رێکخراوێکی تەندروستی هۆشداری لە بەکار هێنانی جل و بەرگی شێ ئین دەدات
راهۆز
٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
رێکخراوی "گرینپیس" لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ئەو جلوبەرگانەی لە رێگەی پلاتفۆرمی چینیی "شێ ئین"ەوە دەفرۆشرێن، مادەی کیمیایی مەترسیداریان تێدایە کە سنووری رێگەپێدراوی یەکێتیی ئەوروپایان تێپەڕاندووە.
لقی ئەڵمانیای رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا روونیکردووەتەوە، "لە کۆی 56 پارچە جلوبەرگ کە پشکنینیان بۆ کراوە، 18یان مادەی کیمیایی مەترسیداریان تێدابووە، هەندێکیان بە رێژەیەکی زۆر زیاتر لەو سنوورەی کە بەپێی یاساکانی ئەوروپا دیاریکراوە".
مەترسیی شێرپەنجە و لاوازکردنی بەرگریی جەستە:
رێکخراوەکە ئاماژەی بە بوونی مادەکانی وەک "فثالایت" و پێکهاتەکانی "PFAS" (کە بە ماددە کیمیاییە هەمیشەییەکان ناسراون) کردووە لەناو جلوبەرگەکاندا. ئەم مادانە بۆ دژەئاو و دژەپەڵە بەکاردەهێنرێن و بە پیسکەرێکی هەمیشەیی ژینگە دادەنرێن.
گرینپیس هۆشیداریداوە کە ئەم مادە ژەهراوییانە پەیوەندییان بە چەندین نەخۆشییەوە هەیە، لەوانە شێرپەنجە، تێکچوونی کۆئەندامی زاوزێ، کێشەی گەشەی منداڵان و لاوازبوونی سیستەمی بەرگریی جەستە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەم مادانە لە رێگەی پێست و هەڵمژینی ریشاڵەکانەوە دەچنە ناو جەستەوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە پشکنینەکان جلوبەرگی منداڵانیش دەگرێتەوە.
وەڵامی "شێ ئین"
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی فرانس پرێسدا، کۆمپانیای "شێ ئین" رایگەیاندووە، وەک "رێکارێکی خۆپارێزی"، هەر بەرهەمێک کە بوونی مادەی مەترسیداری تێدا دەستنیشان بکرێت، لەسەر ئاستی جیهان لە بازاڕەکاندا لایدەبەن.
ماوەی چەند مانگێکە پلاتفۆرمە بازرگانییە ئەلیکترۆنییەکانی ئاسیا رووبەڕووی رەخنەی توندی گروپەکانی ژینگە و مافی مرۆڤ و کۆمپانیا ئەوروپییەکان بوونەتەوە، کە بووەتە هۆی کردنەوەی لێکۆڵینەوە و سەپاندنی سزای قورس بەسەریاندا.



