دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توند لە بەرپرسانی کیێڤ دەگرێت و رایدەگەیەنێت، سەرکردەکانی ئۆکراین هیچ جۆرە سوپاسگوزاری و پێزانینێکیان بۆ هەوڵەکانی ئەمریکا نیشان نەداوە، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە میراتگری جەنگێکە "نەدەبوو هەرگیز رووبدات".

ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین جەنگێکی توندوتیژ و ترسناکە، ئەگەر سەرکردایەتییەکی بەهێز و گونجاو لە ئەمریکا و ئۆکراین هەبوایە، هەرگیز رووی نەدەدا".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، جەنگەکە پێش ئەوەی ئەو دەستبەکاربێت بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی و لە سەردەمی ئیدارە "خاوەکەی" جۆ بایدندا دەستیپێکردووە و دۆخەکەیان خراپتر کردووە.

ترەمپ لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا دەڵێت: "ئەگەر هەڵبژاردنەکەی 2020 نەدزرایە و ساختە نەکرایە، پوتن هەرگیز پەلاماری نەدەدا، تەنها کاتێک بینی من کشاومەتەوە وتی (ئێستا دەرفەتە)، ئەوەی تریش مێژووە و تا ئێستا بەردەوامە".

سەبارەت بە دۆخی ئێستای جەنگەکە و هەڵوێستی ئۆکراین، ترەمپ بە توڕەییەوە نووسیویەتی: "من جەنگێکم بۆ مایەوە کە بۆ هەموو لایەک دۆڕاوە، بەتایبەت بۆ ئەو ملیۆنان کەسەی بەبێ هۆکار گیانیان لەدەستدا، کەچی سەرکردەکانی ئۆکراین هیچ پێزانینێکیان بۆ هەوڵەکانی ئێمە دەرنەبڕیوە".

لە کۆتاییدا ترەمپ رەخنەی لە ئەوروپا گرتووە کە هێشتا نەوت لە روسیا دەکڕن، هەروەها رەخنەی لە ئیدارەی پێشوو گرتووە و دەڵێت: "ئەمریکا بە ملیار دۆلار چەکی بەخۆڕایی داوەتە ئۆکراین، جۆی گەندەڵ هەموو شتێکی بەخۆڕایی پێدان، تەنانەت پارەیەکی زۆریش".