پوتن: ئەگەر ئەورووپا بە دوای شەڕەوەن، روسیا ئێستا ئامادەیە بۆ ئەو شەڕە
بڵند
٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەوروپا ئەجێندای ئاشتیان نییە و ئەگەر بەدوای شەڕەوەن، ئەوا ئەوان ئێستا ئامادەی ئەوشەڕەن، ئاماژەی بەوەشکردوە ئەوروپا هەوڵی تێکدانی هەوڵەکانی ئیدارەی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی دەدەن.
ئەمرۆ سێشەممە، سەرۆکی روسیا لە دوای کۆنفرانسێکی ئابووری لە مۆسکۆ قسەی بۆ رۆژنامەنوسەکان کرد و رایگەیاند، وڵاتانی ئەوروپا "ئەجێندای ئاشتیانەیان نییە" و لە شەڕی ئۆکرایندا داواکارییەک پێشکەش دەکەن کە لەلایەن روسیاوە قبوڵکراو نییە.
ناوبرا پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی ئەوروپا کردوە و وتویەتی؛ ئەگەر ئەوان بەدوای شەڕەوەن، ئەوا روسیا لە ئێستاوە ئامادەیە بۆ ئەو شەڕە.
پوتن ئەوەشی خستوەتەڕوو، وڵاتانی ئەوروپا هەوڵەکانی ئیدارەی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی تێکدەدەن و نایانەوێت سەربگرێت.
سەرۆکی رووسیا بانگەشەی ئەوەی کرد، لە ئێستادا شاری پۆکرۆڤسک بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی روسیادایە و هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی روسیاشی بە نائاسایی ناوبرد، هۆشداریشی دا کە مۆسکۆ لە بەرانبەردا هێرشەکانی بۆ سەر بەندەر و کەشتییەکانی ئۆکراین فراوانتر دەکات و دەتوانن بەتەواوەتی لە دەریا دایانببڕن.



