دوای کوشتنی ئەندامێکی پاسەوانی نیشتمانی؛ ئیدارەی ترەمپ بڕیارەکانی مافی پەنابەرێتی راگرت

چەند رۆژێک دوای رووداوی تەقەکردن لە نزیک کۆشکی سپی کە بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی پاسەوانی نیشتمانی و برینداربوونی یەکێکی دیکە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا سەرجەم بڕیارەکانی پەیوەست بە مافی پەنابەرێتی و پێدانی ڤیزا بە هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەفغانی رابگرێت.

لە رووداوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە روویدا، سارە بیکسترۆم، تەمەن 20 ساڵ گیانی لەدەستدا و ئەندرو وۆڵف، تەمەن 24 ساڵ بە سەختی بریندار بوو، کە هەردووکیان سەر بە پاسەوانی نیشتمانیی وێست ڤێرجینیا بوون و لە چوارچێوەی ئەرکەکانی پاراستنی ئاسایش لە شارەکە جێگیر کرابوون.

لێکۆڵەران بەدوای پاڵنەری رووداوەکەدا دەگەڕێن و تۆمەتبارەکە ناوی رەحمانوڵڵا لاکانوال-ە (29 ساڵ)، هاووڵاتییەکی ئەفغانییە و پێشتر لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) کاری کردووە. ئێستا رووبەرووی تۆمەتی "کوشتنی پلە یەک" و هەوڵی کوشتن بۆتەوە. جانین پیرۆ، داواکاری گشتیی ئەمریکا رایگەیاندووە "تۆمەتی زیاتریشی دەخرێتەپاڵ".

دۆناڵد ترەمپ هێرشەکەی بە "کاری تیرۆریستی" ناوبرد و رەخنەی توندی لە ئیدارەی بایدن گرت کە رێگەی بە هاتنەژوورەوەی ئەفغانییەکان داوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی زانیارییەکان، لاکانوال لە ساڵی 2021 لە سەردەمی بایدن گەیشتۆتە ئەمریکا، بەڵام لەمساڵدا و لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا مافی پەنابەرێتی پێدراوە.

جۆزێف ئێدلۆ، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی رەگەزنامە و کۆچ لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، بڕیارەکانی پەنابەرێتی رادەگیرێن تا دڵنیادەبنەوە لە پشکنینی وردی هەر بیانییەک. هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێدانی ڤیزایان بە هەموو هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەفغانی راگرتووە.

گروپە داکۆکیکارەکان نیگەرانن لەم بڕیارانە؛ شۆن ڤاندیڤەر، سەرۆکی گروپی #AfghanEvac دەڵێت: "ئیدارەی ترەمپ تاوانێکی تاکەکەسی کردۆتە بیانوو بۆ سزادانی تەواوی کۆمەڵگەیەک و ئەو سەربازە دێرینانەی شانیبەشانی هێزەکانی ئەمریکا خەباتیان کردووە".