بەڵگەنامەیەک کە ئیمزای فلادمیر پوتنی لەسەرە بڵاوکراوەتەوە و داوای "چەسپاندنی زمان و ناسنامەی روسی" دەکات لە بەشێک لە ئۆکراین، کە مۆسکۆ لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوانیان داگیری کردوە و لە ئێشتادا لکانونی بە خاکی وڵاتەکەیەوە، بە گویرەی بەڵگەنامەکە پوتن داوادەکات رێوشوێنی پێویست جێبەجێبکرێت تا 2036 لەسەدا 95ی دانیشتوانی ئۆکراین روسی بن.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا بەڵگەنامەیەکی ئیمزاکردوە و فەرمانی بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کردووە زمان و ناسنامەی رووسی لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراین بەهێزتر بکەن و بەرەوپێشی ببەن.
ئاژانسی رۆیتەرز ئەمڕۆ چوارشەممە، بڵاویکردەوەتەوە بەڵگەنامەکە بەناونیشانی "ستراتیژی سیاسەتی نیشتمانی رووسیا تا ساڵی 2036" لە شێوەی فەرمانی سەرۆکایەتیدا بڵاوکراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەڵگەنامەکە داوای رێوشوێنی پێویست دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی تا ساڵی 2036 نزیکەی لەسەدا 95ی دانیشتوانی وڵاتەکە خۆیان وەک روسی بناسێنن.
ئەم هەنگاوەی روسیا لە کاتێکدایە، پەیوەندییە درێژخایەنەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین، تەنانەت پێش سەردەمی سۆڤیەت، بە شێوەیەکی نەریتی وایکرد بوو، هەندێک لە ئۆکراینییەکان لایەنگری زمانی روسی بن و زۆربەیان بە هەردوو زمانەکە قسە دەکەن، بەڵام لەدوای لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، ئەم جۆرە پەسەندکردنانە کەمبوونەتەوە و راپرسییەکان دەریدەخەن، کە بەکارهێنانی زمانی روسی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
هەرچەندە مۆسکۆ کۆنتڕۆڵی سەربازی تەواوی بەسەریاندا نییە، بەڵام لە ئێستادا ناوچەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا لەلایەن روسیاوە لکێنراون بە خاکەکەیەوە و لە ئۆکراین دابڕێندراون.
ئۆکراین ئامادەیی نیشاندەدات بە پاڵپشتی ئەمریکا و ئەوروپا رێککەوتنی ئاشتی بەرەوپێش ببات، سەرۆکی ئەوڵاتەش دەڵێت: لەو بارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دەکات.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی خاڵە هەستیارەکانی رێککەوتننامەکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، دەشڵێت؛ پێویستە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان بەشداری تێدابکەن، لەپێناو جێبەجێکردن و کارپێکردنی رێککەوتنەکە.
وتیشی، ئەنجامی بەرچاو بەدەستهاتووە لە رێککەوتنامەکە، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە تێیدا بکرێت.
زیلیسنکی داواش لە سەرکردە ئەوروپییەکان دەکات، چوارچێوەیەک دابڕێژن بۆ بڵاوکردنەوەی هێزی دڵنیایی لە ئۆکراین، هەروەها بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی کیێڤ تا ئەو کاتەی مۆسکۆ ئامادەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە نیشان دەدات.
پێشتر، کارۆلین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، ئەمریکا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە بەرەو گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی لە رێگەی کۆکردنەوەی ئۆکراین و روسیا لەسەر مێزی گفتوگۆ.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لێپرسراوێکی ئەمریکی جەختی لەوەکردووە، ئۆکراین رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر مەرجەکانی رێککەوتنی ئاشتی.
لە رووداوێكی كتوپڕ و مەترسیداردا، گڕكانی هایلی جوبی لە هەرێمی عەفار لە ئەسیوپیا، دوای نزیكەی 10 بۆ 12 هەزار ساڵ لە خامۆشی، لەناكاو تەقییەوە.
كاریگەری ئەو تەقینەوەیە تەنها لەناوخۆی ئەسیوپیا نەماوەتەوە، بەڵكو هەوری خۆڵەمێش و دووكەڵەكەی گەیشتووەتە ئاسمانی یەمەن، عومان، ئیمارات و تەنانەت بەرەو هندستان و پاكستان كشاوە و لە سەعاتەكانی سەرەتادا بووە هۆی تێكچوونی گەشتە ئاسمانییەكان.
ئەوەی ئەو رووداوە لە كارەساتێكی سروشتییەوە دەگۆڕێت بۆ پرسێكی زانستی و سیاسی ئاڵۆز، شوێنی جوگرافی و كاریگەرییە شاراوەكانی بەنداوی نەهزەیە كە وەك بۆمبێكی ئەتۆمی لەناو دڵی جیۆلۆجی زەویدا جێگیر كراوە.
ئەسیوپیا دەكەوێتە سەر ناوچەی سێگۆشەی عەفار كە ناوچەیەكی جیۆلۆجی زۆر هەستیارە و سێ پلێتی تەكتۆنی تیایدا بەیەك دەگەن و لە حاڵەتی جیابوونەوەدان.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەكەن، كۆكردنەوەی بڕێكی ئێجگار زۆر ئاو لە بەنداوی نەهزە كە ئێستا قەبارەكەی دەگاتە نزیكەی 64 ملیار مەتر سێجا، پەستانێكی ئێجگار گەورە بە ملیارەها تەن دەخاتە سەر توێكڵی زەوی.
ئەو دیاردەیە لە زانستدا بە چالاكی بومەلەرزەیی بەهۆی بەنداوەكانەوە ناسراوە، ئەوەش بە جۆرێك لە بوومەلەرزەی دەستكرد یان بوومەلەرزەی مرۆیی دادەنرێت، هەرچەندە زۆربەی ئەو بوومەلەرزانەی بەهۆی بەنداوەوە دروست دەبن زۆر بچووكن و مرۆڤ هەستیان پێ ناكات، بەڵام لە مێژوودا چەندین بوومەلەرزەی بەهێزیش تۆماركراون كە زیانیان هەبووە.
مێژوو سەلماندوویەتی بەنداوەكان دەتوانن كارەساتی سروشتی دروست بكەن، وەك بومەلەرزەكەی ساڵی 1967ی هندستان كە بەهۆی بەنداوی كۆیناوە رویدا و بە گوڕی 6.3 پلە و بەهۆیەوە 200 كەس گیانیانلەدەستدا كە تەنها 10.5 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدابوو، لەكاتێكدا بەنداوی نەهزە شەش هێندە گەورەترە، لەگەڵ بەنداوی كاریبا لە نێوان زامبیا و زیمبابۆی و بەنداوی زیپینگپوی چین كە هەریەكەیان بوونە هۆی بوومەلەرزە لەدوای پڕكردنیان.
ئەو فشارە گەورەیەی ئاوی ناو بەنداوی نەهزە لەسەر ناوچەیەك كە خۆی لە رووی جیۆلۆجییەوە پڕە لە درز و گڕكانی خامۆش، ئەگەری هەیە بووبێتە هۆكاری جوڵاندنی چینەكانی ژێرەوە و دۆزینەوەی رێڕەوێك بۆ دەرچوونی ماگما و تەقینەوەی گڕكانەكە.
ماگما تێكەڵەیەكە لە بەردی شل، گازە تواوەكان و هەندێك جار كریستاڵی كانزایی كە لە قوڵایی ژێر توێكڵی زەویدا بوونی هەیە، بەهۆی پەستانی زۆرەوە دەتەقێتەوە و تەقینەوەی گڕكانی لەسەر ڕووی زەوی دروستدەكات.
ئەندازیاران پێش دروستكردنی هەر بەنداوێكی گەورە، دەبێت لێكۆڵینەوەی وردی جیۆلۆجی بۆ ناوچەكە بكەن بۆئەوەی دڵنیابن دروستكردنی بەنداوەكە مەترسیی چالاككردنی هێڵی بوومەلەرزەی لێ ناكەوێتەوە.
سەرەڕای مەترسییەكان، حكومەتی ئەسیوپیا بەبێ هیچ سیستمێكی ئاگاداركردنەوە و بەبێ شەفافییەت مامەڵە دەكات، وڵاتانی دراوسێشی باجی ئەو سیاسەتە و پیسبوونی ژینگە دەدەن، ئەوەش مەترسی ئەوە زیاد دەكات كە پڕكردنی بەردەوامی بەنداوەكە لەسەر ناوچەیەكی چالاكی جیۆلۆجی، كارەساتی گەورەتری بەدوادا بێت.
وەزیری دەرەوەی روسیا دەڵێت: ڤلادیمێر پوتن کەسێکی زۆر راستگۆیە لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ هاوبەشە ئەورووپییەکان، بەڵام ئەوروپا دەیانەوێت فێڵ لە روسیا بکەن.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، ئەوان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رۆژئاوا گومانێکی زۆریان هەبوو، لە سەرەتای دوو دەیەی 2000 و 2010، پاشان ئەو گومانانە وردە وردە دەستیان کرد بە کاڵبوونەوە، بەڵام ئەوان هەمیشە هیوایان هەبووە، بەتایبەتی لە توانای هاوبەشەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکان لە نێوان روسیا و رۆژئاوا.
وتیشی، تەنانەت ئەوەی پوتن زۆر جەختی لەسەر کردەوە پاکی و راستگۆیی ئەوان بوو بەتایبەتی لەناو ریزەکانی هاوبەشە ئەورووپییە رۆژئاواییەکاندا.
لاڤرۆڤ ئەوەشی خستەڕوو، هەموو ئەو هیوایانە بەرانبەر رۆژئاوا، لە شوباتی 2022دا کاڵبوونەوە، لەو کاتەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رۆژئاوا وەک پێش شوباتی 2022 نابنەوە، دەشڵێت، روسیا هەمیشە نەرمی نواندووە تا ئەو کاتەی بۆی دەرکەوت هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەمدا نەماوەتەوە جگە لە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی تایبەت.
حکومەتی نیوزلەندا پلانێکی نوێی بۆ رزگاربوون و لەناوبردنی تەواوەتی 2.5 ملیۆن پشیلەی کێوی تا ساڵی 2050 راگەیاند، ئەوەش بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی ئەو ئاژەڵانە بە سیستمی ژینگەیی وڵاتەکەی دەگەیەنن.
تاما پۆتاکا، وەزیری پاراستنی سروشت رونی دەکاتەوە، "ئەم هەنگاوە یەکەم زیادکردنی جۆرێکی نوێی ئاژەڵە بۆ ستراتیژیی (خاڵیبوون لە ئاژەڵی دڕندە 2050) کە وڵاتەکە لە ساڵی 2016ەوە وەک بەرنامەیەکی نیشتمانی جێبەجێی دەکات".
وەزیرەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پشیلە کێوییەکان دەخرێنە هەمان لیستی ئاژەڵە زیانبەخش و دڕندەکانی وەک مشک و جۆرەکانی تر و بەرنامەی فراوان و رێکخراو بۆ کۆنترۆڵکردنیان جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە لە ئاداری 2026 پلانێکی ورد بۆ چۆنێتی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بڵاوبکرێتەوە.
بەپێی مەزەندەکان، نزیکەی 2.5 ملیۆن پشیلەی کێوی لە دارستان و دورگەکانی نیوزلەندا دەژین و کێشی هەندێکیان دەگاتە 7 کیلۆگرام، ئەم پشیلانە کاریگەری خراپیان لەسەر هەمەچەشنی ژینگەیی هەیە و مەترسییان بۆ سەر جۆرە دەگمەنەکانی باڵندە و شەمشەمەکوێرە دروستکردووە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە راپرسییەکان دەریانخستووە لە سەدا 90ی بەشداربووان پشتیوانی لە کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاژەڵانە دەکەن، هەرچەندە پلانەکە پشیلەی ماڵی (ماڵی هاووڵاتیان) ناگرێتەوە، بەڵام نیوزلەندا کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین پشیلەی ماڵییان هەیە، روبەڕوی ئاڵنگاری دەبێتەوە لە رێکخستنی خاوەندارێتییان.
لەلایەکی ترەوە، کۆمەڵە و رێکخراوەکانی پاراستنی مافی ئاژەڵان نیگەرانی خۆیان نیشانداوە لەوەی "کوشتن" وەک رێگەی سەرەکی بەکاربهێنرێت و داوای رێگەی "مرۆڤانەتر" دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنیان، وەک نەزۆککردن و دانانی چیپی ئەلیکترۆنی و دەرکردنی یاسایەک بۆ پابەندکردنی خاوەن پشیلەکان بەوەی ئاژەڵەکانیان لە ماڵەوە بهێڵنەوە.
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ئەفریقا باسی لە راگەیاندنی ئاگربەستێكی سێ مانگی لە سودان كرد، ئەمڕۆ هێزەكانی پشتیوانی خێرا لە سودان پابەندبوونیان بە ئاگربەست راگەیاند، بەڵام سوپای سودان رەتیدەكاتەوە.
ئەحمەد حەمدان دەقلو، فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانی خێرا لە سودان پابەندبوونی هێزەكەی بە ئاگربەستێكی مرۆیی بۆ ماوەی سێ مانگ راگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ هەوڵە نێودەوڵەتییەكان، سەرجەم چالاكییە سەربازییەكانیان رادەگرن و پابەند دەبن بە ئاسانكاریی بۆ گەیشتنی تیمە پزیشكی و نێودەوڵەتییەكان بە مەبەستی گەیاندنی فریاگوزاریی و پێداویستییە مرۆییەكان بە سودان.
حەمدان دەقلو رەزامەندی لەسەر پێكهێنانی میكانیزمێكی چاودێری نێودەوڵەتی لە سودان دەربڕیوە و دەشڵێت، لارییان لە بەشداریی هیچ لایەنێك لە پرۆسەی سیاسیی سوداندا نییە، جگە لە بزتنەوەی ئیسلامی و ئیخوان موسلمین.
لە بەرامبەریشدا، سوپای سودان ئاگربەستە سێ مانگییەكە رەتدەكاتەوە و رایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە شەڕ تا هێزەكانی پشتیوانی خێرا لەناو دەبەن.
دۆزینەوەی نوسخەیەکی دەگمەنی ژمارە یەکی گۆڤاری "سوپەرمان" لەناو کەلوپەلەکانی دایکیاندا، ژیانی سێ برای لە ئەمریکا گۆڕی و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کردیانی بە خاوەنی سەروەتێکی گەورە.
ئەو سێ برایە لە کاتی پاککردنەوەی کۆگای ماڵی دایکی کۆچکردوویان لە سانفرانسیسکۆ، سندوقێکی کارتۆنییان لەژێر تۆز و خۆڵ و داوی جاڵجاڵۆکەدا دۆزیەوە، کە نوسخەیەکی دەگمەنی "سوپەرمان"ـی تێدابوو و مێژووەکەی بۆ ساڵی 1939 دەگەڕێتەوە.
گۆڤارەکە لەم مانگەدا لەلایەن خانەی زیادکردنی "هێریتاج" لە ویلایەتی تەکساس خرایەڕوو و بە بڕێکی خەیاڵی و پێوانەیی فرۆشرا، کە بە یەکێک لە گرانترین نوسخەی گۆڤارە مصورەکان (کۆمیکس) دادەنرێت لە مێژوودا.
بەوتەی لۆن ئالێن، جێگری سەرۆکی بەشی چیرۆکەکان لە خانەی هێریتاج، دایکی ئەو سێ برایە پێشتر ئاگاداری کردبوونەوە کە خاوەنی کۆمەڵێک گۆڤاری بەنرخە کە خۆی و براکەی پێش جەنگی جیهانیی دووەم کۆیانکردووەتەوە، بەڵام کوڕەکانی گرنگییان پێنەداوە تا ئەو کاتەی بڕیاریاندا خانووەکە بفرۆشن و پشکنینیان بۆ کەلوپەلەکان کرد.
دوای دۆزینەوەی سندوقەکە، براکان پەیوەندییان بە خانەی زیادکردنەکەوە کردووە و لۆن ئالێن راستەوخۆ سەردانی کردوون، دوای پشکنین دەرکەوتووە کە نوسخەکە رەسەنە و لەلایەن کۆمپانیای "دیتێکتیڤ کۆمیکس"ـەوە دەرچووە و تا ئێستا بە پارێزراوی و پاکی ماوەتەوە.
پۆلیسی باشوری یۆرکشایەر لە بەریتانیا رایگەیاند، مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵان لە شاری شێفیڵد تەقەی لێکراوە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە دۆخێکی مەترسیداردایە، و تا ئێستاش ئەنجامدەری روداوەکە دەستگیرنەکراوە.
بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە؛ روداوەکە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، کەمێک پێش سەعات 5:20 خولەک لە شەقامی "لەندەن رۆد" رویداوە، دوای گەیشتنی تیمەکانی فریاگوزاری، بریندارەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و رێوشوێنی پێویست بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارەکە دەستپێکراوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لێکۆڵەری پۆلیسی ناوچەکە روداوەکەی بە "کارەساتێکی ترسناک" وەسفکرد و رایگەیاند، تیمێکی تایبەت لە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس بە شەو و رۆژ کار دەکەن بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری هێرشەکە و دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە.
سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت: بەشداری لە هەر هەوڵێکی دیپلۆماسی دەکەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لەنێوان روسیا و ئۆکراین.
نوسینگەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، هاوتا روسییەکەی ئەنجامداوە و رایگەیاند، ئەنکەرە بەشداری لە هەر هەوڵێکی دیپلۆماسیدا دەکات بۆ ئاسانکاری پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان روسیا و ئۆکراین، هەروەها گەیشتن بە ئاشتییەکی "دادپەروەرانە و بەردەوام".
لە لای خۆیەوە، کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن' ئاشکرایکرد، سەرۆکی روسیا و هاوتا تورکییەکەی گفتوگۆیان کردووە لەبارەی پێشنیازی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆکراین.
کرملن ئەوەشی خستەڕوو، پوتن ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پێشنیازانە، بەو شێوەیەی کە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە، لەگەڵ ئەو گفتوگۆیانەدا یەکدەگرنەوە کە لە لوتکەی روسیا-ئەمریکا لە ئالاسکا ئەنجامدراون، و لە بنەڕەتدا دەتوانن بنەمایەک بن بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە.
کرملن ئاشکرایکرد، بەرژەوەندی لایەنی روسی لە چارەسەرێکی سیاسی و دیپلۆماسیدا بۆ قەیرانی ئۆکراین.
کرملن جەختی لەسەر پابەندبوونی ئەردۆغان کردەوە بە پشتگیریکردنی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان کیێڤ و مۆسکۆ بە هەموو شێوەیەک، و پێشنیازی ئەنجامدانی گفتوگۆی نوێ لە ئیستەنبوڵ کرد، کە پێشتر لەمساڵدا میوانداری سێ خولی گفتوگۆی ئاشتی لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، ئیدارەکەی خەریکی داڕشتنی کۆتا بەڵگەنامەکانە بۆ ئەوەی بە فەرمی "کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین" وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی بناسێنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی مانگ، ترەمپ بە ماڵپەڕی "جەست زە نیوز"ی راگەیاند، پۆڵێنکردنی ئیخوان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی "بە بەهێزترین دەستەواژەکان ئەنجام دەدرێت و ئێستا خەریکی ئامادەکردنی بەڵگەنامەی کۆتایین".
ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو، "گرێگ ئابۆت" پارێزگاری ویلایەتی تێکساس، هەریەکە لە ئیخوان موسلیمین و ئەنجومەنی پەیوەندییە ئەمەریکی-ئیسلامییەکان (CAIR)ی وەک رێکخراوی تیرۆریستی ناساند و بڕیاریدا رێگرییان لێ بکرێت لە کڕینی هەر جۆرە موڵکێک لەو ویلایەتەدا.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە پرۆسەی خستنە لیستی تیرۆری ئیخوان "لەسەر مێزەکەیە"، بەڵام پرۆسەیەکی وردە و کاتی دەوێت، بەهۆی بوونی لق و پۆی زۆر لە جیهاندا.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، ژمارەیەک لە سیناتۆر و ئەندامانی کۆنگرێس پرۆژەیاسای "ناساندنی ئیخوان وەک رێکخراوی تیرۆریستی" بۆ ساڵی 2025 پێشکەش کردووەتەوە و هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئەو رێکخراوە "مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا".
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی (CAIR) رەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبێت و سکاڵای یاسایی دژی حکومەتی تێکساس تۆمار کردووە، بە پاساوی ئەوەی بڕیارەکە پێشێلکردنی مافی دەستوورییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توند لە بەرپرسانی کیێڤ دەگرێت و رایدەگەیەنێت، سەرکردەکانی ئۆکراین هیچ جۆرە سوپاسگوزاری و پێزانینێکیان بۆ هەوڵەکانی ئەمریکا نیشان نەداوە، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە میراتگری جەنگێکە "نەدەبوو هەرگیز رووبدات".
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین جەنگێکی توندوتیژ و ترسناکە، ئەگەر سەرکردایەتییەکی بەهێز و گونجاو لە ئەمریکا و ئۆکراین هەبوایە، هەرگیز رووی نەدەدا".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، جەنگەکە پێش ئەوەی ئەو دەستبەکاربێت بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی و لە سەردەمی ئیدارە "خاوەکەی" جۆ بایدندا دەستیپێکردووە و دۆخەکەیان خراپتر کردووە.
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا دەڵێت: "ئەگەر هەڵبژاردنەکەی 2020 نەدزرایە و ساختە نەکرایە، پوتن هەرگیز پەلاماری نەدەدا، تەنها کاتێک بینی من کشاومەتەوە وتی (ئێستا دەرفەتە)، ئەوەی تریش مێژووە و تا ئێستا بەردەوامە".
سەبارەت بە دۆخی ئێستای جەنگەکە و هەڵوێستی ئۆکراین، ترەمپ بە توڕەییەوە نووسیویەتی: "من جەنگێکم بۆ مایەوە کە بۆ هەموو لایەک دۆڕاوە، بەتایبەت بۆ ئەو ملیۆنان کەسەی بەبێ هۆکار گیانیان لەدەستدا، کەچی سەرکردەکانی ئۆکراین هیچ پێزانینێکیان بۆ هەوڵەکانی ئێمە دەرنەبڕیوە".
لە کۆتاییدا ترەمپ رەخنەی لە ئەوروپا گرتووە کە هێشتا نەوت لە روسیا دەکڕن، هەروەها رەخنەی لە ئیدارەی پێشوو گرتووە و دەڵێت: "ئەمریکا بە ملیار دۆلار چەکی بەخۆڕایی داوەتە ئۆکراین، جۆی گەندەڵ هەموو شتێکی بەخۆڕایی پێدان، تەنانەت پارەیەکی زۆریش".
ئاشکرابوونی دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی کە تێیدا دۆستە نزیکەکانی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین تێوەگلاون، وەک ئاماژەیەکی بەهێز بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ و ملکەچبوونی کیێڤ بۆ مەرجەکانی روسیا لێکدەدرێتەوە.
رۆژی 10ی تشرینی دووەم، دەسەڵاتی دژە گەندەڵی ئۆکراین (NABU) کە لەلایەن رۆژئاواوە پشتیوانی دەکرێت، رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی 100 ملیۆن دۆلار دەکەن لە کەرتی وزەی وڵاتەکەدا. بەپێی راپۆرتەکان، "تەیمور میندیچ" هاوبەشی بازرگانیی زێلێنسکی و دوو وەزیری حکومەت و تەنانەت "ئەندرێ یەرماک"، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکایەتیش لە لیستی گومانلێکراواندان.
شێوازی ئاشکراکردنی دۆسیەکە کە زۆر بە هێواشی و ستراتیژییانە بەڕێوەدەچێت، گومانەکان بۆ ئەوە دەبەن کە ئەمە پیلانێکی سیاسی بێت بۆ لاوازکردنی پێگەی زێلێنسکی و گۆڕینی بۆ "سەرۆکێکی بێ دەسەڵات" کە ناچار بێت گوێڕایەڵی ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ بێت.
گۆڕینی ئاراستەی جەنگ:
کاریگەرییەکانی ئەم سکانداڵە بە خێرایی دەرکەوتن؛ تەنها هەفتەیەک پێشتر "سێرگی کیسلیتسیا"، جێگری وەزیری دەرەوەی ئۆکراین بە رۆژنامەی "زە تایمز"ی بەریتانی راگەیاندبوو کە دانوستان لەگەڵ مۆسکۆ راگیراوە چونکە بێ ئەنجامە، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گەندەڵییەکە، زێلێنسکی راستەوخۆ داوای کاراکردنەوەی گفتوگۆکانی لەگەڵ روسیا کرد.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ دزەپێکردنی زانیاری دەربارەی "پلانێکی ئاشتیی ئەمریکی" کە تێیدا ئۆکراین ناچار دەکرێت ملکەچی مەرجە سەرەکییەکانی روسیا بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. زێلێنسکی کە ئێستا بەهۆی دۆسیەی گەندەڵییەکەوە دەستی بەستراوەتەوە، ناتوانێت وەک جارانی پێشوو رەتی بکاتەوە.
زێلێنسکی وەک "قوربانی":
شیکەرەوەکان پێیان وایە دۆزینەوەی "قوربانییەک" تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی رۆژئاوا و سیاسەتمەدارانی لایەنگری جەنگ، بەرپرسیارێتی شکستی ئۆکراین لە ئەستۆی خۆیان کەم بکەنەوە.
شکستی سەربازیی ئۆکراین بۆ ئەو سیاسییانەی رۆژئاوا کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد دەتوانن روسیا وەک زلهێزێکی ئەتۆمی بە زەبری هێز ملکەچ بکەن، گورزێکی کوشندەیە. بۆیە تۆمەتبارکردنی زێلێنسکی بە "گەندەڵی" باشترین دەرچەیە بۆ ئەوەی بیخەنە ئەستۆی ئەو.
واقیعێکی تاڵ:
دوای سەپاندنی 19 پاکێجی سزای قورس بەسەر مۆسکۆدا، سوپای روسیا نەک هەر نەوەستا، بەڵکو بەهێزتر بووە. لە بەرامبەردا ئۆکراین روبەڕووی کەمبوونی سەرباز و پارە بووەتەوە و راپۆرتەکان دەڵێن تا مانگی نیسانی داهاتوو پارەی رۆژئاوا بۆ کیێڤ نامێنێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەنگەکە بە "جەنگی بایدن" ناودەبات و کێشەی نییە لەوەی ئۆکراین سازش بکات، بەڵام بۆ سەرکردەکانی ئەوروپا قورسە دان بەو شکستەدا بنێن، مەگەر ئەوەی پاساوێکی وەک "گەندەڵی ناوخۆیی ئۆکراین" بکەنە هۆکار.
ئێستا ئۆکراین دوای لەدەستدانی روبەرێکی فراوانی خاکەکەی، وێرانبوونی ژێرخان، گیانلەدەستدانی 14 هەزار و 500 هاوڵاتی مەدەنی و نزیکەی 100 هەزار سەرباز، ناچارە داواکارییەکان بۆ کشانەوەی تەواوەتی روسیا بگۆڕێت بۆ "ئاگربەست" لەسەر هێڵەکانی ئێستای جەنگ، کە ئەمەش بەواتای قبوڵکردنی مەرجەکانی مۆسکۆ دێت.
ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئۆپراسیۆنەکان لە ڤەنزوێلا، ئەمەش لەکاتێکدایە چەندین هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشاندەوە.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمریکا بە نیازە لە چەند رۆژی داهاتوودا قۆناغێکی نوێی ئۆپراسیۆنەکانی لە ڤەنزوێلا بگرێتەبەر و دۆناڵد ترەمپ فشارەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاد بکات.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ترەمپ ئامادەیە هەموو توانایی هێزی ئەمریکا بەکاربهێنێت بۆ راگرتنی لێشاوی مادە هۆشبەرەکان بۆ ناو وڵاتەکەیان و رادەستکردنی لێپرسراوانی ئەو کارە بە دادگا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چەندین هێڵی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی گەشتەکانیان بۆ ڤەنزوێلا هەڵوەشاندووە و بەپێی ئەو بەپێی ئەو نەخشەیەی گەشتی فڕۆکەوانی بڵاویکردووەتەوە، لەئێستادا هیچ فڕۆکەیەک بە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا نافڕێت، ئەمەش بەهۆی زیاکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سنوری ئەو وڵاتە و رووبەڕووبونەوەی بازرگانانی مادەی هۆشبەر لە دەریای کاریبی.
نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا، لە ساڵی 2013ـەوە حوکمڕانی ڤەنزوێلا دەکات، بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە ترەمپ دەیەوێت لە دەسەڵات دووری بخاتەوە و هاووڵاتیانی کاراکاس بەرەنگاری هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە دەبنەوە.
بۆ باسكرد لە پلانی ئاشتی لە ئۆكراین، ئەمڕۆ وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپا لە ژنیێڤ كۆدەبنەوە، واشنتۆنیش دەڵێت: پلانەكە لیستی داواكانی روسیا نییە.
ماڵپەڕی ئاكسیۆسی ئەمریكی ئاشكرایكرد، بریارە ئەمرۆ لە ژنێڤ دانوستانێكی پێنچ قۆڵی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا لە بارەی پلانەكەی ئەمریكا بۆ ئاشتی لە ئۆكراین بەرێوەبچێت.
ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیارە راوێژكارانی ئاسایشی نیشتمانی لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و بەریتانیا و ئەندری یەرماك، سەرۆكی ئەركانی ئۆكراین بەشداری دانوستانەكانی جنێڤ بكەن، ئەمە جگە لە ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و هەروەها ستیڤ ویتكۆف نوێنەری كۆشكی سپی بەشداری لە دانوستانەكان دەكەن.
هاوكات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەوە كردەوە كە پلانە 28 خاڵیەكە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆكراین لیستی ئارەزووەكانی روسیا نییە،ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، بەشێك لە سیناتۆرەكانی ئەمریكا رایانگەیاندبوو بە پێی وتەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەو پلانەی ترەمپ، پلانی ئیدارەی ئەمریكا نییە بەڵكو لیستی خواستەكانی روسیایە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشنیازی ئێستای بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین کۆتا رێگەنییە و پلانێکە پێویستی بەوەیە کاری زیاتری لەسەر بکرێت، ئاماژەیبەوەشکرد ئەگەر زێلێنسکی پلانەکەی قبوڵ نەکات، تا ئەو کاتەی بیەوێت دەتوانێت شەڕ بکات.
ئەمڕۆ شەممە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند؛ جەنگی نیوان روسیا و ئۆکرانیا دەبێت کۆتایی بێت بە هەرجۆرێک بێت، جەختیشیکردوە پلانە 28 خاڵیەکەی کۆتا رێگە نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
سەبارەت بە پلانی پێشنیارکراوی ئاشتی بۆ ئۆکراین ترەمپ رایگەیاندوە؛ ئەوان ئاشتییان دەوێت و دەبێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنن، گرنگ نییە چی رودەدات.
لە وەڵامی یەکێک لە رۆژنامەنوسەکاندا، کە ئاخۆ ئەگەر زێلێنسکی پلانەکەی قبوڵ نەکات، کاردانەوەی چی دەبێت؟ دەڵێت؛ ئەگەر پلانەکەی قبوڵ نەکات، تا ئەو کاتەی بیەوێت دەتوانێت شەڕ بکات.
ئەم هەڵوێستەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە سەرکردەکانی ئەوروپا لە هەوڵدان بۆ داڕشتنی وەڵامێکی گونجاو دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، داوای کرد کیێڤ تا رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو پلانە 28 خاڵەکەی قبوڵ بکات و وەڵامی بداتەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە کۆبوونەوەی لوتکەی جی 20 لە جۆهانسبێرگی پایتەختی ئەفریقای باشور هۆشداریدا لەوەی گروپەکە "لە مەترسیدایە" و توانای چارەسەرکردنی قەیرانە جیهانییەکان لەدەست دەدات.
ئەمڕۆ شەممە، ماکرۆن وتارێکی پێشکەشکرد و لە بەشکێکدا ئاماژەی بەوەکرد؛ رەنگە گروپی 20 بگاتە کۆتایی و چیتر ناتوانن لەسەر ئەم مێزە پێکەوە قەیرانە گەورەکان چارەسەر بکەن.
ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتانی ئەندام دەبێت "کۆکردنەوەی بەکۆمەڵ" بۆ ئەولەویەتەکانی هاوبەش نیشان بدەن، ئەگەرنا متمانە و کارکردنی گروپەکە تێکدەچێت.
ئەم قسانەی ماکرون لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بایکۆتی لوتکەکەی کرد و رایگەیاند؛ لەوێ کوشتاری زۆر هەیە و بەشداری تێدا نەکرد.
گروپی 20 یاخود G20، گروپەکە لە بیست وڵاتی جیھانی پێکدێت، لە کۆبونەوەکەیاندا سەرکردەکانی وڵاتانی خاوەن ئابورییە گەورەکانی جیهان، تیشک دەخەنە سەرگرفت و کێشە هاوبەشەکانیان نێوانیان و هەوڵ دەدەن چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.