دزێکی "دەموچاو داپۆشراو" لە ڤێرجینیا دەستگیر دەکرێت؛ هەموو ویسکییەکانی خواردەوە و لە دەستشۆرەکە خەوی لێکەوت
بەرەبەیانی شەممە، کاتێک کارمەندێکی فرۆشگای مەیفرۆشی لە ڤێرجینیا دەرگای دوکانەکەی کردەوە، تووشی شۆک بوو؛ شوێنەکە وەک ئەوە وابوو جەنگی تێدا روویدابێت، بوتڵە شکاوەکان، شلەی رژاو بەسەر زەوییەکەدا و سەقفێکی رووخاو، بەڵام "تاوانبارەکە" لە شوێنێکی چاوەڕواننەکراودا دۆزرایەوە.
دزەکە کە دەموچاوێکی داپۆشراوی هەبوو، مرۆڤ نەبوو، بەڵکو "راکۆن"ـێک بوو کە بەهۆی زۆری خواردنەوەی کحولەوە لەناو دەستشۆری فرۆشگاکەدا لە هۆش خۆی چوبوو
بەپێی راپۆرتەکان، راکۆنەکە لە سەقفی دوکانەکەوە کەوتووەتە خوارەوە و راستەوخۆ پەلاماری رەفەی خوارەوەی داوە کە تایبەت بووە بە "سکۆچ و ویسکی". دوای شکاندنی شووشەکان و خواردنەوەی بڕێکی زۆر، سەرخۆش بووە و نەیتوانیوە هەڵبێت.
سامانسا مارتن، ئەفسەری کۆنتڕۆڵکردنی ئاژەڵان کە گەیشتە شوێنی رووداوەکە، بە پێکەنینەوە دەڵێت: "من خۆم حەزم لە راکۆنە، بوونەوەرێکی بچووک و کۆمیدین. دیارە ئەمەیان لە سەقفەکەوە کەوتووەتە خوارەوە و دەستی کردووە بە تێکدان و خواردنەوەی هەموو شتێک."
ناوەندی پاراستنی ئاژەڵان لە ناوچەی هانۆڤەر ستایشی ئەفسەرەکەیان کرد بۆ مامەڵکردن لەگەڵ دۆخەکە و پشتڕاستیان کردەوە کە راکۆنەکە دوای خەوێکی باش، هۆشی خۆی هاتۆتەوە.
ناوەندەکە لە راگەیەندراوێکدا بە تەنزەوە نووسیویەتی: "دوای چەند سەعاتێک خەوتن و نەبوونی هیچ نیشانەیەکی برینداربوون (جگە لە سەرئێشەی دوای مەستی و بڕیارە هەڵەکانی ژیان)، بە سەلامەتی ئازاد کرا و گەڕێنرایەوە بۆ سروشت، هیوادارین تێگەیشتبێت کە شکاندن و چوونەژوورەوەی ماڵان چارەسەر نییە."
وێنەی دوکانەکە:

لە کاتێکدا مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی "بەرەوپێشچوون" دەکات، کۆشکی کرملین ساردتر دەڕوانێتە دۆخەکە؛ کۆبوونەوەی پێنچ سەعاتی وەفدی ئەمریکا لەگەڵ پوتن بەبێ رێککەوتنی کۆتایی تەواو بوو، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆکی روسیا بەر لە دانیشتنەکە هەڕەشەی لە ئەوروپا کرد.
رۆژی 2ـی کانونى یەکەم، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و جارید کوشنەر، زاوا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، گەیشتنە مۆسکۆ. ئامانجەکە روون بوو: دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین.
چاوەڕوانییەکی سێ سەعاتی:
بەپێی پلانەکە دەبوو کۆبوونەوەکە سەعات 5ـی ئێوارە دەستپێبکات، بەڵام ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا نزیکەی سێ سەعات وەفدەکەی لە چاوەڕوانیدا هێشتەوە، چونکە بەشداریی لە کۆڕبەندێکی وەبەرهێنان دەکرد و لەوێوە پەیامی توندی ئاراستەی ئەوروپا و کیێڤ دەکرد.
کاتێک دواجار کۆبوونەوەکە دەستیپێکرد، پێنچ سەعاتی خایاند. یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری پوتن کە بەشداربوو، دانیشتنەکەی بە "بەسوود و بنیاتنەر" وەسفکرد، بەڵام ئاوی کرد بە ئاگری گەشبینییەکاندا و وتی: "تا ئێستا هیچ رێگەیەک بۆ سازش و رێککەوتن نەدۆزراوەتەوە، هەرچەندە هەندێک لە پێشنیازەکانی ئەمریکا تاڕادەیەک جێی قبوڵن."
ناکۆکییەکە لەسەر چییە؟
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی (فۆکس نیوز)ـی راگەیاندووە کە "هەندێک پێشکەوتن" بەدیهاتووە بۆ ئەوەی بزانن ئۆکراینییەکان دەتوانن لەگەڵ چی هەڵبکەن. بەڵام پوتن پێشوەختە مەرجەکانی قورس کردووە؛ ئەو داوای کشانەوەی هێزەکانی ئۆکراین دەکات لەو ناوچانەی کە روسیا داگیری نەکردوون، مەرجێک کە بۆ کیێڤ قبوڵنەکراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو پلانەی وەفدی ئەمریکا (ویتکۆف و کوشنەر) کاری لەسەر دەکەن، رەشنووسێکی 28 خاڵییە کە مانگی رابردوو ئاشکرا کرا، تێیدا داوا لە ئۆکراین دەکات سنورێک بۆ قەبارەی سوپاکەی دابنێت و دەستبەرداری ئەندامبوون بێت لە هاوپەیمانیی ناتۆ.
نیگەرانییەکانی زێلێنسکی و هەڵوێستی ئەوروپا:
لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین بە وریايیەوە چاودێری دۆخەکە دەکات. ئەو رایگەیاندووە ئامادەیە لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە ئەگەر گفتوگۆکان بە باشی بڕۆن، بەڵام نیگەرانە لەوەی مۆسکۆ دانوستانەکان تەنیا بۆ لاوازکردنی سزاکان بەکاربهێنێت نەک بۆ ئاشتییەکی راستەقینە.
زێلێنسکی وتی: "ئەوان دەیانەوێت راستەوخۆ دوای کۆبوونەوەکە راپۆرتمان بدەنێ، هەموو شتێک لەسەر ئەوە دەوەستێت".
لەم نێوەندەدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پشتیوانی خۆی بۆ کیێڤ دووپاتکردەوە و هۆشداریدا لەوەی "هیچ پلانێک بەبێ بوونی ئەوروپییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ سەرکەوتوو نابێت".
شەشەمین دیدار لە ئاستی باڵا:
سەردانەکەی ویتکۆف بۆ مۆسکۆ یەکەمجار نییە، ئەمە شەشەمین کۆبوونەوەی ئاستی باڵایەتی لەگەڵ پوتن لەمساڵدا. ئێستا واشنتۆن و کیێڤ چاوەڕوانن ببینن ئایا پوتن دوایین وەشانی چوارچێوەی رێککەوتنەکە پەسەند دەکات یان نا، هەرچەندە شارەزایان ئاستی چاوەڕوانییەکانیان نزم کردووەتەوە.
پاپا لیۆ چواردەهەم کە یەکەم پاپای ئەمریکایە، داوای لە دۆناڵد ترەمپ کردووە، لەبری هێزی سەربازی، دیالۆگ یان فشاری ئابووری بەکاربهێنێت بۆ لابردنی نیکۆلاس مادۆرۆ لەسەر دەسەڵات.
ئەمڕۆ سێشەممە، پاپای ڤاتیکان کۆتایی بە گەشەتەکەی بۆ تورکیا و تورکیا و لوبنان هێنا و داوای ئاشتی لە هەموو لایەک کرد و وتی داوا لە لایەنە شەڕکەرەکان دەکەم دەستبەرداری چەک و توندوتیژی بن و پەنا بۆ مێزی دیالۆگ ببەن.
پاپا پەیامیکی ئاراستەی تەرمپ کرد و رایگەیاند ئەگەر واشنتۆن بیەوێت گۆڕانکاری لە ڤەنزوێلادا بکات، ئەوا دەبێت رێگەی دیکە تاقیبکاتەوە و بەکارهێنانی هێز تەنها ناسەقامگیری زیاتر دروست دەکات.
پاپا لوبنانیشی لەبیرنەکرد و رایگەیاند، پێشنیازی ئەوە دەکات کە حزبوڵای لوبنان دەستبەرداری چەک بن و بەشداری گفتوگۆ بکەن.
ئەم لێدوانانەی پاپا لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ لە چەند هەفتەی رابردوودا بەدوای بژاردەکاندا دەگەڕێت بۆ بەرپەرچدانەوەی مادۆرای سەرۆکی ڤەنزیۆلا و تۆمەتباری دەکات بە رۆڵی لە ناردنی مادە هۆشبەرەکان بۆ ئەمریکا، گەرچی بەردەوام مادۆرا ئەم تۆمەتە رەتدەکاتەوە، بەڵام پێشبینییەکان ئەوەدەخەنەڕوو هێرشکردن بۆ سەر ئەو وڵاتە لە سەعاتی سفردایە.
ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەوروپا ئەجێندای ئاشتیان نییە و ئەگەر بەدوای شەڕەوەن، ئەوا ئەوان ئێستا ئامادەی ئەوشەڕەن، ئاماژەی بەوەشکردوە ئەوروپا هەوڵی تێکدانی هەوڵەکانی ئیدارەی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی دەدەن.
ئەمرۆ سێشەممە، سەرۆکی روسیا لە دوای کۆنفرانسێکی ئابووری لە مۆسکۆ قسەی بۆ رۆژنامەنوسەکان کرد و رایگەیاند، وڵاتانی ئەوروپا "ئەجێندای ئاشتیانەیان نییە" و لە شەڕی ئۆکرایندا داواکارییەک پێشکەش دەکەن کە لەلایەن روسیاوە قبوڵکراو نییە.
ناوبرا پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی ئەوروپا کردوە و وتویەتی؛ ئەگەر ئەوان بەدوای شەڕەوەن، ئەوا روسیا لە ئێستاوە ئامادەیە بۆ ئەو شەڕە.
پوتن ئەوەشی خستوەتەڕوو، وڵاتانی ئەوروپا هەوڵەکانی ئیدارەی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی تێکدەدەن و نایانەوێت سەربگرێت.
سەرۆکی رووسیا بانگەشەی ئەوەی کرد، لە ئێستادا شاری پۆکرۆڤسک بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی روسیادایە و هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی روسیاشی بە نائاسایی ناوبرد، هۆشداریشی دا کە مۆسکۆ لە بەرانبەردا هێرشەکانی بۆ سەر بەندەر و کەشتییەکانی ئۆکراین فراوانتر دەکات و دەتوانن بەتەواوەتی لە دەریا دایانببڕن.
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا پشتڕاستیکردەوە کە نزیکەی 20 هەزار گوللـە و تەقەمەنییان لێ دزراوە، کە لە ناو بارهەڵگرێکی تایبەتدا بووە و ویستویەتی بیگوازێتەوە بۆ ناوەندێکی سەربازی، روداوەکە کاردانەوەی ناوخۆی و جیهانی لێ کەوتوەتەوە و بە شکستێکی گەورەی ئەمنی بۆ وڵاتەکە دادەنرێت، میدیاکان دەڵێن؛ وڵاتێک نەتوانێت چەکەکانی لە سنوری ی خۆیدا بپارێزیت چۆن دەتوانێت ئامادەکاری بکات بۆ جەنگ لەگەڵ روسیا؟
بە گوێرەی زانیارییەکان، شۆفیری بارهەڵگرەکە لە نزیک شارۆچکەی بێرگ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا پشویداوە، لەوکاتەدا دزەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوچەی بارهەڵگرەکە و چەند سندوقێک تەقەمەنی سەربازییان بردووە.
روداوەکە رایگشتی ئەڵمانیای جوڵاندوە و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەستیان کردوە بە لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانن، کە دزیەکە ئامانجدار بوە یاخود هەڕەمەکەی بووە.
لە سەرەتایی لێکۆڵینەوەکاندا، وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە پشتڕاستی کردوەتەوە، کە بەڵێندەران رێسا ئەمنییەکانیان پشتگوێ خستووە لە کاتی گواستنەوەی چەکەکاندا.
لە هەڵسەنگاندنێکی سەرەتاییدا بۆ روداوەکە دەرکەوتووە کە نزیکەی 10هەزار گولـلەی دەمانچەی نۆ ملم و چەندین دەمانچە و ژمارەیەکیش نارنجۆکی دوکەڵی دزراون لە بارهەڵگرەکەدا، کە بەرپرسان بە پێشێلکارییەکی ئەمنی جددی ناویانبردوە.
ئەم روداوە لە کاتێکدایە، ئەڵمانیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ خۆئامادەکردن بۆ جەنگی روسیا و چەندین هەنگاویشی بۆ ئەو مەبەستە ناوە، روداوەکە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی رووبەڕووی ئابڕوچونێکی ئەمنیی جددی کردوەتەوە، میدیاکان نوسیویانە؛ وڵاتێک ناتوانێت کەرەستەکانی خۆی لە سنوریی وڵاتکەی خۆیدا بپارێزێت چۆن دەتوانێت روبەڕوی روسیا ببێتەوە.
نەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاند ، دانوستانەكانی ئاشتی لەبارەی ئۆكراینەوە گەیشتوەتە قۆناغێكی كارا و پێویستە بەردەوام بێت .
ستیڤان دوجاریك وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاندووە، لە ئێستادا دانوستانی باش بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئۆكراین و روسیا هەیە و دانوستانەكان گەیشتوەتە قۆناغێكی كارا، هیواشیان هەیە كە ئەنجامێكی باشی هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر گرنگە دانوستانەكان بەردەوامییان هەبێت و رانەگیرێن تا ئەو كاتەی دەگەنە رێككەوتنی ئاگربەستی تەواوەتی و بەدیهێنانی ئاشتیەیەكی هەمیشەیی ، ئاشكراشیكردوە ، تا ئێستا پلانی ئاشتی ئەمریكا سەبارەت بە ئۆكراین نەخراوەتە بەردەم نەتەوەیەكگرتوەكان .
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا 'پنتاگۆن' رەزامەندیی لەسەر رێککەوتنێکی فرۆشتنی هەلیکۆپتەر بە سعودیە دەربڕی کە بەهاکەی دەگاتە نزیکەی ملیارێک دۆلار.
پێشتر هەردوو وڵات لە سەردانەکەی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ واشنتن، لە کۆشکی سپی رێککەوتننامەیەکی بەرگریی ستراتیژییان ئیمزا کردبوو.
رێککەوتننامەی بەرگریی ستراتیژی" هەوڵەکانی ریاز بۆ پەرەپێدانی پیشەسازییە سەربازییەکانی و بەرزکردنەوەی ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی بەهێزتر دەکات، لە رێگەی جێبەجێکردنی بوارەکانی هاوکاریی هاتووە لە رێککەوتننامە بەرگرییەکەدا.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای نیشتمانیی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی لافاوەوە لە ئیندۆنیزیا گەیشتەوە 631 کەس.
دەزگای نیشتمانیی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی ئیندۆنیزیا ئاشکرایکرد، بەهۆی لافای بەهێزەوە کە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە زیاتر لە ملیۆنێک کەس ئاوارەبوون و زیاتر لە 2600 کەسیش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی گیانلەدەستدان رووی لەبەرزبوونەوەکردووە و گەیشتوەتە 631 کەس.
دەزگاکە ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە 3.3 ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوتووە و ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی کاتی بۆ مانەوە.

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: پشکنینی ئێم ئاڕ ئای، کە مانگی رابردوو کردوومە ئەنجامەکەی نمونەی دەرچووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنجامەکانی پشکنینی تیشکی موگناتیسی ئێم ئاڕ ئای "نموونەیی" بووە، دەشڵێت؛ تاقیکردنەوەی توانای مێشکم ئەنجامداوە ونمرەیەکی زۆر باشم بەدەستهێناوە.
هاوکات کارۆلین لێڤیت وتەبێژی کۆشکی رایگەیاندووە، ئەنجامی پشکنینەکان دەریدەخات، ترەمپ هێشتا تەندروستییەکی جەستەیی زۆر باشی هەیە.
جێگەی ئاماژەیە، ترەمپ مانگی رابردوو لە ناوەندی پزیشکی نیشتمانی سەربازی والتەر رید، پشکینینی ئێم ئاڕ ئای ئەنجامداوە، بەڵام کۆشکی سپی رەتیکردووەتەوە وردەکاریی ئەوە بخاتەڕوو کە بۆچی ترەمپ پشکنینی تیشکی موگناتیسی ئەنجامداوە یاخو بۆ چ بەشێكی جەستەی بووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێشنیازێك بۆ دەركردنی كۆچەران لە وڵاتەكەی دەكات، بە ناونیشانی كۆچی پێچەوانە.
ترەمپ پێشنیازی كردووە كۆچی پێچەوانە لە ئەمریكا پەیڕەو بكرێت، ئەوەش بە مانای ئەوەی ئەو كۆچەرانەی لە وڵاتەكەدان دەربكرێن، چونكە زۆرێك هەن لە ناو ئەمریكا كە نابێت بمێننەوە. ترەمپ بە روونیش وتویەتی، دەمەوێت بچنە دەرەوە.
ئەو پێشنیازەی ترەمپ لە كاتێكدایە كە نیگەرانییەكان سەبارەت بە كۆچی نایاسایی بەرەو ئەمریكا زیادبوون، رۆژنامەی "نیویۆرك پۆست"یش لە وەزارەتی ناوخۆی ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە، زیاتر لە پێنج هەزار ئەفغانی لە ساڵی 2021ەوە گەیشتوونەتە ئەمریكا و هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی.
كارۆلین لیڤیت وتەبێژی كۆشكی سپیش وتویەتی، ژمارەیەك هاووڵاتی ئەفغانی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركراون، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش بە هەموو نێردەكانی وتووە كە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتی ئەفغانی رەتبكەنەوە.
سەرۆكی ئەمریكا چەند جارێك گۆڕانكاری لە پلانی ئاشتی ئۆكرایندا كردووە و تەنیا بەشێكی كۆمارییەكان پشتگیری دەكەن، ئەوروپیەكانیش بە لایەنگری روسیا تۆمەتباری دەكەن، میدیاكان ئاماژەیان بەوەكردووە كە پێدەچێت ترەمپ لە پلانەكەی پەشیمان بێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پلانە 28 خاڵییەكەی سەبارەت بە ئاشتی ئۆكراین بۆ 22 خاڵ كەمكردەوە و بەشێك لە كۆماریەكانیش لە پلانەكە ناڕازین و كۆنگرێسیش بە زۆرینەی دەنگ لەگەڵ ئەو پلانەدا نین.
بەشێك لە میدیا جیهانیەكان بڵاویانكردەوە، پێدەچێت ترەمپ پلانەكە بكشێنێتەوە و پەشیمان بێتەوە بەهۆی ئەوەی بەشێكی كەم لە كۆمارییەكان پشتگیری دەكەن و بەو شێوەیە ناتوانێت ئەو بابەتە لە كۆنگرێس تێبپەڕێنێت.
وڵاتانی ئەوروپا هەوڵی زۆر دەدەن بەشێك لە بڕگەكانی پلانەكە بگۆڕن بە تایبەت ئەو بڕگەی تایبەت بە رادەستكردنی بەشێك لە خاكی ئۆكراین.
ترەمپ رایگەیاندووە، ڤۆلۆدیمیر زێلنسكی سەرۆكی ئۆكراین نابینێت تا ئەو كاتەی پلانەكە پەسەند دەكات و ئەگەر بەو پلانە رازی نەبێت شەڕەكە بە یەك ئاڕاستە دەبێت و لە كۆتاییدا روسیا براوە دەبێت.
ئەوروپیەكان و ئۆكراینیەكان ترەمپ تۆمەتبار دەكەن بە لایەنگریكردنی روسیا و دەڵێن، سازشی زۆری بۆ كردوون، لە بەرانبەریشدا ترەمپ دەڵێت، روسیاش سازشی كردووە و ئامادەی ئاگربەستە و بەشێكی ئەو ناوچانەی لە ئۆكراین كۆنتڕۆڵی كردوون لێیان دەكشێتەوە.
هەفتەی رابردوو ترەمپ رایگەیاند، دوای كۆتایی هاتنی جەژنی سوپاسگوزاری پێویستە ئۆكراین بڕیاری كۆتایی لە بارەی پلانەكەوە بدات.
لە كۆتایی هەفتەی رابردوو لە ژنێڤی سویسرا گفتوگۆیەك لە نێوان ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و وەفدێكی ئۆكراین بەڕێوەچوو و رۆبیۆ وتی، پلانەكەی ترەمپ بۆ 19 خاڵ كەمكراوەتەوە و ئەم هەفتەیە دواهەمین رەشنووسی پلانەكەیان بەدەستدەگات.
هاوكات، ستڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، پێویستە روسیا گوێ لە ئۆپۆزسیۆن نەگرێت و پلانەكە پەسەند بكات.
وەفدێكی ئۆكراین بۆ تاوتوێكردنی ئاشتی وڵاتەكەیان گەیشتنە ئەمریكا و لەگەڵ رۆبیۆ و ویتكۆف كۆدەبنەوە و زێلینسكی رایگەیاندووە، وەفدی وڵاتەكەی لەلایەن وەزیری بەرگری پێشوی ئۆكراینەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و ئامانجەكانیان روونە و دەیانەوێت هەنگاوەكان خێرا بكرێن بۆ كۆتاییپێهێنانی ئەو جەنگەی روسیا لە 2022ـەوە دژی ئۆكراین بەرپا كردوە، بەڵام بەو مەرجەی لە شێوازی كۆتاییهاتنی جەنگەكەدا شكۆمەندی ئۆكراینیەكان پارێزراو بێت .
لە روداوێكی تەقەكردندا لە ئەمریكا لانیكەم چوار كەس كوژران و 10 كەسی دیكەش برینداربوون.
بە پێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی پۆلیسی سان هواكین لە ویلایەتی كالیفۆرنیا، لە كاتی كۆبوونەوەیەكی خێزانیی لە هۆڵێكی بۆنە و ئاهەنگەكان لە شاری ستۆكتۆن روداوێكی تەقەكردن رویداوە، بەهۆیەوە لانیكەم چوار كەس كوژران و زیاتر لە 10 كەسی دیكەش برینداربون.
پۆلیسی كالیفورنیا راشیگەیاند، پێدەچێت تەقەكردنەكە ئامانجدار بووبێت و بەهۆی ئەوەی كە تەقەكەرەكە دەستگیر نەكراوە، بۆیە پۆلیسی ناوچەكە ئامادەكاری كردووە بۆ بەرپەچدانەوەی هەر روداوێكی هاوشێوە لە ناوچەكەدا.
ئەمە لەكاتێكدا ساڵانە لە ئەمریكا ژمارەیەكی زۆر رودای تەقەكردن تۆمار دەكرێت، بەپێی زانیارییەكانی ئەرشیفی توندوتیژیی بە بەكارهێنانی چەك، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 337 حاڵەتی تەقەی بەكۆمەڵ لە سەرتاسەری ئەمریكادا رویداوە، لە هەر روداوێكیشدا لانیكەم چوار كەس كوژراون ئەمە جگە لە كوژرانی خودی تەقەكەرەكان.
سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت: دانوستکارەکانمان بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوتوون بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی ئاشتییەوە.
ڤۆلیدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، ئەرکەکە روونە و کۆتاییهێنان بەجەنگ بەشێوەیەکی خێرا و کاریگەر ئەو هەنگاوانەیە کە پێویستە بنرێت.
وتیشی، دەبێت هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئاشتی تەواوبکرێت، بۆ دیاریکردنی کۆتاییهێنان بە جەنگ کە کەرامەت ببپارێزێت.
زیلینسکی ئاماژەی بەوەشکرد، کیێڤ لەگەڵ واشنتۆن لەبارەی گونجاوترین رێگەی بنیاتنەرانە گفتوگۆی لەبارەی ئاشتییەوە کردووە.
بە لەبەرچاوگرتنی سوربوونی کیێڤ، پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکی دۆناڵد ترەمپ کە لە 28 خاڵ پێکهاتبوو، لە کاتی گفتوگۆکاندا لە جنێڤ لەگەڵ لێپرسراوانی ئەوووپی و ئەمریکی پێداچوونەوەی بۆ کرا، بەڵام هێشتا هەندێک پرسی هەڵپەسێردراو هەن کە پێویستە لە واشنتۆن چارەسەر بکرێن.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە ئاسمانی ڤەنزوێلا و دەوروبەری بە داخراو هەژمار بکرێت، کۆباش ئیدانەی راگەیاندنی داخستنی ئاسمانی ڤەنزوێلای کردوە و رایگەیاندوە؛ ئەمریکا دەیەوێت "حکومەتی شەرعی ڤەنزوێلا بڕوخێنێت".
ئەمڕۆ شەممە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، کە خۆی خاوەنداری دەکات بڵاویکردوەتەوە؛ "بۆ هەموو هێڵە ئاسمانییەکان و فڕۆکەوانان، هەموو ئەوانەی بازرگانیی مادە هۆشبەرن و بازرگانانی مرۆڤن، ئاسمانی ڤەنزوێلا و دەوروبەری بە تەواوی بە داخراو بزانن".
ئەم پەیامەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ نیکۆلاس مادۆرای سەرۆکی ڤەنزیۆلا بەرەوهەڵکشان دەچێت و وەک یەکەم کاردانەوەش کوبا ئیدانەی ئەو پەیامەی ترەمپی کردوە، جەختی لەوە کردەوەتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت "حکومەتی شەرعی ڤەنزوێلا بڕوخێنێت".
ماوەیەکە ئیدارەکەی ترەمپ فشارەکانی بۆ سەر ڤەنزوێلا چڕکردووەتەوە بە جێگیرکردنی هێزێکی زۆر لە ناوچەی کاریبی، لەنێویاندا گەورەترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری جیهان، لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر لە 20 کەشتی بە بیانیوی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 80 کەس گیانیان لەدەستداوە.
دوای کوشتنی ئەندامێکی پاسەوانی نیشتمانی؛ ئیدارەی ترەمپ بڕیارەکانی مافی پەنابەرێتی راگرت
چەند رۆژێک دوای رووداوی تەقەکردن لە نزیک کۆشکی سپی کە بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی پاسەوانی نیشتمانی و برینداربوونی یەکێکی دیکە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا سەرجەم بڕیارەکانی پەیوەست بە مافی پەنابەرێتی و پێدانی ڤیزا بە هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەفغانی رابگرێت.
لە رووداوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە روویدا، سارە بیکسترۆم، تەمەن 20 ساڵ گیانی لەدەستدا و ئەندرو وۆڵف، تەمەن 24 ساڵ بە سەختی بریندار بوو، کە هەردووکیان سەر بە پاسەوانی نیشتمانیی وێست ڤێرجینیا بوون و لە چوارچێوەی ئەرکەکانی پاراستنی ئاسایش لە شارەکە جێگیر کرابوون.
لێکۆڵەران بەدوای پاڵنەری رووداوەکەدا دەگەڕێن و تۆمەتبارەکە ناوی رەحمانوڵڵا لاکانوال-ە (29 ساڵ)، هاووڵاتییەکی ئەفغانییە و پێشتر لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) کاری کردووە. ئێستا رووبەرووی تۆمەتی "کوشتنی پلە یەک" و هەوڵی کوشتن بۆتەوە. جانین پیرۆ، داواکاری گشتیی ئەمریکا رایگەیاندووە "تۆمەتی زیاتریشی دەخرێتەپاڵ".
دۆناڵد ترەمپ هێرشەکەی بە "کاری تیرۆریستی" ناوبرد و رەخنەی توندی لە ئیدارەی بایدن گرت کە رێگەی بە هاتنەژوورەوەی ئەفغانییەکان داوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی زانیارییەکان، لاکانوال لە ساڵی 2021 لە سەردەمی بایدن گەیشتۆتە ئەمریکا، بەڵام لەمساڵدا و لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا مافی پەنابەرێتی پێدراوە.
جۆزێف ئێدلۆ، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی رەگەزنامە و کۆچ لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، بڕیارەکانی پەنابەرێتی رادەگیرێن تا دڵنیادەبنەوە لە پشکنینی وردی هەر بیانییەک. هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێدانی ڤیزایان بە هەموو هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەفغانی راگرتووە.
گروپە داکۆکیکارەکان نیگەرانن لەم بڕیارانە؛ شۆن ڤاندیڤەر، سەرۆکی گروپی #AfghanEvac دەڵێت: "ئیدارەی ترەمپ تاوانێکی تاکەکەسی کردۆتە بیانوو بۆ سزادانی تەواوی کۆمەڵگەیەک و ئەو سەربازە دێرینانەی شانیبەشانی هێزەکانی ئەمریکا خەباتیان کردووە".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا رایگەیاند، زۆرینەی رەهای ئەو بڕیار و مەرسومانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە لە سەردەمی جۆ بایدن دەرچوون، بەو پاساوەی بایدن خۆی ئیمزای نەکردوون و بە ئامێری "ئۆتۆپێن" (ئامێری ئیمزاکردنی ئەلیکترۆنی) لەلایەن کەسانی ترەوە واژۆ کراون.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "هەر بەڵگەنامەیەک بە ئۆتۆپێن لەلایەن جۆ بایدنی خەواڵووەوە ئیمزا کرابێت، کە دەکاتە نزیکەی 92%ی کۆی بڕیارەکان، لەمڕۆوە کۆتایی پێ دێت و هیچ کاریگەرییەکی یاسایی نامێنێت".
سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە بایدن (82 ساڵ) لە کۆتایی دەسەڵاتەکەیدا بەهۆی "تێکچوونی دۆخی دەروونی و تەمەنەوە" کۆنترۆڵی بەسەر ئیدارەکەیەوە نەبووە و کارمەندەکانی بە نایاسایی ئامێرەکەیان بەکارهێناوە.
ترەمپ هەڕەشەی ئەوەش دەکات: "جۆ بایدن ئاگاداری پرۆسەی ئیمزاکردنەکە نەبووە، ئەگەر بڵێت ئاگادار بووم، ئەوا بە تۆمەتی سوێندخواردنی درۆ دادگایی دەکرێت".
ململانێکانی ترەمپ لەگەڵ بایدن گەیشتۆتە ئاستێکی شەخسی؛ بەپێی زانیارییەکان ترەمپ لەم دواییانەدا لە نزیک باخچەی گوڵەکان لە کۆشکی سپی شوێنێکی بەناوی "رێڕەوی ناودارانی سەرۆکایەتی" دروستکردووە، بەڵام وێنەی جۆ بایدنی لێکردۆتەوە و لە شوێنەکەیدا وێنەی ئامێری "ئۆتۆپێن"ـەکەی داناوە.
تەنانەت لە سەردانەکەی ئەم مانگەیدا بۆ ئەمریکا، ترەمپ وێنەی ئامێرەکەی پیشانی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە داوە وەک گاڵتەپێکردنێک بە سەرۆکی پێشوو.
بەشێکی سەرەکی لە توڕەیی ترەمپ پەیوەندی بەو بڕیارانەوە هەیە کە بایدن پێش رۆیشتنی دەریکردوون، بەتایبەت بڕیاری "لێبوردنی پێشوەختە" بۆ ئەو سیاسەتمەدارانەی ئەندام بوون لە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی 6ی جێنیوەری (هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس).
ترەمپ دەڵێت: "ئەو لێبوردنانەی بایدنی خەواڵوو دەری کردوون بۆ ئەو گروپە سیاسییە چەتەیە، بە بەتاڵ و پوچەڵ دەزانم، چونکە بایدن نە ئیمزای کردوون و نە دەشزانێت چی تێدایە".
سەرەڕای بانگەشەکانی ترەمپ، شارەزایانی یاسایی دەڵێن قسەکانی سەرۆک بنەمای دەستورییان نییە. یاسای ئەمریکا مەرجی دانەناوە سەرۆک دەبێت بە قەڵەم و بە دەستی خۆی ئیمزا بکات، تەنانەت یاداشتێکی ساڵی 2005ی نووسینگەی راوێژکاری یاسایی دەڵێت: "پێویست ناکات سەرۆک بە جەستە ئیمزا بکات بۆ ئەوەی بڕیارێک ببێتە یاسا، دەکرێت فەرمان بە ژێردەستەیەکی بکات ئیمزاکەی لەسەر دابنێت".
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە جۆ بایدن ئاشکرای کردووە تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە و وەرگرتنی چارەسەری تیشکی وایکردووە کەمێک لە دەرکەوتنەکانی دووربکەوێتەوە.
لە بەرامبەردا، تەمەنی ترەمپیش (79 ساڵ) و دۆخی تەندروستی بووەتە جێی پرسیار. هەفتەی رابردوو رۆژنامەی نیویۆرک تایمز راپۆرتێکی لەسەر "ماندوێتی و نیشانەکانی پیربوون" لەسەر ترەمپ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە لە کۆبوونەوەکاندا خەوی لێدەکەوێت و دەرکەوتنەکانی کەمکردۆتەوە.
ترەمپ بە توڕەییەوە وەڵامی دایەوە و خانمە رۆژنامەنوسەکەی بە "ناشرین" وەسف کرد و وتی "پشکنینە جەستەیی و هزرییەکانم زۆر باش بوون".