دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێشنیازێك بۆ دەركردنی كۆچەران لە وڵاتەكەی دەكات، بە ناونیشانی كۆچی پێچەوانە.

ترەمپ پێشنیازی كردووە كۆچی پێچەوانە لە ئەمریكا پەیڕەو بكرێت، ئەوەش بە مانای ئەوەی ئەو كۆچەرانەی لە وڵاتەكەدان دەربكرێن، چونكە زۆرێك هەن لە ناو ئەمریكا كە نابێت بمێننەوە. ترەمپ بە روونیش وتویەتی، دەمەوێت بچنە دەرەوە.

ئەو پێشنیازەی ترەمپ لە كاتێكدایە كە نیگەرانییەكان سەبارەت بە كۆچی نایاسایی بەرەو ئەمریكا زیادبوون، رۆژنامەی "نیویۆرك پۆست"یش لە وەزارەتی ناوخۆی ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە، زیاتر لە پێنج هەزار ئەفغانی لە ساڵی 2021ەوە گەیشتوونەتە ئەمریكا و هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی.

كارۆلین لیڤیت وتەبێژی كۆشكی سپیش وتویەتی، ژمارەیەك هاووڵاتی ئەفغانی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركراون، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش  بە هەموو نێردەكانی وتووە كە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتی ئەفغانی رەتبكەنەوە.