بۆ باسكرد لە پلانی ئاشتی لە ئۆكراین، ئەمڕۆ وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپا لە ژنیێڤ كۆدەبنەوە، واشنتۆنیش دەڵێت: پلانەكە لیستی داواكانی روسیا نییە.

ماڵپەڕی ئاكسیۆسی ئەمریكی ئاشكرایكرد، بریارە ئەمرۆ لە ژنێڤ دانوستانێكی پێنچ قۆڵی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا لە بارەی پلانەكەی ئەمریكا بۆ ئاشتی لە ئۆكراین بەرێوەبچێت.

ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیارە راوێژكارانی ئاسایشی نیشتمانی لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و بەریتانیا و ئەندری یەرماك، سەرۆكی ئەركانی ئۆكراین بەشداری دانوستانەكانی جنێڤ بكەن، ئەمە جگە لە ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و هەروەها ستیڤ ویتكۆف نوێنەری كۆشكی سپی  بەشداری لە دانوستانەكان دەكەن.

هاوكات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەوە كردەوە كە پلانە 28  خاڵیەكە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆكراین لیستی ئارەزووەكانی روسیا نییە،ئەمەش لە دوای ئەوەدێت،  بەشێك لە سیناتۆرەكانی ئەمریكا رایانگەیاندبوو بە پێی وتەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەو پلانەی ترەمپ، پلانی ئیدارەی ئەمریكا نییە بەڵكو لیستی خواستەكانی روسیایە.