بەشی ئاگرکوژێنەوەی لۆس ئەنجلس رایگەیاند ئاگرێک لە کەشتییەکی گواستنەوەی کاڵا لە سان پێدرۆ کەوتەوە و تا ئێستا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکەن.

بەشی راگەیاندنی ئاگرکوژێنەوەی لۆس ئەنجلس لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کە نزیکەی سەعات 6:38 خولەکی ئێوارە ئاگر لە کەشتییەکی گواستنەوەی کاڵا کەوتەوە. تیمی کەشتییەکەش رایانگەیاند، کە هۆکارەکەی کارەبایی بووە و لە ژێر عەمبارەوە کەوتووەتەوە و بەناو کۆنتێنەرەکانی تری سەر کەشتییەکەدا بڵاوبووەتەوە.

ئەوەش ئاشکراکراوە، کە زیاتر لە 100  کارمەندی ئاگرکوژێنەوەی لۆس ئەنجلس بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی بەندەرەکە و گومرگ چوون بە هانای کوژاندنەوەی ئاگرەکەوە و هاوکار بوون بۆ دابەزاندنی 23 ئەندامی تیمی کەشتییەکە رزگار کردنیان.

ئاگرکوژێنەوەی لۆس ئەنجلس دەڵێت: "تیمەکانمان خەریکی چاودێریکردنی ئاراستەی هەوان و هەوڵەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەردەوامە."