پۆلیسی باشوری یۆرکشایەر لە بەریتانیا رایگەیاند، مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵان لە شاری شێفیڵد تەقەی لێکراوە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە دۆخێکی مەترسیداردایە، و تا ئێستاش ئەنجامدەری روداوەکە دەستگیرنەکراوە.

بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە؛ روداوەکە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، کەمێک پێش سەعات 5:20 خولەک لە شەقامی "لەندەن رۆد" رویداوە، دوای گەیشتنی تیمەکانی فریاگوزاری، بریندارەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و رێوشوێنی پێویست بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارەکە دەستپێکراوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لێکۆڵەری پۆلیسی ناوچەکە روداوەکەی بە "کارەساتێکی ترسناک" وەسفکرد و رایگەیاند، تیمێکی تایبەت لە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس بە شەو و رۆژ کار دەکەن بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری هێرشەکە و دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە.