سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشنیازی ئێستای بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین کۆتا رێگەنییە و پلانێکە پێویستی بەوەیە کاری زیاتری لەسەر بکرێت، ئاماژەیبەوەشکرد  ئەگەر زێلێنسکی پلانەکەی قبوڵ نەکات، تا ئەو کاتەی بیەوێت دەتوانێت شەڕ بکات.

ئەمڕۆ شەممە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی  رایگەیاند؛ جەنگی نیوان روسیا و ئۆکرانیا دەبێت کۆتایی بێت بە هەرجۆرێک بێت، جەختیشیکردوە پلانە 28 خاڵیەکەی کۆتا رێگە نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.

سەبارەت بە پلانی پێشنیارکراوی ئاشتی بۆ ئۆکراین ترەمپ رایگەیاندوە؛ ئەوان ئاشتییان دەوێت و دەبێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنن، گرنگ نییە چی رودەدات.

لە وەڵامی یەکێک لە رۆژنامەنوسەکاندا، کە ئاخۆ ئەگەر زێلێنسکی پلانەکەی قبوڵ نەکات، کاردانەوەی چی دەبێت؟ دەڵێت؛ ئەگەر پلانەکەی قبوڵ نەکات، تا ئەو کاتەی بیەوێت دەتوانێت شەڕ بکات.

ئەم هەڵوێستەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە سەرکردەکانی ئەوروپا لە هەوڵدان بۆ داڕشتنی وەڵامێکی گونجاو دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، داوای کرد کیێڤ تا رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو پلانە 28 خاڵەکەی قبوڵ بکات و وەڵامی بداتەوە.