سێ برا بەهۆی دۆزینەوەی نوسخەیەکی "سوپەرمان"ـەوە دەبنە ملیۆنێر
راهۆز
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
دۆزینەوەی نوسخەیەکی دەگمەنی ژمارە یەکی گۆڤاری "سوپەرمان" لەناو کەلوپەلەکانی دایکیاندا، ژیانی سێ برای لە ئەمریکا گۆڕی و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کردیانی بە خاوەنی سەروەتێکی گەورە.
ئەو سێ برایە لە کاتی پاککردنەوەی کۆگای ماڵی دایکی کۆچکردوویان لە سانفرانسیسکۆ، سندوقێکی کارتۆنییان لەژێر تۆز و خۆڵ و داوی جاڵجاڵۆکەدا دۆزیەوە، کە نوسخەیەکی دەگمەنی "سوپەرمان"ـی تێدابوو و مێژووەکەی بۆ ساڵی 1939 دەگەڕێتەوە.
گۆڤارەکە لەم مانگەدا لەلایەن خانەی زیادکردنی "هێریتاج" لە ویلایەتی تەکساس خرایەڕوو و بە بڕێکی خەیاڵی و پێوانەیی فرۆشرا، کە بە یەکێک لە گرانترین نوسخەی گۆڤارە مصورەکان (کۆمیکس) دادەنرێت لە مێژوودا.
بەوتەی لۆن ئالێن، جێگری سەرۆکی بەشی چیرۆکەکان لە خانەی هێریتاج، دایکی ئەو سێ برایە پێشتر ئاگاداری کردبوونەوە کە خاوەنی کۆمەڵێک گۆڤاری بەنرخە کە خۆی و براکەی پێش جەنگی جیهانیی دووەم کۆیانکردووەتەوە، بەڵام کوڕەکانی گرنگییان پێنەداوە تا ئەو کاتەی بڕیاریاندا خانووەکە بفرۆشن و پشکنینیان بۆ کەلوپەلەکان کرد.
دوای دۆزینەوەی سندوقەکە، براکان پەیوەندییان بە خانەی زیادکردنەکەوە کردووە و لۆن ئالێن راستەوخۆ سەردانی کردوون، دوای پشکنین دەرکەوتووە کە نوسخەکە رەسەنە و لەلایەن کۆمپانیای "دیتێکتیڤ کۆمیکس"ـەوە دەرچووە و تا ئێستا بە پارێزراوی و پاکی ماوەتەوە.



