ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بودجەی بەرگری بە بەهای یەك ترلیۆن دۆلار پەسەندكرد و لەو بودجەیەش بڕی 130 ملیۆن دۆلاری بۆ هێزەكانی هاوپەیمانان لە سوریا تەرخانكردووە و بەشێكیشی بۆ هەسەدە دەبێت.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بە 218 دەنگی بەڵێ و 214 دەنگی نەخێر، بودجەی بەرگری بۆ ساڵی 2026 پەسەندكرد كە بڕەكەی 150 ملیار دۆلارە و پرۆژەی بەرگری نیشتمانی و كەشتی جەنگیی و كۆگای چەكیش لە پێشینەی پرۆژەكانی تری ئەمریكان.
لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بۆ ساڵی 2026، زیاتر لە 130 ملیۆن دۆلار بۆ سندوقی راهێنان و پڕچەككردنی هێزەكانی هاوپەیمانان تایبەت بە شەڕی داعش لە سوریا تەرخانكراوە بە مەبەستی یارمەتیدان و پاڵپشتی هێزە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە سوریا، بەشێكی زۆری ئەو پاڵپشتییەش وەك ساڵانی رابردوو بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەبێت.
جگە لە هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەشێكی هاوكارییەكە بۆ سوپای ئازادی سوریاش دەبێت كە لە ناوچەكانی تەنەف و سنورەكانی نزیك عیراق و سوریا و ئوردن جێگیركراون و لەلایەن ئەمریكاوە مەشق و راهێنان و پاڵپشتیی سەربازییان پێشكەش دەكرێت.
بودجەكەی پنتاگۆن بۆ پاڵپشتیی هاوپەیمانەكانی لە سوریا بۆ شەڕی روبەڕوبوونەوەی پاشماوەكانی داعش و پاراستنی كامپەكانی هۆل و رۆژ تەرخان دەكرێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا وردەكاریی زیاتری لەبارەی بودجەی بەرگری ساڵی 2026 بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، ئەو 130 ملیۆن دۆلارە بەشێكی تەرخانكراوە بۆ موچەی ئەو هێزانە كە بڕەكەی 65 ملیۆن دۆلارە، بودجەی پڕچەككردن و مەشقی سەربازییش 15 ملیۆن و 600 هەزار دۆلارە و بودجەی پاڵپشتی لۆجستی 32 ملیۆن دۆلار و بودجەی فریاگوزاریش یەك ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە.
راشیگەیاندووە، بودجەیەك تەرخانكراوە بۆ تێچووی دابینكردنی چەكی سوك و قورسی ئەی كەی 47 و پی كەی ئێم و دۆشكە و گوللە و ئۆتۆمبیلی سەربازیی و گواستنەوە، جلوبەرگ، ئامرازی پەیوەندیكردن بە بەهای شەش ملیۆن و 500 هەزار دۆلار.
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر پیت هێگست وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، بەمزوانە بۆ یەكەمجار بودجەی وەزارەتی بەرگری دەگاتە یەك تریلیۆن دۆلار.
لە مانگی نیسانی رابردووش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەكاتی پێشوازیی لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بودجەی بەرگریی بۆ نزیكەی یەك ترلیۆن دۆلار بەرز دەكەنەوە و دەبێتە گەورەترین بودجە كە تائێستا بۆ كەرتی سەربازیی تەرخان كرابێت.
بەهۆی لافاوەوە لە ویلایەتی تەكساسی ئەمریكا 24 كەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان كەسیش بێسەروشوێن بوون.
دەسەڵاتدارانی ویلایەتی تەكساسی ئەمریكا رایانگەیاند، بەهۆی لافاوەوە لە ویلایەتەكە 24 كەس گیانیان لەدەستداوە و بەشێك دانیشتوانی ناوچەكە ماڵەكانیان جێهێشتووە و زیانیان پێگەیشتووە و ناچاربوون لەناو خێمەدا ماونەتەوە و دەیان كەسیش بێسەروشوێن بوون.
دەشڵێن، بەهۆی لافاوەكەوە خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا و ئینتەرنێت نەماوە و ئاستی كارەساتەكە بەرزە و باری لەناكاویان راگەیاندووە.
لە ویلایەتی كالیفۆڕنیاش بەهۆی ئاگرەوە 52 هەزار هێكتار زەوی لە 48 سەعاتدا سوتاوە و سەدان ماڵ چۆڵكراون و تیمەكان سەرقاڵی گەیاندنی هاوكارین بە زیانلێكەوتوان و گواستنەوەی ئەوانەی پێویستیان بە چارەسەرە بۆ نەخۆشخانە.
تەقینەوەیەك لە كارگەیەكی پاتری نزیكەی 60 هەزار كەسی لە رۆژهەڵاتی مەدرید كەرەنیتنە كرد و لە ئەمریكاش حەوت كەس بەهۆی تەقینەوەی كۆگایەكی یارییە ئاگرینەكان گیانیان لەدەستدا.
دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا رایانگەیاند، تەقینەوەیەكی بەهێز لە كارگەیەكی ریسایكلینی پاتری لیسیۆم لە باكوری رۆژهەڵاتی مەدرید رویداوە و بەهۆی دوكەڵەكەیەوە، ناوچەكە ژەهراوی بووە و بە ناچاری نزیكەی 60 هەزار كەس لە دانیشتوانی شارەكانی ئازوكوێكا دی هێنارێس و كابانیلاس دێل كامپۆ و ئالۆڤێرا ئاگاداركراونەتەوە لە ماڵەكانیان بمێننەوە و پەنجەرە و دەرگاكانیان دابخەن.
لەلایەكی تریشەوە لە باكوری ویلایەتی كالیفۆڕنیا لە ئەمریكاش، كۆگایەكی یارییە ئاگرینەكان تەقییەوەو بەهۆیەوە زیاتر لە حەوت كەس گیانیان لەدەستدا.
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: دەکرێت لەماوەی ئەم هەفتەیەدا رێککەوتن لەغەززە ئەنجام بدرێت، وەڵامی حەماسیش بۆ ئاگربەست بە ئەرێنی وەسف دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، باشە کە حەماس وەڵامی "ئەرێنی"ی داوەتەوە بۆ پێشنیازی ئاگربەست لە غەززە.
وتیشی، دەکرێت لە ماوەی چەند رۆژێکدا رێککەوتن لەسەر غەززە بکرێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت شتێک لە بارەی کەرتی غەززەوە بکەین، هەر ئاگربەست ئەنجامدرا، هاوکارییەکی زۆر رەوانەی ئەو کەرتە دەکەین.
ئەمەش لەکاتێکدایە، حەماس لە راگەیەنراوێکی رەسمیدا وەڵامی خۆی سەبارەت بە ئاگربەستی پێشنیارکراوی غەززە پێشکەشی لایەنی نێوەندگیر کردووە، هەروەها ئامادەیی جددی خۆی دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی دەستبەجێ بچێتە دانوستان لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
سەرۆکی ئۆکراینا ڤلادیمێر زیلینسکی ئاشکرای کرد کە پەیوەندییەکی "گرنگ"ـی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە و هەردوو لایان رێک کەوتوون لەسەر کارکردن بۆ بەهێزکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراین.
زیلینسکی لە کەناڵی تەلەگرام نووسیوێتی: "ئەمڕۆ باسمان لە دۆخەکە کرد؛ هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا و دۆخی بەرەکانی جەنگ. سەرۆک ترەمپ زۆر باش ئاگای لە هەموو شتێکە."
سەرۆکی ئۆکراین وتیشی: "لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا باسمان لە بژاردەکانی بەرگریی ئاسمانی کرد و رێککەوتین بۆ بەهێزکردنی پاراستنی ئاسمانەکەمان."
ئەم پەیوەندییە تەنیا چەند کاتژمێرێ دوای گەورەترین هێرشی درۆنی و مووشەکیی روسیا بۆ سەر ئۆکراینا ئەنجام دراوە. هەروەها رۆژێک دوای پەیوەندییە بێ ئەنجامەکەی نێوان ترەمپ و پووتین دێت کە هەردووکیان نائومێدبوونی خۆیان لە یەکتری راگەیاند.
رووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئۆکراین چڕکردوونەتەوە. لە هێرشی شەوی رابردوودا کیێڤ و چەندین ناوچەی دیکە کرانە ئامانج کە بووە هۆی برینداربوونی لانیکەم 23 هاووڵاتیی سڤیل و کەوتنەوەی ئاگر لە پایتەختی وڵاتەکە.
دورگەیەک لە ژاپۆن چۆڵکرا، ئەمەش دوای ئەوەی لەماوەی دوو هەفتەدا زیاتر لە هەزار بومەلەرزە لە دورگەکە رویداوە.
بەپێی ئاژانسی کەشناسی ژاپۆن، دوێنێ بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.5 پلەی رێختەر دورگەی ئاکوسێکی لە پارێزگای کاگۆشیما هەژاند، ئەمەش دوای ئەوەی زیاتر لە هەزار بومەلەرزە لەو ناوچەیە رویداوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەسەڵاتداران فەرمانی چۆڵکردنی دورگەکەیان داوە، چونکە مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتوانی ناوچەکە دروستکردووە.
لێپرسراوانی ناوچەکە دەڵێن، بومەلەرزەکان هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتوەتەوە، بەڵام زیانی ژێرخانی ئابوری نەزانراوە.
جێگەی ئاماژەیە دەسەڵاتدارانی دورگەکە ژمارەیەک لە دانیشتوانی دورگەکە کە 89 کەسن، گواستوەتە بۆ باشوری ژاپۆن و ناوچەکەیان چۆڵکردووە.
وەزیری دەرەوەی روسیا دەڵێت: لەگەڵ ئەمریکا و ئێران لە پەیوەندیداین بۆ دەستپێکردنی دانوستانە ئەتۆمییەکان.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هیوادارین ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەمیشەیی بێت.
وتیشی، پێویستە گرژیەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی پێبهێنرێت، ئەوەی لە ئێستادا گرنگە راگرتنی شەڕە لە کەرتی غەززە، هەروەها پێویستە رێگەبدرێت بە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو کەرتە.
سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، مۆسکۆ لەگەڵ واشنتن و تاران لە پەیوەندیدایە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ روسیا بەربڵاوترین هێرشی درۆنی كردەسەر ئۆكراین و 23 كەس برینداربوون.
دەسەڵاتدارانی ئۆكراین رایانگەیاند، روسیا بەربڵاوترین و فراوانترین هێرشی درۆنی كردەسەر وڵاتەكەیان و توانیویانە لە كۆی 539 درۆن 476 درۆن تێكبشكێنن.
دەشڵێن، روسیا 11 موشەكی بالیستی ئاڕاستەی ئۆكراین كردووە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 23 كەس برینداربوون.
هاوكات ڤلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین رایگەیاند، شەوێكی سەختیان بەڕێكردووە و ئەمە گەورەترین هێرشی روسیا بووە لە سەرەتای شەڕەكەوە.
وتیشی، روسیا بەم كارەی پیشانیدا كە نیازی نییە شەڕ بوەستێنێت و ئاشتی ناوێت.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: من سەلامەتیم بۆ خەڵکی غەززە دەوێت، چونکە ئەوان بە دۆزەخدا تێپەڕیوون.
لە کاتێکدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە هەفتەی داهاتوودا سەردانی کۆشکی سپی دەکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبەێتەوە و پرسی ئاگربەست لە کەرتی غەززە تاوتوێ دەکەن، ترەمپ رایگەیاند، سەلامەتی دەوێت بۆ خەڵکی غەززە.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردوە، دەمەوێت خەڵکی غەززە سەلامەت بن، ئەوە گرنگترین شتە.
سەبارەت بە رازی بوونی حەماس بە ئاگربەست، سەرۆکی ئەمریکا وتی، لە 24 کاتژمێری داهاتوودا ئەوە دەزانین کە ئایا رازی دەبێت یاخود نا.
جێگەی ئاماژەیە، رۆژی دووشەممە داهاتوو بنامین ناتانیاهۆ سەردانی ئەمریکا دەکات و چاوەڕوان دەکرێت ئاگربەست لە غەززە رابگەیەنرێت.
مانگرتنی چاودێرانی فڕۆکەوانی لە فەرەنسا بووەهۆی هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە هەزارو 500 گەشتی ئاسمانی و ئەوەش کاریگەری لەسەر نزیکەی 300 هەزار گەشتیار دروستکرد.
چاودێرانی هاتووچۆی ئاسمانیی فەرەنسا، دوو رۆژە دژ بە کەمی کارمەند و بەڕێوەبردنی خراپ، مانگرتنێکی دوو رۆژەیان دەستپێکردووە، ئەوەش بووەتەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتی ئاسمانیی دەیان هەزار کەس لە ئەورووپا.
نیوەی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نیس هەڵوەشایەوە:
نیوەی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نیس کە سێیەم گەورەترین فڕۆکەخانەی فەرەنسایە و چارەکێکی گەشتەکانیش لە فڕۆکەخانەکانی پاریس ئۆرلی و پاریس شارل دۆگۆلن، کە لە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەکانی ئەورووپان، هەڵوەشێندرانەوە.
سەرۆكی روسیا و سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا پرسی راگەیاندنی ئاگربەستیان لە ئۆكراین و گرفتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران یان تاووتوێ كرد و جەختیان لە گرتنەبەری رێكاری دیبلۆماسی كردەوە.
كۆشکی سەرۆكایەتی روسیا-كرملن رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادیمێر پوتن پەیوەندیەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و دەربارەی دواین پێشهاتەكانی ئۆكراین و ئێران و سوریا و ناوچەكانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەیانکرد.
ئاماژەی بەوەش كرد، پوتن بە ترەمپی وتووە، پێویستە لەڕێی چارەسەری دیبلۆماسیەوە كۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنرێت، پێشی وتووە، روسیا دەستبەرداری ئامانجەكانی خۆی لە ئۆكراین نابێت، بەڵام ئامادەن دەست بە دانوستاندن بكەنەوە.
لەبارەی پرسی ئێرانیشەوە پوتن جەختی كردووەتەوە پێویستە دەست بە دانوستان بكرێتەوە و چارەسەرێكی كۆتایی بدۆزرێتەوە و رێككەوتنی ئەتۆمی ئەنجام بدرێت.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئەمریکیەکەی دۆناڵد ترەمپ ئەنجام بدات.
ئاژانسی ئینتەرفاکس لە زاری پوتنەوە بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا قسە دەکەم".
لای خۆشیەوە سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس نووسیویەتی: بەمزوانە لەگەڵ پوتن سەرۆکی روسیا قسە دەکەم... سوپاس!"
میدیای ئیسرائیل بڵاویكردەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا دانوستانی ئە تۆمیی لەنێوان ئێران و ئەمریكا لە نەرویج دەستپێدەكاتەوە.
كەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، ئەمریكا لە رێگەی ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی خۆی لەگەڵ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندیدایە و پێدەچێت هەفتەی داهاتوو گەڕی شەشەمی دانوستانەكان لەگەڵ تاران دەستپێبكاتەوە.
دەشڵێت، ئەمریكا چەند رۆژێك لەمەوبەر بە رەسمی ئیسرائیلی ئاگاداركردوەتەوە لەو بابەتە و دانوستانی داهاتوو لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج دەبێت.
راشیگەیاند، رۆن دێرمەر وەزیری كاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ لێپرسراوانی كۆشكی سپی كۆبوەتەوە و تاوتوێی دۆسیەی ئێرانیان كردووە.
ئەمریكییەكان هەیە و دەبێت بە زووترین كات ئەم پرسە چارەسەر بكرێت.
تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، داوای كرد دەستبەجێ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق-توركیا دەستپێبكاتەوە، ئاماژەی بەوەشدا راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم كاریگەری لەسەر سێ كۆمپانیای ئەمریكی هەبووە كە ئەوەش جێگای قبوڵكردن نییە.
بروس راشیگەیاند، زۆر گرنگە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكانی نەوت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەپەلە كاربكەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكرد، راگرتنی نەوت تەنیا رێگر بووە لە گەشەی ئابوری عیراق و بەرژەوەندی كۆمپانیا ئەمریكییەكان، ئەوە جگە لەوەی كە بووە بە هۆكارێك بۆ زیادبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەكەدا، وتیشی، پێویستە بە زووترین كات ئەو پرسە چارەسەر بكرێت.
بروس جەختی لەوە شكردەوە بۆری بەندەری جەیهان رێگەیەكی گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەكان، ئەمەش سودی بۆ ئابووری عیراق و هەرێم و هەروەها كۆمپانیا ئەمریكیەكانیش هەیە، بۆیە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە بەرژەوەندی ئەمریكا و هەرێم و عیراق و ناوچەكەشدایە.