لیژنەی "هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا، بەبێ بەشداریی جەهەپە بڕیاریدا وەفدێک رەوانەی دورگەی ئیمراڵی بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە. بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە ئەندامانی جەهەپە وەک ناڕەزایەتی هۆڵەکەیان بەجێهێشت.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا (هەژدەیەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە) کە بە سەرۆکایەتیی نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەچوو، سەرەتا پێشنیازکرا دانیشتنەکە بە داخراوی بەڕێوەبچێت بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو.

جەهەپە: بەشدار نابین

مورات ئەمیر، سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە دژی داخراویی دانیشتنەکە و شێوازی پرۆسەکە وەستایەوە و رایگەیاند: "کاتێک هێشتا هەنگاوە سەرەتاییەکان وەک لابردنی قەیومەکان، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و کردنەوەی دەرگای سیاسەتی دیموکراسی نەنراون، ئێمە بە ڕاستی نازانین ئەندام بۆ ئەو وەفدە دیاری بکەین".

دوای ئەوەی بە دەنگی ئەکەپە، مەهەپە و دەم پارتی بڕیاری دانیشتنی داخراو پەسەندکرا، ئەندامانی جەهەپە هۆڵەکەیان بەجێهێشت و رایانگەیاند کە ئەوان ئەندام بۆ وەفدی ئیمراڵی دیاری ناکەن.

مەهەپە و ئەکەپە: دەچینە ئیمراڵی

فەتی یڵدز، نوێنەری مەهەپە لە لیژنەکەدا وەبیريهێنایەوە کە دەوڵەت باخچەلی وتوویەتی "ئەگەر پێویست بکات خۆم دەچمە ئیمراڵی" و وتی: "ئێمە تەواو لەو خاڵەداین". لای خۆشیەوە عەبدوڵا گولەر لە ئەکەپە رایگەیاندبوو کە ئەوان بە ئەرێنی دەڕواننە سەردانەکە.

دەم پارتی: کورد هەڵوێستەکان تۆمار دەکات

گوڵستان کۆچیگیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی کە بڕیارە ئەندامی وەفدەکە بێت، جەختی کردەوە کە نابێت مەسەلەکە تەنها لە چوارچێوەی ئەمنیدا قەتیس بکرێت و وتی: "گەلی کورد لە قۆناغێکی مێژووییدایە و دەزانێت کێ بوێریی ئاشتیی هەیە و کێ لێی دەترسێت؛ هەموو هەڵوێستەکان تۆمار دەکات".

کۆچیگیت وتیشی: "بەبێ گوێگرتن لە ئۆجەلان، ئەم پرۆسەیە قووڵ نابێتەوە و بەرەوپێش ناچێت، چونکە ئەو کارەکتەری سەرەکییە و خاوەنی ئەو بانگەوازەیە کە چەکەکان بێدەنگ دەکات".

پێشنیاری سەردانی قەندیل و دەمیرتاش

ئەحمەد شک، پەرلەمانتار بە هەڵوێستێکی جیاوازەوە بەشداری کرد و وتی: "دەبێت لە ئاشتیشدا هێندەی جەنگ ئازا بین. بەڵێ دەبێت بچنە ئیمراڵی، بەڵام ئەگەر پێویست بکات دەبێت بچنە قەندیل، سەردانی عوسمان کاڤالا و سەلاحەدین دەمیرتاش-یش بکرێت. مانەوەی دەمیرتاش لە زیندان جێگەی تێگەیشتن نییە".

بڕیاری کۆتایی:

دوای چوونەدەرەوەی جەهەپە، پەرلەمانتارانی دیکە دەنگیاندا و بڕیاری سەردانیکردنی ئۆجەلانیان پەسەند کرد. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەفدەکە بچێتە ئیمراڵی.