راکۆنێک لە ڤێرجینیا بەسەر خۆشی هەڵدەکوتێتە سەر دوکانێک
راهۆز
٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
دزێکی "دەموچاو داپۆشراو" لە ڤێرجینیا دەستگیر دەکرێت؛ هەموو ویسکییەکانی خواردەوە و لە دەستشۆرەکە خەوی لێکەوت
بەرەبەیانی شەممە، کاتێک کارمەندێکی فرۆشگای مەیفرۆشی لە ڤێرجینیا دەرگای دوکانەکەی کردەوە، تووشی شۆک بوو؛ شوێنەکە وەک ئەوە وابوو جەنگی تێدا روویدابێت، بوتڵە شکاوەکان، شلەی رژاو بەسەر زەوییەکەدا و سەقفێکی رووخاو، بەڵام "تاوانبارەکە" لە شوێنێکی چاوەڕواننەکراودا دۆزرایەوە.
دزەکە کە دەموچاوێکی داپۆشراوی هەبوو، مرۆڤ نەبوو، بەڵکو "راکۆن"ـێک بوو کە بەهۆی زۆری خواردنەوەی کحولەوە لەناو دەستشۆری فرۆشگاکەدا لە هۆش خۆی چوبوو
بەپێی راپۆرتەکان، راکۆنەکە لە سەقفی دوکانەکەوە کەوتووەتە خوارەوە و راستەوخۆ پەلاماری رەفەی خوارەوەی داوە کە تایبەت بووە بە "سکۆچ و ویسکی". دوای شکاندنی شووشەکان و خواردنەوەی بڕێکی زۆر، سەرخۆش بووە و نەیتوانیوە هەڵبێت.
سامانسا مارتن، ئەفسەری کۆنتڕۆڵکردنی ئاژەڵان کە گەیشتە شوێنی رووداوەکە، بە پێکەنینەوە دەڵێت: "من خۆم حەزم لە راکۆنە، بوونەوەرێکی بچووک و کۆمیدین. دیارە ئەمەیان لە سەقفەکەوە کەوتووەتە خوارەوە و دەستی کردووە بە تێکدان و خواردنەوەی هەموو شتێک."
ناوەندی پاراستنی ئاژەڵان لە ناوچەی هانۆڤەر ستایشی ئەفسەرەکەیان کرد بۆ مامەڵکردن لەگەڵ دۆخەکە و پشتڕاستیان کردەوە کە راکۆنەکە دوای خەوێکی باش، هۆشی خۆی هاتۆتەوە.
ناوەندەکە لە راگەیەندراوێکدا بە تەنزەوە نووسیویەتی: "دوای چەند سەعاتێک خەوتن و نەبوونی هیچ نیشانەیەکی برینداربوون (جگە لە سەرئێشەی دوای مەستی و بڕیارە هەڵەکانی ژیان)، بە سەلامەتی ئازاد کرا و گەڕێنرایەوە بۆ سروشت، هیوادارین تێگەیشتبێت کە شکاندن و چوونەژوورەوەی ماڵان چارەسەر نییە."
وێنەی دوکانەکە:




