پاپا لیۆ بۆ گەنجان: رێگە مەدەن زیرەکی دەستکرد جێگەی بیرکردنەوەتان بگرێتەوە
راهۆز
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
پاپا لیۆی چواردەهەم، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی زیاتر لە 15 هەزار گەنجی ئەمریكا کرد لە شاری ئیندیاناپۆلیس و پەیامێکی گرنگی ئاراستە کردن سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد لە ژیان و خوێندندا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاریگەری تەکنەلۆژیا، پاپا ئاماژەی بەوەکرد کە ئامێرە مۆدێرنەکان سودبەخشن بۆ پەیوەندیکردن و فێربوون، بەڵام نابێت هەرگیز جێگەی پەیوەندییە راستەوخۆکان بگرنەوە.
پاپا لیۆ بە تایبەتی باسی لە مەترسییەکانی زیرەکی دەستکرد (AI) کرد و ئامۆژگاری گەنجانی کرد کە نابێت رێگە بدەن تەکنەلۆژیا توانا هزرییەکانیان لاواز بکات.
پاپا وتی: "ئاگاداربە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد سنور بۆ گەشەی مرۆیی و هزریت دانەنێت. دەبێت بە شێوەیەک بەکاریبهێنیت، کە ئەگەر سبەینێ ئەو تەکنەلۆژیایە نەما، هێشتا خۆت بتوانیت بیربکەیتەوە، دابهێنیت و بڕیار بدەیت".
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەر ئامێرێک دەبێت پاڵپشت بێت بۆ گەشەسەندنی هزری و فێربوون، نەک ببێتە رێگر لەبەردەمیدا و وتی: "لەبیرت بێت، زیرەکی دەستکرد هەرگیز جێگەی ئەو بەهرە تایبەتە ناگرێتەوە کە تۆ وەک مرۆڤ هەتە".
پاپا لیۆ داوای لە گەنجان کرد کە "بە ئاگاییەوە" مامەڵە لەگەڵ شاشەکان بکەن و دڵنیابنەوە لەوەی تەکنەلۆژیا خزمەتی ژیانیان دەکات، نەک ئەوان ببنە کۆیلەی تەکنەلۆژیا.



