هاوپەیمانەکەی جارانی ترەمپ: هەڕەشەی تیرۆرکردنم لێکراوە بۆیە دەستلەکار دەکێشمەوە
راهۆز
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
مارجۆری تایلەر گرین، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا و یەکێک لە هاوپەیمانە دێرینەکانی دۆناڵد ترەمپ، کە ئێستا بووەتە یەکێک لە رەخنەگرە سەرسەختەکانی، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کۆنگرێس راگەیاند.
گرین کە پێشتر یەکێک بوو لە دیارترین دەنگەکانی بزوتنەوەی "Make America Great Again"، بەهۆی هەڵوێستە توندەکانی و بڕوابوونی بە "تیۆرییەکانی پیلان" ناسراوە، لەوانە بەراوردکردنی بەکارهێنانی ماسک و ڤاکسین بە چەوساندنەوەی جولەکەکان لە کاتی هۆلۆکۆست، هەروەها گومان دروستکردن لەسەر رووداوەکانی 11ی سێپتێمبەر.
گرین هۆکاری بڕیارەکەی گەڕاندەوە بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆشکی سپی و رایگەیاند، بەهۆی ئەو گرژییانەوە هەڕەشەی دانانی بۆمب لە کۆمپانیاکەی کراوە.
پەیوەندییەکانی نێوان گرین و ترەمپ لەم مانگانەی دواییدا بەرەو خراپی ڕۆیشت، بەتایبەت دوای ئەوەی گرین هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ ئەوەی وەزارەتی داد سەرجەم دۆسیەکانی پەیوەست بە "جێفری ئیپشتاین" بڵاوبکاتەوە. لە بەرامبەردا ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" هێرشی توندی کردە سەر گرین و بە "شێت" وەسفی کرد.
مارجۆری تایلەر گرین لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت: "بەرگریکردن لەو ژنانەی لە تەمەنی 14 ساڵیدا دەستدرێژییان کراوەتەسەر و بازرگانییان پێوەکراوە لەلایەن پیاوانی دەوڵەمەند و بەدەسەڵاتەوە، نابێت باجەکەی ئەوەبێت کە بە خیانەتکار ناوببرێم و لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە هەڕەشەم لێ بکرێت، ئەو سەرۆکەی کە خۆم شەڕم بۆ کردووە."
پەرلەمانتارەکەی ئەمریکا ئاشکرایکردووە، رۆژی 5ی کانونی دووەم کۆتا رۆژی دەبێت لە پۆستەکەی. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش، ترەمپ بە تۆڕی هەواڵی ABCی راگەیاندووە کە ئەمە "هەواڵێکی نایابە بۆ وڵات".
بەپێی زانیارییەکان، سەرەتای درزتێکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو سیاسەتمەدارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە گرین رەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ گرت و بە "دواخستنی ئەمریکا" ناوی برد. هەفتەی رابردووش ترەمپ رایگەیاندبوو کە پشتیوانی لە گرین ناکات بۆ هەڵبژاردنەوەی لە ویلایەتی جۆرجیا.
گرین لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: "رێز و شکۆم بۆ خۆم هەیە و خێزانەکەم زۆر خۆشدەوێت، نامەوێت ناوچەکەم رووبەڕووی ململانێیەکی پڕ لە رق ببێتەوە لەگەڵ سەرۆکێک کە هەموومان شەڕمان بۆ کردووە، تەنها بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە ببەمەوە لەکاتێکدا کۆمارییەکان ئەگەری دۆڕانیان هەیە."
گرین: هێرشەکانی ترەمپ چرای سەوزە بۆ توندڕەوەکان
چەند رۆژێک پێش راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکەی، گرین هۆشداریدا لەوەی تێکچونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆشکی سپی گەیشتووەتە ئاستێک، هەڕەشەی دانانی بۆمب لە کۆمپانیاکەی کراوە.
گرین لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نوسیویەتی: "هێرشە بێ پاساو و دڕندانەکانی ترەمپ دژی من، وەک هاندان و چرای سەوزێک وایە بۆ توندڕەوە مەترسیدارەکان، ئەمەش ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ئەنجامدانی هێرشی جددی بۆ سەر خۆم و خێزانەکەم".
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا، ئەو پەرلەمانتارە کۆمارییە ئاماژەی بەوەکردووە، "لێدوانە ئاگرینەکانی ترەمپ دۆخەکە دەشڵەژێنن و زەمینە بۆ توندوتیژی خۆشدەکەن، کە لە کۆتاییدا رەنگە ئەنجامی زیانبەخش یان تەنانەت کوشندەشی لێ بکەوێتەوە".



