ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەمریکا تا ئێستا وردەکاریی پلانەکەی راستەوخۆ لەگەڵ روسیا باس نەکردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کیێڤ دژی پلانەکەیە.

پوتین وتی: "ئیدارەی ئەمریکا تا ئێستا نەیتوانیوە رەزامەندیی لایەنی ئۆکراینی بەدەستبهێنێت، هەر بۆیەش وردەکاریی دەقەکە لەگەڵ ئێمە باس نەکراوە".

سەرۆکی روسیا ئاشکرایکرد کە لە رێگەی کەناڵە دووقۆڵییەکانەوە کۆپییەکیان لە پلانە "نوێکراوەکە"ی دۆناڵد ترەمپ بەدەستگەیشتووە کە لە 28 خاڵ پێکهاتووە و وتی: "پلانە نوێیەکەی ترەمپ دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەری کۆتایی لە ئۆکراین".

سەبارەت بە وەستانی گفتوگۆکان لە ماوەی رابردوودا، پوتن روونیکردەوە: "دوای دانوستانەکانی ئەلاسکا، وەستانێک دروستبوو، دەزانین هۆکارەکەی ئەوە بوو ئۆکراین پلانە پێشووەکەی رەتکردەوە، بۆیە وای دەبینم دەرکردنی ئەم پلانە نوێیە هۆکارەکەی هەر ئەوە بێت".