هەسەدە رایگەیاندوە، گروپەچەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هێرشێکی نوێیان کردوەتەوە سەر هێزەکانیان لە شارۆچکەی ئەبو حەمام، لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزۆر، جەختیشیانکردوەتەوە وەڵامی گونجاوی هێرشەکەیان داوەتەوە.

هەسەدە راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ لە هێرشێکی نوێدا کە دەکەوێتە چوارچێوەی پەرەسەندن و ئاژاوەگێڕی، گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق چەند پێگەیەکی هێزەکانیان لە شارۆچکەی ئەبو حەمام لە رۆژهەڵاتی لادێی دێرەزۆر کردەوە ئامانج.

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ هێزەچەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بەردەوامن لە تۆپبارانکردنی پێگە سەربازییەکان و ماڵە مەدەنییەکان بە بێ جیاوازی و راستەوخۆ بە موشەک و چەکی قورس دەیانکەنە ئامانج.

هەسەدە ئەوەشەی خستوەتەڕوو، لە هێرشەکانیاندا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و درۆنی خۆکوژ بەکاردەهێنن و بونەتە  مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی وە ئەم هێرشە "بەشێکە لە ستراتیژی پەرەسەندن بە ئامانجی دروستکردنی پشێوی لە ناوچەکەدا" و هێزەکانیان بەگوێرەی یاساکان وەڵامیان داونەتەوە.