ترەمپ: 92%ی بڕیارەکانی بایدن پوچەڵدەکەمەوە
راهۆز
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا رایگەیاند، زۆرینەی رەهای ئەو بڕیار و مەرسومانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە لە سەردەمی جۆ بایدن دەرچوون، بەو پاساوەی بایدن خۆی ئیمزای نەکردوون و بە ئامێری "ئۆتۆپێن" (ئامێری ئیمزاکردنی ئەلیکترۆنی) لەلایەن کەسانی ترەوە واژۆ کراون.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "هەر بەڵگەنامەیەک بە ئۆتۆپێن لەلایەن جۆ بایدنی خەواڵووەوە ئیمزا کرابێت، کە دەکاتە نزیکەی 92%ی کۆی بڕیارەکان، لەمڕۆوە کۆتایی پێ دێت و هیچ کاریگەرییەکی یاسایی نامێنێت".
سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە بایدن (82 ساڵ) لە کۆتایی دەسەڵاتەکەیدا بەهۆی "تێکچوونی دۆخی دەروونی و تەمەنەوە" کۆنترۆڵی بەسەر ئیدارەکەیەوە نەبووە و کارمەندەکانی بە نایاسایی ئامێرەکەیان بەکارهێناوە.
ترەمپ هەڕەشەی ئەوەش دەکات: "جۆ بایدن ئاگاداری پرۆسەی ئیمزاکردنەکە نەبووە، ئەگەر بڵێت ئاگادار بووم، ئەوا بە تۆمەتی سوێندخواردنی درۆ دادگایی دەکرێت".
ململانێکانی ترەمپ لەگەڵ بایدن گەیشتۆتە ئاستێکی شەخسی؛ بەپێی زانیارییەکان ترەمپ لەم دواییانەدا لە نزیک باخچەی گوڵەکان لە کۆشکی سپی شوێنێکی بەناوی "رێڕەوی ناودارانی سەرۆکایەتی" دروستکردووە، بەڵام وێنەی جۆ بایدنی لێکردۆتەوە و لە شوێنەکەیدا وێنەی ئامێری "ئۆتۆپێن"ـەکەی داناوە.
تەنانەت لە سەردانەکەی ئەم مانگەیدا بۆ ئەمریکا، ترەمپ وێنەی ئامێرەکەی پیشانی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە داوە وەک گاڵتەپێکردنێک بە سەرۆکی پێشوو.
بەشێکی سەرەکی لە توڕەیی ترەمپ پەیوەندی بەو بڕیارانەوە هەیە کە بایدن پێش رۆیشتنی دەریکردوون، بەتایبەت بڕیاری "لێبوردنی پێشوەختە" بۆ ئەو سیاسەتمەدارانەی ئەندام بوون لە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی 6ی جێنیوەری (هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس).
ترەمپ دەڵێت: "ئەو لێبوردنانەی بایدنی خەواڵوو دەری کردوون بۆ ئەو گروپە سیاسییە چەتەیە، بە بەتاڵ و پوچەڵ دەزانم، چونکە بایدن نە ئیمزای کردوون و نە دەشزانێت چی تێدایە".
سەرەڕای بانگەشەکانی ترەمپ، شارەزایانی یاسایی دەڵێن قسەکانی سەرۆک بنەمای دەستورییان نییە. یاسای ئەمریکا مەرجی دانەناوە سەرۆک دەبێت بە قەڵەم و بە دەستی خۆی ئیمزا بکات، تەنانەت یاداشتێکی ساڵی 2005ی نووسینگەی راوێژکاری یاسایی دەڵێت: "پێویست ناکات سەرۆک بە جەستە ئیمزا بکات بۆ ئەوەی بڕیارێک ببێتە یاسا، دەکرێت فەرمان بە ژێردەستەیەکی بکات ئیمزاکەی لەسەر دابنێت".
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە جۆ بایدن ئاشکرای کردووە تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە و وەرگرتنی چارەسەری تیشکی وایکردووە کەمێک لە دەرکەوتنەکانی دووربکەوێتەوە.
لە بەرامبەردا، تەمەنی ترەمپیش (79 ساڵ) و دۆخی تەندروستی بووەتە جێی پرسیار. هەفتەی رابردوو رۆژنامەی نیویۆرک تایمز راپۆرتێکی لەسەر "ماندوێتی و نیشانەکانی پیربوون" لەسەر ترەمپ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە لە کۆبوونەوەکاندا خەوی لێدەکەوێت و دەرکەوتنەکانی کەمکردۆتەوە.
ترەمپ بە توڕەییەوە وەڵامی دایەوە و خانمە رۆژنامەنوسەکەی بە "ناشرین" وەسف کرد و وتی "پشکنینە جەستەیی و هزرییەکانم زۆر باش بوون".



