "دەستە خوێناوییەکان" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد، بە ڕێکەوت نەبووە کە ئەمەریکا خەڵاتێکی گەورەی لەسەر سەری ئەو پیاوە دانابوو.


نەتەنیاهوو داوای لە حکومەتی لوبنان کرد بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و وتی: "چاوەڕوانین حکومەتی لوبنان حیزبوڵا لە چەک داماڵێت و پابەندی ئەرکەکانی بێت". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە بەشێکی ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە دەرەوەی یاسا و کار لەسەر ئەوەی دیکەش دەکەن.

نووسینگەی ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، هێرشەکە بۆ سەر دڵی زاحیەی بەیروت بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران و لەسەر پێشنیاری وەزیری بەرگری و سوپاسالار ئەنجامدراوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بڵاویکردەوە، لەو هێرشە ئاسمانییەدا کە ناوچەیەکی ئەمنی و پارێزراوی حیزبوڵای کردە ئامانج، کەسێک کوژراوە و 21 کەسی دیکە بریندار بوون.