تەقینەوەیەکی بەهێز ناوچەی حارە حەریک-ی لە زاحیەی باشوری بەیروت هەژاند و میدیاکانی ئیسرائیلیش ئاشکرای دەکەن، ئامانجی هێرشەکە "ئەبو عەلی تەبتەبائی" بووە.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە گەڕەکی حارە حەریک لە باشوری بەیروت بیسترا، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرشەکە شوقەیەکی نیشتەجێبوونی لە شەقامی "عەرید" کردووەتە ئامانج و راستەوخۆ دوای رووداوەکە ئەمبوڵانس و تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنەکە.

هاوكات وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەبێ ئەوەی ناوی کەسەکە بێنێت، بە رەسمی رایگەیاند کە لەو هێرشەدا "سەرکردەیەکی باڵای حیزبوڵا"یان لە بەیروت کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی وردەکاریی زیاتری بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسەی لە هێرشەکەی زاحیەدا کراوەتە ئامانج، "ئەبو عەلی تەبتەبائی"یە، کە بە پیاوی دووەمی حیزبوڵا و یەکێک لە کەسایەتییە هەرە نادیارەکانی ئەو حزبە دادەنرێت.

تەبتەبائی، کەسایەتییەکی نهێنی و کاریگەرە لەناو حیزبوڵادا، ناوبراو بەوە ناسراوە کە فەرماندەیی هێزەکانی حیزبوڵای لە هەردوو جەنگی سوریا و یەمەندا کردووە. هێشتا چارەنوسی ئەم فەرماندەیە نادیارە، بەڵام پێشتر و لە ساڵی 2016، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوی تەبتەبائی خستبووە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتییەوە.