وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا پشتڕاستیکردەوە کە نزیکەی 20 هەزار گوللـە و تەقەمەنییان لێ دزراوە، کە لە ناو بارهەڵگرێکی تایبەتدا بووە و ویستویەتی بیگوازێتەوە بۆ ناوەندێکی سەربازی، روداوەکە کاردانەوەی ناوخۆی و جیهانی لێ کەوتوەتەوە و بە شکستێکی گەورەی ئەمنی بۆ وڵاتەکە دادەنرێت، میدیاکان دەڵێن؛ وڵاتێک نەتوانێت چەکەکانی لە سنوری ی خۆیدا بپارێزیت چۆن دەتوانێت ئامادەکاری بکات بۆ جەنگ لەگەڵ روسیا؟

بە گوێرەی زانیارییەکان، شۆفیری بارهەڵگرەکە لە نزیک شارۆچکەی بێرگ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا پشویداوە، لەوکاتەدا دزەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوچەی بارهەڵگرەکە و چەند سندوقێک تەقەمەنی سەربازییان بردووە.

روداوەکە رایگشتی ئەڵمانیای جوڵاندوە و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەستیان کردوە بە لێکۆڵینەوە  بۆ ئەوەی بزانن، کە دزیەکە ئامانجدار بوە یاخود هەڕەمەکەی بووە.

لە سەرەتایی لێکۆڵینەوەکاندا، وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە پشتڕاستی کردوەتەوە، کە بەڵێندەران رێسا ئەمنییەکانیان پشتگوێ خستووە لە کاتی گواستنەوەی چەکەکاندا.

لە هەڵسەنگاندنێکی سەرەتاییدا بۆ روداوەکە  دەرکەوتووە کە نزیکەی 10هەزار گولـلەی دەمانچەی نۆ ملم و چەندین دەمانچە و  ژمارەیەکیش نارنجۆکی دوکەڵی دزراون لە بارهەڵگرەکەدا،  کە بەرپرسان بە پێشێلکارییەکی ئەمنی جددی ناویانبردوە.

ئەم روداوە لە کاتێکدایە، ئەڵمانیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ خۆئامادەکردن بۆ جەنگی روسیا و چەندین هەنگاویشی بۆ ئەو مەبەستە ناوە، روداوەکە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی  رووبەڕووی ئابڕوچونێکی ئەمنیی جددی کردوەتەوە، میدیاکان نوسیویانە؛ وڵاتێک ناتوانێت کەرەستەکانی خۆی لە سنوریی وڵاتکەی خۆیدا بپارێزێت چۆن دەتوانێت روبەڕوی روسیا ببێتەوە.