ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین هۆشداریدەدات لەوەی وڵاتەکەی رووبەڕووی مەترسیی لەدەستدانی پشتیوانییەکانی ئەمریكا بووەتەوە، ئەگەر ئەو پلانە رەتبکەنەوە کە واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا دایڕشتووە.

زێلێنسکی لە وتارێکی ڤیدیۆییەدا کە ئاراستەی گەلی ئۆکراینی کردووە، دەڵێت: "ئۆکراین لەبەردەم بژاردەیەکی زۆر قورسدایە: یان لەدەستدانی کەرامەت، یان مەترسیی لەدەستدانی هاوبەشێکی سەرەکی".

پەیوەندییەکی گرنگ و فشاری توند:

هاوکات لەگەڵ ئەم هۆشدارییە، سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی ئۆکراین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، زێلێنسکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریكا ئەنجامداوە و گفتوگۆکان تایبەت بوون بە وردەکاریی پلانەکە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کیێڤ لەژێر فشارێکی توندی واشنتۆندایە بۆ ئەوەی بە ڕێککەوتنەکە ڕازی بێت، تا ئاستی ئەوەی هەڕەشەی بڕینی زانیارییە هەواڵگرییەکان و راگرتنی ناردنی چەکی لێ کراوە، ئەگەر تا رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو چوارچێوەی رێککەوتنەکە ئیمزا نەکات.

وردەکاریی پلانە 28 خاڵییەکە:

بەپێی زانیارییەکان، پلانەکەی ئەمریكا لە 28 خاڵ پێکهاتووە و داوای سازشی گەورە لە ئۆکراین دەکات، لە دیارترین خاڵەکانی:

  • دەستبەرداربوون لە هەردوو هەرێمی لۆگانسک و دۆنێتسک لە ناوچەی دۆنباس.

  • داننان بەوەی نیمچە دورگەی قرم (کە روسیا ساڵی 2014 دەستی بەسەردا گرت) بە ئەمری واقیع خاکێکی روسییە.

  • سڕکردنی هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ لە هەردوو ناوچەی خێرسۆن و زاپۆریژیا.

مەرجە سیاسییەکان و هێڵی سوور:

پلانەکە مەرجی قورسیشی بۆ کیێڤ داناوە، لەوانە؛ دەستبەرداربوون لە هەوڵەکان بۆ بوون بە ئەندام لە پەیمانی ناتۆ، رێگە نەدان بە جێگیرکردنی هێزی نێودەوڵەتی لەسەر خاکەکەی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەی 100 رۆژدا، لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری "لێبوردنی گشتی".

لەبەرامبەردا، روستەم ئومێرۆڤ، گەورە دانوستانکاری ئۆکراین و ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی جەختی کردەوە، کیێڤ "هیچ پلانێک قبوڵ ناکات کە هێڵە سوورەکانی ئەوان ببەزێنێت".