کۆبوونەوەی 5 سەعاتی پوتن و کوشنەر بە بێ رێککەوتن کۆتایی هات
راهۆز
٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
لە کاتێکدا مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی "بەرەوپێشچوون" دەکات، کۆشکی کرملین ساردتر دەڕوانێتە دۆخەکە؛ کۆبوونەوەی پێنچ سەعاتی وەفدی ئەمریکا لەگەڵ پوتن بەبێ رێککەوتنی کۆتایی تەواو بوو، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆکی روسیا بەر لە دانیشتنەکە هەڕەشەی لە ئەوروپا کرد.
رۆژی 2ـی کانونى یەکەم، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و جارید کوشنەر، زاوا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، گەیشتنە مۆسکۆ. ئامانجەکە روون بوو: دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین.
چاوەڕوانییەکی سێ سەعاتی:
بەپێی پلانەکە دەبوو کۆبوونەوەکە سەعات 5ـی ئێوارە دەستپێبکات، بەڵام ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا نزیکەی سێ سەعات وەفدەکەی لە چاوەڕوانیدا هێشتەوە، چونکە بەشداریی لە کۆڕبەندێکی وەبەرهێنان دەکرد و لەوێوە پەیامی توندی ئاراستەی ئەوروپا و کیێڤ دەکرد.
کاتێک دواجار کۆبوونەوەکە دەستیپێکرد، پێنچ سەعاتی خایاند. یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری پوتن کە بەشداربوو، دانیشتنەکەی بە "بەسوود و بنیاتنەر" وەسفکرد، بەڵام ئاوی کرد بە ئاگری گەشبینییەکاندا و وتی: "تا ئێستا هیچ رێگەیەک بۆ سازش و رێککەوتن نەدۆزراوەتەوە، هەرچەندە هەندێک لە پێشنیازەکانی ئەمریکا تاڕادەیەک جێی قبوڵن."
ناکۆکییەکە لەسەر چییە؟
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی (فۆکس نیوز)ـی راگەیاندووە کە "هەندێک پێشکەوتن" بەدیهاتووە بۆ ئەوەی بزانن ئۆکراینییەکان دەتوانن لەگەڵ چی هەڵبکەن. بەڵام پوتن پێشوەختە مەرجەکانی قورس کردووە؛ ئەو داوای کشانەوەی هێزەکانی ئۆکراین دەکات لەو ناوچانەی کە روسیا داگیری نەکردوون، مەرجێک کە بۆ کیێڤ قبوڵنەکراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو پلانەی وەفدی ئەمریکا (ویتکۆف و کوشنەر) کاری لەسەر دەکەن، رەشنووسێکی 28 خاڵییە کە مانگی رابردوو ئاشکرا کرا، تێیدا داوا لە ئۆکراین دەکات سنورێک بۆ قەبارەی سوپاکەی دابنێت و دەستبەرداری ئەندامبوون بێت لە هاوپەیمانیی ناتۆ.
نیگەرانییەکانی زێلێنسکی و هەڵوێستی ئەوروپا:
لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین بە وریايیەوە چاودێری دۆخەکە دەکات. ئەو رایگەیاندووە ئامادەیە لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە ئەگەر گفتوگۆکان بە باشی بڕۆن، بەڵام نیگەرانە لەوەی مۆسکۆ دانوستانەکان تەنیا بۆ لاوازکردنی سزاکان بەکاربهێنێت نەک بۆ ئاشتییەکی راستەقینە.
زێلێنسکی وتی: "ئەوان دەیانەوێت راستەوخۆ دوای کۆبوونەوەکە راپۆرتمان بدەنێ، هەموو شتێک لەسەر ئەوە دەوەستێت".
لەم نێوەندەدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پشتیوانی خۆی بۆ کیێڤ دووپاتکردەوە و هۆشداریدا لەوەی "هیچ پلانێک بەبێ بوونی ئەوروپییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ سەرکەوتوو نابێت".
شەشەمین دیدار لە ئاستی باڵا:
سەردانەکەی ویتکۆف بۆ مۆسکۆ یەکەمجار نییە، ئەمە شەشەمین کۆبوونەوەی ئاستی باڵایەتی لەگەڵ پوتن لەمساڵدا. ئێستا واشنتۆن و کیێڤ چاوەڕوانن ببینن ئایا پوتن دوایین وەشانی چوارچێوەی رێککەوتنەکە پەسەند دەکات یان نا، هەرچەندە شارەزایان ئاستی چاوەڕوانییەکانیان نزم کردووەتەوە.



