پاپا لیۆی چواردەهەم، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی زیاتر لە 15 هەزار گەنجی ئەمریكا کرد لە شاری ئیندیاناپۆلیس و پەیامێکی گرنگی ئاراستە کردن سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد لە ژیان و خوێندندا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاریگەری تەکنەلۆژیا، پاپا ئاماژەی بەوەکرد کە ئامێرە مۆدێرنەکان سودبەخشن بۆ پەیوەندیکردن و فێربوون، بەڵام نابێت هەرگیز جێگەی پەیوەندییە راستەوخۆکان بگرنەوە.
پاپا لیۆ بە تایبەتی باسی لە مەترسییەکانی زیرەکی دەستکرد (AI) کرد و ئامۆژگاری گەنجانی کرد کە نابێت رێگە بدەن تەکنەلۆژیا توانا هزرییەکانیان لاواز بکات.
پاپا وتی: "ئاگاداربە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد سنور بۆ گەشەی مرۆیی و هزریت دانەنێت. دەبێت بە شێوەیەک بەکاریبهێنیت، کە ئەگەر سبەینێ ئەو تەکنەلۆژیایە نەما، هێشتا خۆت بتوانیت بیربکەیتەوە، دابهێنیت و بڕیار بدەیت".
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەر ئامێرێک دەبێت پاڵپشت بێت بۆ گەشەسەندنی هزری و فێربوون، نەک ببێتە رێگر لەبەردەمیدا و وتی: "لەبیرت بێت، زیرەکی دەستکرد هەرگیز جێگەی ئەو بەهرە تایبەتە ناگرێتەوە کە تۆ وەک مرۆڤ هەتە".
پاپا لیۆ داوای لە گەنجان کرد کە "بە ئاگاییەوە" مامەڵە لەگەڵ شاشەکان بکەن و دڵنیابنەوە لەوەی تەکنەلۆژیا خزمەتی ژیانیان دەکات، نەک ئەوان ببنە کۆیلەی تەکنەلۆژیا.
مارجۆری تایلەر گرین، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا و یەکێک لە هاوپەیمانە دێرینەکانی دۆناڵد ترەمپ، کە ئێستا بووەتە یەکێک لە رەخنەگرە سەرسەختەکانی، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کۆنگرێس راگەیاند.
گرین کە پێشتر یەکێک بوو لە دیارترین دەنگەکانی بزوتنەوەی "Make America Great Again"، بەهۆی هەڵوێستە توندەکانی و بڕوابوونی بە "تیۆرییەکانی پیلان" ناسراوە، لەوانە بەراوردکردنی بەکارهێنانی ماسک و ڤاکسین بە چەوساندنەوەی جولەکەکان لە کاتی هۆلۆکۆست، هەروەها گومان دروستکردن لەسەر رووداوەکانی 11ی سێپتێمبەر.
گرین هۆکاری بڕیارەکەی گەڕاندەوە بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆشکی سپی و رایگەیاند، بەهۆی ئەو گرژییانەوە هەڕەشەی دانانی بۆمب لە کۆمپانیاکەی کراوە.
پەیوەندییەکانی نێوان گرین و ترەمپ لەم مانگانەی دواییدا بەرەو خراپی ڕۆیشت، بەتایبەت دوای ئەوەی گرین هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ ئەوەی وەزارەتی داد سەرجەم دۆسیەکانی پەیوەست بە "جێفری ئیپشتاین" بڵاوبکاتەوە. لە بەرامبەردا ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" هێرشی توندی کردە سەر گرین و بە "شێت" وەسفی کرد.
مارجۆری تایلەر گرین لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت: "بەرگریکردن لەو ژنانەی لە تەمەنی 14 ساڵیدا دەستدرێژییان کراوەتەسەر و بازرگانییان پێوەکراوە لەلایەن پیاوانی دەوڵەمەند و بەدەسەڵاتەوە، نابێت باجەکەی ئەوەبێت کە بە خیانەتکار ناوببرێم و لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە هەڕەشەم لێ بکرێت، ئەو سەرۆکەی کە خۆم شەڕم بۆ کردووە."
پەرلەمانتارەکەی ئەمریکا ئاشکرایکردووە، رۆژی 5ی کانونی دووەم کۆتا رۆژی دەبێت لە پۆستەکەی. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش، ترەمپ بە تۆڕی هەواڵی ABCی راگەیاندووە کە ئەمە "هەواڵێکی نایابە بۆ وڵات".
بەپێی زانیارییەکان، سەرەتای درزتێکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو سیاسەتمەدارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە گرین رەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ گرت و بە "دواخستنی ئەمریکا" ناوی برد. هەفتەی رابردووش ترەمپ رایگەیاندبوو کە پشتیوانی لە گرین ناکات بۆ هەڵبژاردنەوەی لە ویلایەتی جۆرجیا.
گرین لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: "رێز و شکۆم بۆ خۆم هەیە و خێزانەکەم زۆر خۆشدەوێت، نامەوێت ناوچەکەم رووبەڕووی ململانێیەکی پڕ لە رق ببێتەوە لەگەڵ سەرۆکێک کە هەموومان شەڕمان بۆ کردووە، تەنها بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە ببەمەوە لەکاتێکدا کۆمارییەکان ئەگەری دۆڕانیان هەیە."
گرین: هێرشەکانی ترەمپ چرای سەوزە بۆ توندڕەوەکان
چەند رۆژێک پێش راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکەی، گرین هۆشداریدا لەوەی تێکچونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆشکی سپی گەیشتووەتە ئاستێک، هەڕەشەی دانانی بۆمب لە کۆمپانیاکەی کراوە.
گرین لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نوسیویەتی: "هێرشە بێ پاساو و دڕندانەکانی ترەمپ دژی من، وەک هاندان و چرای سەوزێک وایە بۆ توندڕەوە مەترسیدارەکان، ئەمەش ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ئەنجامدانی هێرشی جددی بۆ سەر خۆم و خێزانەکەم".
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا، ئەو پەرلەمانتارە کۆمارییە ئاماژەی بەوەکردووە، "لێدوانە ئاگرینەکانی ترەمپ دۆخەکە دەشڵەژێنن و زەمینە بۆ توندوتیژی خۆشدەکەن، کە لە کۆتاییدا رەنگە ئەنجامی زیانبەخش یان تەنانەت کوشندەشی لێ بکەوێتەوە".
بەشی ئاگرکوژێنەوەی لۆس ئەنجلس رایگەیاند ئاگرێک لە کەشتییەکی گواستنەوەی کاڵا لە سان پێدرۆ کەوتەوە و تا ئێستا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکەن.
بەشی راگەیاندنی ئاگرکوژێنەوەی لۆس ئەنجلس لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کە نزیکەی سەعات 6:38 خولەکی ئێوارە ئاگر لە کەشتییەکی گواستنەوەی کاڵا کەوتەوە. تیمی کەشتییەکەش رایانگەیاند، کە هۆکارەکەی کارەبایی بووە و لە ژێر عەمبارەوە کەوتووەتەوە و بەناو کۆنتێنەرەکانی تری سەر کەشتییەکەدا بڵاوبووەتەوە.
ئەوەش ئاشکراکراوە، کە زیاتر لە 100 کارمەندی ئاگرکوژێنەوەی لۆس ئەنجلس بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی بەندەرەکە و گومرگ چوون بە هانای کوژاندنەوەی ئاگرەکەوە و هاوکار بوون بۆ دابەزاندنی 23 ئەندامی تیمی کەشتییەکە رزگار کردنیان.
ئاگرکوژێنەوەی لۆس ئەنجلس دەڵێت: "تیمەکانمان خەریکی چاودێریکردنی ئاراستەی هەوان و هەوڵەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەردەوامە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریكا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە زۆهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانیی هەڵبژێردراوی نیویۆرک کرد، ئەوەش دوای چەندین مانگ لە ئاڵوگۆڕکردنی قسەی توند و سووکایەتیکردن بە یەکتر.
کۆشکی سپی بۆ بی بی سی پشتڕاستیکردەوە کە مەمدانی گەیشتووەتە کۆشکی سپی. ستیڤن چیونگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی لە تۆڕی ئێکس وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە لە پەنجەرەیەکەوە دەڕوانێتە رۆژنامەنووسان و بە گاڵتەپێکردنەوە نووسیوێتی: "هاوڕێیان زۆر درەنگن! ئێوە زۆر خاون".
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا پەیوەندیی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە گرژیی زۆری بەخۆیەوە بینیوە:
قسەکانی ترەمپ: لە کاتی بانگەشەدا، ترەمپ مەمدانی بە "سەرشێتێکی سەدا سەد کۆمۆنیست" ناوبردبوو (هەرچەندە مەمدانی دەڵێت سۆسیالیستێکی دیموکراتە). هەروەها ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئەگەر مەمدانی سەربکەوێت، بودجەی فیدراڵی لە نیویۆرک دەبڕێت. بەڵام ئەمڕۆ ترەمپ رایگەیاند کە لە کاتی بانگەشەدا "کەمێک توند بووە" بەرامبەری و دانی بەوەدانا کە مەمدانی "رکابەرایەتییەکی باشی کردووە".
قسەکانی مەمدانی: لای خۆیەوە مەمدانی رەخنەی توندی لە ترەمپ دەگرت و رایگەیاندبوو کە سیاسەتەکانی ترەمپ ژیانی لە ئەمریكا گرانتر کردووە. هەروەها بڵاوەپێکردنی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە بە "شانۆگەریی ستەمکارانە" وەسف کردبوو.
سەرەڕای ئەو مێژووە پڕ کێشمەکێشە، مەمدانی رایگەیاندووە کە ئامادەیە لەگەڵ ترەمپ کار بکات بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ژیان.
ئۆکراین رووبەڕووی "سەختترین ساتەکانی مێژوو" بووەتەوە؛ کۆشکی سپی مۆڵەتی تا پێنجشەممەی داهاتو و داوە بە کیێڤ بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێک کە بەشێکی زۆری خاکەکەی رادەستی روسیا دەکات و هیواکانی بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ لە گۆڕ دەنێت، لەبەرامبەردا ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی دەڵێت: "خەریکە کەرامەتمان لەدەست دەدەین".
بەپێی ئەو بەڵگەنامە 28 خاڵییەی کە واشنتۆن و مۆسکۆ ئامادەیان کردووە و رەشنووسەکەی دراوەتە ئۆکراین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریكا دەیەوێت بە زۆرترین سازش لەسەر حسابی ئۆکراین، کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.
زێلێنسکی: لەبەردەم دووڕیانێکی کوشندەداین
سەرۆکی ئۆکراین لە وتارێکی ڤیدیۆییەدا بە ڕاشکاوی وتی: "ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی زۆر قورسداین: یان لەدەستدانی کەرامەت، یان مەترسیی لەدەستدانی هاوبەشێکی سەرەکی (ئەمریكا)، یان قبوڵکردنی 28 خاڵە ئاڵۆزەکە و زستانێکی زۆر سەخت".
بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر کیێڤ تا رۆژی پێنجشەممە (27ی تشرینی دووەم) ئەم رێککەوتنە ئیمزا نەکات، ئەوا ناردنی چەک و زانیارییە هەواڵگرییەکان بۆ ئۆکراین رادەگرێت.
گرنگترین خاڵەکانی پلانە 28 خاڵییەکە:
ئەم پلانە کە زۆرینەی مەرجەکانی پوتین-ی تێدایە، ئۆکراین ناچار دەکات بەم خاڵانە رازی بێت:
· خاک و سنوور: داننان بەوەی هەرێمەکانی لۆگانسک، دۆنێتسک و نیمچە دورگەی قرم "بە ئەمری واقیع خاکی روسیان" و ئەمریكاش دانیان پێدا دەنێت. هێڵەکانی ئێستای جەنگ لە خێرسۆن و زاپۆریژیا سڕ دەکرێن و دەبنە سنووری واقیعی.
هەڵوێستی ئەوروپا و پشێویی ناوخۆ:
سەرکردەکانی ئەوروپا (ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا) نیگەرانیی خۆیان نیشانداوە و لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ زێلێنسکی جەختیان کردووەتەوە کە نابێت هیچ رێککەوتنێک بەبێ رەزامەندیی ئەوروپا و پاراستنی سەروەریی ئۆکراین بکرێت. کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا وتی: "پێویستە فشار بخەینە سەر دەستدرێژیکار (روسیا) نەک قوربانی".
لە ناوخۆی ئۆکراینیش، روستەم ئومێرۆڤ، ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایش رەتیدەکاتەوە رەزامەندی لەسەر پلانەکە دابێت و دەڵێت: "ئێمە خاکەکەمانی بۆ دەستبەردار نابین"، بەڵام زێلێنسکی داوای یەکڕیزی دەکات و دەڵێت "نابێت بیانوو بدەینە دەست دوژمن تا بڵێت ئۆکراین ئاشتی ناوێت".
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا زێلێنسکی و ترەمپ گفتوگۆی راستەوخۆ لەسەر ئەم پلانە بکەن، کە چارەنووسی جەنگەکە و سنوورەکانی ئۆکراین یەکلایی دەکاتەوە.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدا دێن، ئەمڕۆ هەینی، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەمریکا تا ئێستا وردەکاریی پلانەکەی راستەوخۆ لەگەڵ روسیا باس نەکردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کیێڤ دژی پلانەکەیە و ئاشتی ناوێت.
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عیراق رایگەیاند، بەمزووانە سەردانی عیراق دەکات و لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی وڵات کۆدەبێتەوە.
ساڤایا لە لێدوانێکدا دەڵێت: "عیراق لە سێ ساڵی رابردوودا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەدەستهێناوە و هیوادارین لە مانگەکانی داهاتووشدا ئەم بەرەوپێشچوونە بەردەوام بێت".
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەمان کاتدا بە وردی چاودێریی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەکەن.
ساڤایا هۆشدارییەکی توندی داوە و دەڵێت: "با بۆ هەمووان روون بێت، ویلایەتە یەکگرتووەکان قبوڵی ناکات و رێگەش نادات هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراقدا بکرێت".
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەمریکا تا ئێستا وردەکاریی پلانەکەی راستەوخۆ لەگەڵ روسیا باس نەکردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کیێڤ دژی پلانەکەیە.
پوتین وتی: "ئیدارەی ئەمریکا تا ئێستا نەیتوانیوە رەزامەندیی لایەنی ئۆکراینی بەدەستبهێنێت، هەر بۆیەش وردەکاریی دەقەکە لەگەڵ ئێمە باس نەکراوە".
سەرۆکی روسیا ئاشکرایکرد کە لە رێگەی کەناڵە دووقۆڵییەکانەوە کۆپییەکیان لە پلانە "نوێکراوەکە"ی دۆناڵد ترەمپ بەدەستگەیشتووە کە لە 28 خاڵ پێکهاتووە و وتی: "پلانە نوێیەکەی ترەمپ دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەری کۆتایی لە ئۆکراین".
سەبارەت بە وەستانی گفتوگۆکان لە ماوەی رابردوودا، پوتن روونیکردەوە: "دوای دانوستانەکانی ئەلاسکا، وەستانێک دروستبوو، دەزانین هۆکارەکەی ئەوە بوو ئۆکراین پلانە پێشووەکەی رەتکردەوە، بۆیە وای دەبینم دەرکردنی ئەم پلانە نوێیە هۆکارەکەی هەر ئەوە بێت".
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین هۆشداریدەدات لەوەی وڵاتەکەی رووبەڕووی مەترسیی لەدەستدانی پشتیوانییەکانی ئەمریكا بووەتەوە، ئەگەر ئەو پلانە رەتبکەنەوە کە واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا دایڕشتووە.
زێلێنسکی لە وتارێکی ڤیدیۆییەدا کە ئاراستەی گەلی ئۆکراینی کردووە، دەڵێت: "ئۆکراین لەبەردەم بژاردەیەکی زۆر قورسدایە: یان لەدەستدانی کەرامەت، یان مەترسیی لەدەستدانی هاوبەشێکی سەرەکی".
پەیوەندییەکی گرنگ و فشاری توند:
هاوکات لەگەڵ ئەم هۆشدارییە، سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی ئۆکراین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، زێلێنسکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریكا ئەنجامداوە و گفتوگۆکان تایبەت بوون بە وردەکاریی پلانەکە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کیێڤ لەژێر فشارێکی توندی واشنتۆندایە بۆ ئەوەی بە ڕێککەوتنەکە ڕازی بێت، تا ئاستی ئەوەی هەڕەشەی بڕینی زانیارییە هەواڵگرییەکان و راگرتنی ناردنی چەکی لێ کراوە، ئەگەر تا رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو چوارچێوەی رێککەوتنەکە ئیمزا نەکات.
وردەکاریی پلانە 28 خاڵییەکە:
بەپێی زانیارییەکان، پلانەکەی ئەمریكا لە 28 خاڵ پێکهاتووە و داوای سازشی گەورە لە ئۆکراین دەکات، لە دیارترین خاڵەکانی:
دەستبەرداربوون لە هەردوو هەرێمی لۆگانسک و دۆنێتسک لە ناوچەی دۆنباس.
داننان بەوەی نیمچە دورگەی قرم (کە روسیا ساڵی 2014 دەستی بەسەردا گرت) بە ئەمری واقیع خاکێکی روسییە.
سڕکردنی هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ لە هەردوو ناوچەی خێرسۆن و زاپۆریژیا.
مەرجە سیاسییەکان و هێڵی سوور:
پلانەکە مەرجی قورسیشی بۆ کیێڤ داناوە، لەوانە؛ دەستبەرداربوون لە هەوڵەکان بۆ بوون بە ئەندام لە پەیمانی ناتۆ، رێگە نەدان بە جێگیرکردنی هێزی نێودەوڵەتی لەسەر خاکەکەی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەی 100 رۆژدا، لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری "لێبوردنی گشتی".
لەبەرامبەردا، روستەم ئومێرۆڤ، گەورە دانوستانکاری ئۆکراین و ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی جەختی کردەوە، کیێڤ "هیچ پلانێک قبوڵ ناکات کە هێڵە سوورەکانی ئەوان ببەزێنێت".
زنجیرەیەک توێژینەوەی نوێ ئاشکرایان کردووە، خواردنی ئەو خۆراکانەی کە بە "فائقة المعالجة" یان "زۆر دەستکاریکراو" ناسراون و دەوڵەمەندن بە شەکر، خوێ، چەوری و تامە دەستکردەکان، راستەوخۆ پەیوەندییان بە زیادبوونی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ، تێکچوونی دەرونی، شێرپەنجە، خەڵەفان و شەکرەوە هەیە.
ماڵپەڕی "ڤێری وێڵ هێڵس"ی تایبەت بە هەواڵە تەندروستییەکان، ئەنجامی چەندین توێژینەوەی بڵاوکردەوە کە مەترسییەکانی بەکارهێنانی بەردەوامی ئەم بەرهەمە پیشەسازییانەی دەرخستووە، کە بڕێکی زۆر کەم مادەی خۆراکیی سروشتی و ڤیتامین و کانزایان تێدایە.
ئەنجامە مەترسیدارەکان بە ژمارە:
دڵ و خوێنبەرەکان: توێژینەوەیەک کە چاودێریی 105 هەزار کەسی پێگەیشتووی کردووە بۆ ماوەی 5 ساڵ، دەرکەوتووە زیادبوونی خواردنی ئەم بەرهەمانە، پەیوەندیی راستەوخۆی بە زیادبوونی مەترسیی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشکەوە هەیە.
شێرپەنجە: یەکێک لە توێژینەوەکان دەڵێت: زیادکردنی خواردنی بەرهەمە دەستکاریکراوەکان بە رێژەی 10%، دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسیی توشبوون بە شێرپەنجە بەگشتی و شێرپەنجەی مەمک بەتایبەتی، بە رێژەی زیاتر لە 10%.
خەڵەفان و بیرچوونەوە: لە توێژینەوەیەکدا لەسەر 70 هەزار کەس کە تەمەنیان لە سەرووی 55 ساڵەوە بووە، دەرکەوتووە زیادکردنی خواردنی دەستکاریکراو بە رێژەی 10%، مەترسیی توشبوون بە خەڵەفان بە رێژەی 25% و ئەلزەهایمەر بە رێژەی 14% زیاد دەکات.
تەندروستیی دەرونی: پێداچوونەوە زانستییەکان دەریانخستووە، زۆر خواردنی ئەم بەرهەمانە مەترسیی توشبوون بە تێکچوونە دەرونییەکان زیاد دەکات و پەیوەندیی بە بەرزبوونەوەی رێژەی مردنەوە هەیە.
کامانەن خواردنە زۆر دەستکاریکراوەکان؟
بەپێی راپۆرتەکە، باوترین ئەو خواردنانەی مەترسییان هەیە بریتین لە: (پارچە مریشکی ئامادەکراو "نەگێتس"، مریشکی سوورکراوە، هۆت دۆگ، خواردنەوە لەقوتونراوەکان، چپس، خواردنەوە گازییەکان، بسکیت، پسکیتی بە پەنیر و خواردنەوە وزەبەخشەکان).
لە كاتێكدا كۆشكی سپی پلانی ئاشتی ئەمریكا بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان روسیا و ئۆكراین بە باش و قبوڵكراو بۆ هەردوولا وەسف دەكات، بەڵام پێناچێت بۆ كیێڤ بەو باشییەبێت.
بە پێی ئەو پلانەی ئەمریكا بۆ ئاشتی لە ئۆكراین دایڕشتووە و 28 خاڵ لە خۆدەگرێت، وردەكارییەكانی لەلایەن ماڵپەری ئەكسیۆسی ئەمریكی ئاشكراكراوە و دەبێت ئۆكراین زۆر سازشی ئازاربەخش بكات، هەندێك لێپرسراوی ئەو وڵاتە پێیان وایە قبوڵكردنی ئەو پێشنیازە مانای لە دەستدانی سەروەری ئۆكراینە،
پلانەكە بریتییە لە دەستبەرداربوونی كیێڤ لە نیمچەدوورگەی كریما و ناوچەی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆكراین، لەگەڵ دۆنێتسك و چەندین شارێكی تریش، كە ئەوەش بۆ ئۆكراین زۆر قورسە، چونكە دۆنباس بە دڵی پیشەسازیی قورسی ئۆكراین دادەنرێت.
جگە لەوەش لە پلانەكەی ئەمریكادا هاتووە، خێرسۆن و زاپۆریژژیا لەنێوان روسیا و ئۆكراین دابەش دەكرێن، وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیاش بە سەرپەرشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەستپێدەكاتەوە و بەرهەمهێنانی كارەبا بەشێوەیەكی یەكسان لە نێوان ئۆكراین و روسیادا دابەش دەكرێت، هەر بەپێی پلانەكە، دەبێت ئۆكراین ژمارەی سوپاكەی لە 600 هەزار سەرباز زیاتر نەبێت.
جگە لەوەش، فڕۆكەیەكی جەنگی ئەوروپی لە پۆڵەندا بۆ پاراستنی ئۆكراین جێگیر دەكرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ سەربازێكی ناتۆ بچێتە ناو خاكی ئۆكراینەوە، ئەوەش رێگری دەكات لە هەر هێزێكی ئاشتیپارێز بە سەرۆكایەتی بەریتانیا و فەرەنسا دوای رێككەوتنەكە بچنە كیێڤ، زمانی روسیش بێتە زمانی رەسمی ئۆكراین، لە رێككەوتنەكەدا ئەوەش هاتووە، لە ماوەی 100 رۆژدا دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئۆكراین ئەنجام بدرێت.
لە بەرانبەریشدا لێپرسراوێكی ئەمریكی روونیكردەوە، واشنتۆن و هاوپەیمانە ئەوروپیەكانی بەڵێن دەدەن بۆ دابینكردنی گەرەنتی ئەمنی بە كێیڤ هاوشێوەی ئەو گەرەنتیانەی ناتۆ پێشكەشیان دەكات، بەڵێنیش دەدەن وەڵامی هەر هێرشێك بدەنەوە ئەگەر لە داهاتوودا بكرێتە سەر ئەو وڵاتە، جگە لەوەش 100 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی دەستبەسەرداگیراوی روسیا بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئۆكراین تەرخان دەكرێت.
ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسش بڵاویكردووەتەوە، پلانەكەی ئەمریكا رێگە خۆش دەكات بۆئەوەی روسیا بگەڕێتەوە ناو ئابووری جیهان و هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئەو وڵاتەش بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لە كاتێكدا سەرۆكی ئۆكراین ئامادەیی نیشانداوە بۆ تاوتوێكردنی ئەو رەشنووسە، بەڵام دیمیتری پیسكۆڤ وتەبێژی كرملن رایگەیاندووە، مۆسكۆ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی لە كیێڤەوە پێنەگەیشتووە كە دانوستانەكانی بەپێی پلانی ئاشتی ئەمریكا پەسەندكردووە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیش لە زاری سەركردەكانی ئەوروپاوە بڵاویكردووەتەوە، ئەوروپا بەو رەشنووسە رازی نییە و پێیان وایە دەكرێت مەرجی باشتر بۆ ئۆكراین دابنرێت.
سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، ئەو یاسادانەرە دیموكراتانەی هانی سوپایان داوە فەرمانی یاسایی رەتبكەنەوە، دەبێت لە سێدارە بدرێن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئەو یاسادانەرە دیموكراتانەی هانی سوپایان داوە فەرمانی نایاسایی رەتبكەنەوە دەبێت لە سێدارەبدرێن و زیندانی بكرێن، چونكە ناپاكن و یاساكانیان بە نایاسایی وەسفكردووە.
دەشڵێت، ئەو رەفتارە زۆر خراپە بۆ ئەمریكا و ئەنجامەكەی باش نابێت و هەڵسوكەوتێكی مەترسیدارە، چونكە جێبەجێ نەكردنی یاسا كاریگەری خراپی لەسەر ئەمریكا دەبێت.
پێشتر بەشێك لە دیموكراتەكان رایانگەیاندبوو، ئیدارەی ئێستای ئەمریكا سەرباز و كارمەندانی دەزگا هەواڵگرییەكان دەخاتە حاڵەتی روبەڕوبوونەوەی هاووڵاتیانی ئەمریكا و لەئێستاشدا مەترسییەكان بۆسەر دەستوورەكەیان تەنها لە دەرەوە نایەن، بەڵكو لەناوخۆی وڵاتەكەشیان مەترسی هەیە.
كارۆلین لیڤیت وتەبێژی كۆشكی سپیش رایگەیاند، جێبەجێ نەكردنی یاسا كاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەیە و دەبێتەهۆی مردن و هەموو فەرمانێك كە بە سوپا دەكرێت یاساییە.
ئەمریکا جەختدەکاتەوە، هیچ هێڵێکی سوری نییە سەبارەت بە دۆسیەی ڤەنزوێلا، وەزیری جەنگی ئەو وڵاتەش دەڵێت: هەموو بژاردەکان لەبەردەستن.
پیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، هەڵوێستی ترەمپ بەرانبەر ڤەنزوێلا تەواو روونە و هیچ شتێک دوور نییە روبدات و هەموو بژاردەکان لەبەردەستن.
وتیشی، سەرۆکی ئەمریکا هیچ هێڵێکی سوری نییە سەبارەت بە دۆسیەی ڤەنزوێلا، جەختیشدەکاتەوە ئەمریکا باشتر لە هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان، دەتوانێت شوێنی شانەکان و تیرۆریستانی مادە هۆشبەرەکان بە ئامانج بگرێت و راویان بنێت.
هیگسێس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بە تەواوی دەزانن کێ دەکەنە ئامانج و بۆچی بە ئامانجیان دەگرن و چییان پێیە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی ئەمریکا پێی وایە هەر جۆرە توندکردنەوە یان جوڵەیەک دژی ڤەنزوێلا، لەسەر بنەمای زانیاریی ورد و بەپێی هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی گشتگیر ئەنجام دەدرێت.
رێکخراوی "گرینپیس" لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ئەو جلوبەرگانەی لە رێگەی پلاتفۆرمی چینیی "شێ ئین"ەوە دەفرۆشرێن، مادەی کیمیایی مەترسیداریان تێدایە کە سنووری رێگەپێدراوی یەکێتیی ئەوروپایان تێپەڕاندووە.
لقی ئەڵمانیای رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا روونیکردووەتەوە، "لە کۆی 56 پارچە جلوبەرگ کە پشکنینیان بۆ کراوە، 18یان مادەی کیمیایی مەترسیداریان تێدابووە، هەندێکیان بە رێژەیەکی زۆر زیاتر لەو سنوورەی کە بەپێی یاساکانی ئەوروپا دیاریکراوە".
مەترسیی شێرپەنجە و لاوازکردنی بەرگریی جەستە:
رێکخراوەکە ئاماژەی بە بوونی مادەکانی وەک "فثالایت" و پێکهاتەکانی "PFAS" (کە بە ماددە کیمیاییە هەمیشەییەکان ناسراون) کردووە لەناو جلوبەرگەکاندا. ئەم مادانە بۆ دژەئاو و دژەپەڵە بەکاردەهێنرێن و بە پیسکەرێکی هەمیشەیی ژینگە دادەنرێن.
گرینپیس هۆشیداریداوە کە ئەم مادە ژەهراوییانە پەیوەندییان بە چەندین نەخۆشییەوە هەیە، لەوانە شێرپەنجە، تێکچوونی کۆئەندامی زاوزێ، کێشەی گەشەی منداڵان و لاوازبوونی سیستەمی بەرگریی جەستە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەم مادانە لە رێگەی پێست و هەڵمژینی ریشاڵەکانەوە دەچنە ناو جەستەوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە پشکنینەکان جلوبەرگی منداڵانیش دەگرێتەوە.
وەڵامی "شێ ئین"
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی فرانس پرێسدا، کۆمپانیای "شێ ئین" رایگەیاندووە، وەک "رێکارێکی خۆپارێزی"، هەر بەرهەمێک کە بوونی مادەی مەترسیداری تێدا دەستنیشان بکرێت، لەسەر ئاستی جیهان لە بازاڕەکاندا لایدەبەن.
ماوەی چەند مانگێکە پلاتفۆرمە بازرگانییە ئەلیکترۆنییەکانی ئاسیا رووبەڕووی رەخنەی توندی گروپەکانی ژینگە و مافی مرۆڤ و کۆمپانیا ئەوروپییەکان بوونەتەوە، کە بووەتە هۆی کردنەوەی لێکۆڵینەوە و سەپاندنی سزای قورس بەسەریاندا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانێکی ئاشتیی نهێنی پەسەند کردووە کە لە 28 خاڵ پێکدێت و لەگەڵ روسیا کاری لەسەر کراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆکراین لە وردەکارییەکانی پلانەکە بێ ئاگایە و داوای سازشی گەورەی لێدەکرێت.
بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی NBC News، ئۆکراین بەشداریی لە داڕشتنی پلانە پێشنیازکراوەکەدا نەکردووە و وردەکارییەکانی پێنەدراوە، بەڵکو تەنها لە چوارچێوە گشتییەکەی ئاگادارکراوەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی سوپای ئەمریکا سەردانی کیێڤیان کردووە.
یەکێتیی ئەوروپا: پێویستە فشار لەسەر دەستدرێژیکار بێت
لە کاردانەوەیەکدا، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە برۆکسل رایگەیاند: "پێویستە فشار لەسەر دەستدرێژیکار بێت، چونکە ئەوان بوون کە ئەم جەنگەیان دەستپێکرد".
کالاس وتیشی: "تا ئێستا هیچ سازشێکمان لەلایەن روسیاوە نەبینیوە، بۆیە سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە فشار بخەینە سەر دەستدرێژیکار". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی ئەوروپا پلانی هەیە بۆ لاوازکردنی روسیا و پشتیوانیکردنی ئۆکراین لە جەنگەکەدا.
هەوڵێک بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوروپا:
هاوکات، سەرەڕای راپۆرتەکان لەبارەی رێککەوتنە نهێنییەکە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و تورکیا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی نزیکی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا کردووەتەوە.
یۆهان ڤادەپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ویتکۆف لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ ئەڵمانیا و هاوبەشە ئەوروپییەکان کردووەتەوە.
ستیڤ ویتکۆف وەک یەکێک لە دانوستانکارە سەرەکییەکانی پلانە نهێنییەکەی نێوان ئەمریکا و روسیا ناوی هاتووە.
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، بەرکەوتنی تیشک لە کاتی خەوتندا، پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە هەیە.
توێژینەوەکە، کە لەلایەن توێژەرانی نەخۆشخانەی "ماساشوستس" لە بۆستنی ئەمریکاوە ئەنجامدراوە، روونیکردووەتەوە کە هەڵکردنی گڵۆپ لە کاتی خەوتندا دەبێتە هۆی ماندووبوونی مێشک و هەوکردنی خوێنبەرەکان، کە رەنگە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، تاوەکو ئاستی بەرکەوتنی تیشکی دەستکرد لە شەودا زیاتر بێت، مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیش لە داهاتوودا زیاتر دەبێت. بۆ نموونە، هەر کاتێک رێژەی تیشک بە بڕی یەک لادانی پێوانەیی زیاد بکات، ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دڵ لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 35% و لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 22% زیاد دەکات.
دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر توێژینەوەکەدا، دەرکەوتووە کە 17%ی بەشداربووان تووشی کێشەی گەورەی دڵ و خوێنبەرەکان بوون.
خەوتن لە تاریکیدا باشترینە:
جۆناسان سیدرناس، پسپۆڕی بواری خەو لە زانکۆی ئۆپسالای سوید، رایگەیاندووە، ئەم توێژینەوەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەوتن لە تاریکیدا باشترینە بۆ تەندروستی. ناوبراو دووپاتیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ سەلماندوویانە کە تیشکی شەوانە سیستەمی فیزیۆلۆجی و دەماری تێکدەدات و کاریگەری لەسەر کرداری زیندەپاڵ و هەوکردن هەیە.
ماڵپەڕی "هێدلاین" ئامۆژگاری دەدات کە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خەو، پێش خەوتن پەنجەرەی ژوورەکان دابپۆشرێن، هەموو کون و کەلێنەکان بگیرێن و ماسکی خەو بەکاربهێنرێت.
وردەکاریی توێژینەوەکە
توێژینەوەکە لەسەر 466 هەزار کەسی پێگەیشتوو ئەنجامدراوە کە پێشتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ یان شێرپەنجە نەبوون و لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2008 پشکنینی مێشکیان بۆ کراوە. توێژەران پشتیان بە داتای مانگە دەستکردەکان بەستووە بۆ پێوانەکردنی ئاستی تیشک لە ماڵی بەشداربوواندا.
ئەم توێژینەوەیە لە دانیشتنەکانی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا بۆ ساڵی 2025 خراوەتەڕوو، بەڵام تا ئێستا لە هیچ گۆڤارێکی زانستییدا بڵاونەکراوەتەوە.
كەناڵ 14ی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەیەكی كەمدا سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بڕیار لەبارەی چەكداماڵین یان دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بۆسەر حەماس دەدات.
كەناڵی 14ی ئیسرائل رایگەیاندووە، بەمزووانە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بڕیار لەبارەی شێوازی چەكداماڵینی حەماسەوە دەدات، كە ئاخۆ بە رێككەوتنی سیاسی بێت یان جارێكی دیكە دەست بە ئۆپەراسیۆنەكان بكەنەوە بۆسەر ئەو بزوتنەوەیە لە كەرتی غەززە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر جارێكی دیكە ئیسرائیل بڕیاری دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بدات، ئەوا ئۆپەراسیۆنەكانی بەشێوەیەكی بەرفراوان لە غەززەدا ئەنجام دەدات و لەرێگای هێزەوە كۆتایی بە بزوتنەوەكە دەهێنێت.
لەلایەكی دیكەوە چەند لێپرسراوێكی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، ئاگاداری ئەوەن كە حەماس دەیەوێت ئاگربەستی غەززە وەك هەلێك بقۆزێتەوە بۆ دوبارە خۆبوونیادنانەوە و لە ئێستادا بە نهێنیی لەگەڵ حزبوڵا و ئێران لە پەیوەندیدایە.