لە شاری سلێمانی "لوتکەی نیشتمانیی سلێمانی بۆ کارسازی" دەستیپێکرد کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و ئامانجی سەرەکیی کۆکردنەوە و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی گەنجانە.

عەلی عومەر، دامەزرێنەری لوتکەکە لە وتەیەکدا رایگەیاند، بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە پێشکەش دەکرێت.

وتیشی: "ئامانجمانە پڕۆژەی سەرجەم ئەو بەشداربووانە کۆبکەینەوە کە لەم لوتکەیەدا کار دەکەن، تاوەکو بتوانین پاڵپشتی لە گەنجان بکەین و بیرۆکەکانیان بخەینە سەر کار".

لای خۆیەوە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بەشداری لە لوتکەکەدا کرد و رایگەیاند، دیاریکردنی سلێمانی بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە یەکێکە لە بژاردە راستەکان.

پارێزگاری سلێمانی هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "سلێمانی یەکێکە لەو پایتەختانەی بە بڕیاری سیاسی دروستکراوە"، بۆیە شوێنێکی گونجاوە بۆ دەستپێشخەرییە نیشتمانی و کارسازییەکان.