لە روداوێكی تەقەكردندا لە ئەمریكا لانیكەم چوار كەس كوژران و 10 كەسی دیكەش برینداربوون.

بە پێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی پۆلیسی سان هواكین لە ویلایەتی كالیفۆرنیا، لە كاتی كۆبوونەوەیەكی خێزانیی لە هۆڵێكی بۆنە و ئاهەنگەكان لە شاری ستۆكتۆن روداوێكی تەقەكردن رویداوە، بەهۆیەوە  لانیكەم چوار كەس كوژران و زیاتر لە 10 كەسی دیكەش برینداربون.

پۆلیسی كالیفورنیا راشیگەیاند، پێدەچێت تەقەكردنەكە ئامانجدار بووبێت و بەهۆی ئەوەی كە تەقەكەرەكە دەستگیر نەكراوە، بۆیە پۆلیسی ناوچەكە ئامادەكاری كردووە بۆ بەرپەچدانەوەی هەر روداوێكی هاوشێوە لە ناوچەكەدا.

ئەمە لەكاتێكدا ساڵانە لە ئەمریكا ژمارەیەكی زۆر رودای تەقەكردن تۆمار دەكرێت، بەپێی زانیارییەكانی ئەرشیفی توندوتیژیی بە بەكارهێنانی چەك، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 337 حاڵەتی تەقەی بەكۆمەڵ لە سەرتاسەری ئەمریكادا رویداوە، لە هەر روداوێكیشدا لانیكەم چوار كەس كوژراون ئەمە جگە لە كوژرانی خودی تەقەكەرەكان.