وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران: دوژمن دەیەوێت خامنەیی بکاتە ئامانج
بڵند
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
وەزیری ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاندوە؛ ئیسرائیل دەیەوێت عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بکاتە ئامانج و هەوڵ دەدات ئەم خۆراگرییەی ئێران لەناوببات، ئاماژەی بەوەشکردوە لە شەڕی 12 رۆژەدا شاهیدی ئێرانێکی زلهێز و یەکگرتوو و بوون و سەپاندنی ماڵوێرانی بەسەر دوژمندا بوە هۆی پێگەی ئیسرائیل لە جیهاندا بە تەواوەتی دابەزێت.
ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ دوژمن هەوڵدەدات سەرکردایەتیان بکاتە ئامانج و هەنگاو بە ئاراستەیەکدا بنێت کە ئەم میحوەرەی یەکێتی و سەرکەوتن و پێشکەوتن و سەقامگیری و خۆڕاگری وڵات لەناوببات.
باسی لەوەشکردوە؛ هەوڵەکانی ئیسرائیل هەندێکجار لە رێگەی تیرۆرکردن و هەندێکجاریش لە رێگەی هێرشی دوژمنکارانەوەیە، کە ئەوانیش لە ناوخۆی وڵاتدا ئەنجامی دەدەن.
ئیسماعیل خەتیب ئاماژەی بەوەکردوە دوژمن هەوڵ دەدەن بە کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی شەڕی نەرمیان، خەڵکی ئێران بێمتمانەبکەن، ئەرکی ئەوان لەم هەلومەرجەدا پاراستنی یەکڕیزی و یەکدەنگییە بۆ شکستپێهێنان هەوڵەکانی ئیسرائیل.
وەزیرەکەی ئێران ئەوەشی خستوەتەڕوو، حکومەت هەموو هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بژێوی کۆمەڵگە و خەڵک خستۆتەگەڕ و دەیخاتەگەڕ، گەرچی بەشێوەیەکی سروشتی دوژمن هەموو فشارەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی حکومەت نەتوانێت ئامانجەکانی بۆ بژێوی ژیان و گوزەرانی خەڵک بەدیبهێنێت.



