سوپای روسیا هێرشێکی بەرفراوانی بە موشەک و درۆن بۆ سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراین ئەنجامدا، بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، بەرپرسانی شارەکەش دەڵێن هێرشەکە باڵەخانە نیشتەجێبووەکانی کردۆتە ئامانج و زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە لە درەنگانی شەوی رابردوو دەستیپێکردووە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 29ی تشرینی دووەم بەردەوام بووە. رۆژنامەنوسان لە کیێڤ ئاماژەیان بەوە کردووە، دوای سەعات 1ی شەو دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە و بەرگرییە ئاسمانییەکان چالاک کراون.
تیمور تکاچینکۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی کیێڤ رایگەیاند، هێرشەکە تێکەڵەیەک بووە لە موشەک و درۆن و چەندین ناوچەی جیاوازی پایتەختی گرتۆتەوە. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، پیاوێک گیانی لەدەستداوە کە تەرمەکەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک لە گەڕەکی سڤیاتۆشینسکی دەرهێنراوە.
لای خۆیەوە ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردومانەکەوە 11 کەسی دیکە برینداربوون کە لە نێویاندا منداڵێک هەیە، شەش لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.
زیانەکان تەنیا گیانی نین، بەڵکو بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەی موشەک و درۆنەکانەوە، ئاگر لە چوار باڵەخانەی نیشتەجێبوون بەربووە و زیان بە 20 گەراج و چەندین شوقە لە نهۆمەکانی سەرەوە و خوارەوەی باڵەخانەکان گەیشتووە. هەروەها لە دەرەوەی کیێڤ و لە شاری برۆڤاری، باڵەخانەیەکی 9 نهۆمی زیانی بەرکەوتووە و دوو کەسیش برینداربوون.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر روسیا هێرشێکی دیکەی کردە سەر کیێڤ کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 7 کەس و برینداربوونی 20ی دیکە، بەوەش دەرکەوتووە کە روسیا ستراتیژی بەئامانجگرتنی ژێرخان و ناوچە مەدەنییەکانی لە وەرزی سەرمادا چڕتر کردۆتەوە.
بەهۆی پێنەدانی ڤیزا لەلایەن ئەمریکاوە، ئێران بەشداری لە تیروپشکی جامی جیهانیی 2026 ناکات
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بڵاویکردەوە، بەهۆی پێنەدانی ڤیزا بە ژمارەیەک لە ئەندامانی وەفدی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە، بڕیاریانداوە بەشداری لە تیروپشکی کۆتاییەکانی جامی جیهانی نەکەن، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە واشنتۆن ئەنجام بدرێت.
وتەبێژی فیدراسیۆنەکە، ئەمیر مەهدی عەلەوی، لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران ئاشکرایکرد، بە فیفایان راگەیاندووە کە بڕیارەکەیان پەیوەندی بە وەرزشەوە نییە و وەفدی ئێران بەشداری لە تیروپشکەکەدا ناکات.
وتیشی، فیدراسیۆنی تۆپی پێ لە دوو رۆژی رابردوودا نوسراوی رەسمی لەگەڵ جیانی ئینڤانتینۆ سەرۆکی فیفا و سکرتاریەتی گشتیی فیفا ئاڵوگۆڕ کردووە، بە شێوەیەکی رەسمی بابەتەکەیان بۆ روونکراوەتەوە، وەڵامی فیفاش ئەوە دەردەخات کە ئەو دامەزراوەیە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکات.
راوێژکاری ئەڵمانیا سەردانی ئیسرائیل دەکات و لەگەڵ ناتانیاهۆ پرسی ئاگربەستی غەززە تاوتوێ دەکات.
وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، فرێدریش مێرتس، راوێژکاری وڵاتەکەی لە 6 و 7ـی مانگی داهاتوو سەردانی ئیسرائیل دەکات و لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە ئاگربەستی غەززە کۆدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوانیان و پرسە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ دەکەن، دەشڵێت؛ ئەم سەردانەی راوێژکاری ئەڵمانیا، یەکەم سەردانی رەسمییەتی لەدوای دەستبەکاربوونییەوە.
جێگەی ئاماژەیە، ئەڵمانیا ماوەیەکی زۆرە یەکێکە لە پشتیوانە سەرسەختەکانی ئیسرائیل، بەڵام لە جەنگی غەززەدا زۆرترین رەخنەی لەسەر ستراتیژی حکومەتی ناتانیاهۆ گرتووە.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا دووپاتی کردەوە کە حکومەتی ئێستای ئۆکراین هیچ شەرعیەتێکی یاسایی نییە و رایگەیاند، ئیمزاکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بێمانا دەبێت، تاوەکو لەو خاکانە نەکشێنەوە کە روسیا دەستی بەسەدردا گرتوە.
سەرۆکی روسیا داواکارییە سەرەکییەکانی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکراین دووپاتکردوەتەوە و جەختیکردوەتەوە لەوەی، کە روسیا تەنیا لە حاڵەتێکدا پلانی ئاشتی قبوڵ دەکات کە هێزەکانی کیێڤ لەو خاکانە بکشێنەوە کە مۆسکۆ داوای دەکات.
پوتن لە مێژە داوای دانپێدانانی ئەو خاکانەی ئۆکراینی کردووە کە لەلایەن روسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە، لەوانە نیمچە دورگەی کریمە کە روسیا لە ساڵی 2014 بە شێوەیەکی نایاسایی خستبووە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، کە دۆنباس کە لوهانسک و دۆنێتسک لەخۆدەگرێت کە ئێستا بەشێکی زۆری لەلایەن هێزەکانی روسیاوە داگیرکراوە.
ئەم داواکارییەی پوتن، بەردەوام لەلایەن ئۆکراینەوە رەتدەکرێتەوە بە قبوڵکراو نازانرێت و رەتیکردووەتەوە دەستبەرداری ئەو بەشانەی دۆنباس بێت کە تا ئێستاش بەدەستیەوەیە.
پوتین لە سەردانەکەیدا بۆ قیرغیزستان قسەی بۆ میدیاکان کرد و کیێڤی تۆمەتبار کرد بەوەی کە دەیەوێت "تا دوا هاووڵاتی ئۆکراینی" شەڕ بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، روسیا ئامادەیە ئەگەر پێویست بکات ئەو کارە دەکات.
پوتن جەختیکردەوە لەوەی روسیا بەردەوامە لە بەرەوپیشچون لە بەرەکانی جەنگدا و ئاماژەی بەوەشدا کە شەڕەکە تەنیا کاتێک کۆتایی دێت کە هێزەکانی ئۆکراین لەو ناوچانە بکشێننەوە، ئەگەر واش نەکەن ئەوا بە زەبری هێز خۆیان ئەو کارە دەکەن.
دوابەدوای گیان لەدەستانی یەکێک لە پاسەوانەکانی گاردی نیشتمانی بەهۆی تەقەکردنی هاووڵاتییەکی ئەفغانییەوە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندوە؛ کە سیاسەتی کۆچەری ئەمریکا پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و بارودۆخی ژیانی زۆر کەسی تێکداوە و بۆ هەمیشەیی وەرگرتنی کۆچەر لە وڵاتە دواکەوتوەکانەوە رادەگرن، ئاماژەی بەوەشکردوە؛تەنها "کۆچی پێچەوانە" دەتوانێت رەوشەکە بە تەواوی چارەسەر بکات.
دۆناڵد ترەمپ لە تۆری کۆمەڵایەتی تروس، کەخۆی خاوەنداری دەکات، پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە؛ سیاسەتی کۆچبەری ئەمریکا وایکردوە، پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و بارودۆخی ژیانی زۆر کەس تێکبدات، بۆ ئەوەی سیستەمی ئەمریکی بە تەواوی بگەڕێتەوە، وەرگرتنی کۆچەر لە "هەموو وڵاتانی جیهانی سێیەم"ەوە بۆ هەمیشەیی رادەگرن.
ترەمپ باسی لەوەشکردوە؛ هەرکەسێک سەروەت و سامانی پاک نەبێت بۆ ئەمریکا، یان توانای ئەوەی نەبێت وڵاتەکەیانی خۆشبوێت، دیپۆرتی دەکاتەوە و کۆتایی بە هەموو یارمەتییە فیدراڵیەکان و پاڵپشتیەکان بۆ ئەو کەسانەی هاووڵاتی ئەمریکی نین دەهێنێت.
ترەمپ هەرەشەشی کردوە، کە رەگەزنامە لەو کۆچبەرانە دەسەنێتەوە کە ئاشتی ناوخۆیی تێکدەدەن، هەروەها هەر هاووڵاتییەکی بیانی بارگرانی بێت، هەڕەشەی ئەمنی بێت، یان لەگەڵ شارستانیەتی رۆژئاوادا نەگونجێت، دیپۆرتی دەکاتەوە.
ناوبراو بڕیارەکەی بە ئامانجی کەمکردنەوەی "دانیشتووانی نایاسایی و تێکدەر" ناوبرد و وتویەتی؛ تەنها "کۆچی پێچەوانە" دەتوانێت رەوشەکە بە تەواوی چارەسەر بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سارا باکسترۆم، پسپۆڕی پاسەوانی نیشتمانی تەمەن 20 ساڵ کە رۆژی چوارشەممە لە واشنتۆن دی سی تەقەی لێکرا، گیانی لەدەستدا.
ترەمپ باکسترۆمی بە کەسێکی " لێهاتو، گەنج و شایستە" وەسفکرد کە و ئاماژەی بەوەکرد بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشی کراوەتە سەر، ترەمپ لەگەڵ راگەیاندنی گیان لەدەستدانی ئەو خانمە ئەمریکییە، داواشی کردووە نزا بۆ برینداری دووەم بکەن کە ناوی ئەندرۆ وۆڵفە.
باکسترۆم خەڵکی ویرجینیای رۆژئاوا بووە و لە مانگی حوزەیرانی 2023ەوە لە سوپای ئەمریکادا خزمەت دەکات، ئەو و وۆڵف لە مانگی ئابەوە لە پایتەخت جێگیر بوون.
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا رەحمانوڵڵا لاکنۆو تەمەن 29 ساڵ کە بە رەچەڵەک ئەفغانیە وەک تۆمەتباری تەقەکردنەکە دەستنیشان کردوە و دەستبەسەریان کردووە.
کۆشکی سپی ئەو روداوەی ئیدانە کرد و ئیدارەی بایدنی تۆمەتبار کرد بەوەی لە رێگەی پرۆگرامی "ئۆپەراسیۆنی پێشوازیکردن لە هاوپەیمانان" رێگەی بە لاکنۆوە داوە بچێتە ئەمریکاوە.
دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی ئەفغانستان تەقەی لە دوو پاسەوانی نیشتمانی کرد، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند ئەفغانستان دۆزەخی سەر زەوییە، هاتنی ئەو تۆمەتبارەی بۆ ئەمریکاش لە دوای رووخانی رژێمی کۆماری لە ئەفغانستان بەستەوە بە سیاسەتەکانی ئیدارەی جۆ بایدنەوە لە بواری کۆچبەری.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندوە؛ جۆ بایدن بەرپرسە لە هاتنی ژمارەیەک هاووڵاتی ئەفغانی بۆ ئەمریکا و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم سیاسەتانە "مەترسی ئەمنیی جددی" بۆ ئەمریکا دروست کردووە.
ترەمپ رەخنەی لە هاتنە ناوەوەی 20 ملیۆن بیانی نەناسراو گرتووە بە هۆی سیاسەتەکانی جۆ بایدنەوە و بە زیانێکی گەورە و مەترسیدار وێنای کردوە.
دوێنێشەو بە کاتی هەرێم، لە نزیک کۆشکی سپی لە واشنتۆن تەقە لە دوو پاسەوانی نیشتمانی کراو و بەهۆیەوە بە سەختی برینداربوون، و لێکۆڵینەوەکان لە کوشتنی ئەندامانی پاسەوانی نیشتمانی بەردەوامە .
ئەو لێدوانە توندەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە رەحمانوڵڵا لەکنوالی ئەفغانی کە تەمەن 29 ساڵە، دوای رووخانی کۆمارەکە پەنای بۆ ئەمەریکا برد، لە واشنتۆن تەقەی لە دوو سەربازی پاسەوانی نیشتمانی ئەمریکا کرد.
دوای رووخانی دەسەڵاتی کابول و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەفغانستان و هاتنە سەر حوکمی تاڵیبان، هەزاران ئەفغانی داوای مافی پەنابەرییان لە ئەمریکا کردووە، تا ئێستا بەشێکی زۆریان کەیسەکانیان یەکلای نەبوەتەوە و پرۆسەی پێداچوونەوە بە کەیسەکانیاندا کاتێکی زۆری دەوێت.
رۆژ بە رۆژ داهێنانەكانی مرۆڤ سنوری زیاتر تێدەپەڕێنێت و لە نوێترین داهێناندا، كۆمپانیایەكی روسی بە رەسمی پەرەپێدانی بە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی زیندووی راگەیاند، كە بە بایۆدرۆن دەناسرێت.
بایۆدرۆن، یان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی زیندوو، رەنگە بە بیستنی ئەم ناوە توشی سەرسوڕمان ببیت، بەڵام زانست ئەوەشی كردووە بە راستی و كۆمپانیایەكی روسی، دەیەوێت روح بە بەری فڕۆكەی بێفڕۆكەواندا بكات.
كۆمپانیای نێیریی روسی بۆ تەكنەلۆژیای دەمار رایگەیاند، بە رەسمی دەستیان كردووە بە دانانی چیپێك لە مێشكی كۆتردا، بۆ ئەوەی بتوانن كۆنتڕۆڵی فڕینی كۆترەكان بكەن و لەو رێگەیەوە وەك فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان بەكاریان بهێنن بۆ چاودێری دامەزراوە دوورەدەستەكان.
لە رابردوودا چەندین جار باس لە بەرهەمهێنانی بایۆدرۆنەكان دەكرا و زانایانی هیندی و چینی و ئەمریكی چەند توێژینەوەیەكیان لەسەر بەكارهێنانی رووبەرە دەمارە چێنراوەكان بۆ مێشكی باڵندە ئەنجامداوە، بەڵام ئەمە یەكەمجارە كۆمپانیایەك بە رەسمی دەست بە پەرەپێدانی ئەو كارە بكات.
ئەسكەندەر بانۆڤ دامەزرێنەری كۆمپانیای نێیری روسی رایگەیاندووە، یەكەم پۆلی كۆتر كە چیپی زیرەكی دەستكردیان بۆ چێنراوە بە رەسمی فڕینی تاقیگەییان تەواوكردووە.
سیستمەكە بە جۆرێكە، پشت دەبەستێت بە چەند گەیەنەرێكی كارەبایی دەستكرد كە لە ناوچەیەكی دیاریكراوی مێشكی باڵندەكاندا چێنراون، ئەم گەیەنەرە كارەباییانە بەستراونەتەوە بە ناوچەی هاندان و كۆنتڕۆڵەوە، كە لەشێوەی كۆڵەپشتێكی ئەلیكترۆنیی بچوك لەسەر پشتی باڵندەكە جێگیركراون.
ئەو نەشتەرگەرییانەی بۆ باڵندەكان دەكرێت بەشێوازێكی رێكخراو و زنجیرەییە و رێگەخۆشكەرە بۆئەوەی بەشێوەیەكی ورد گەیەنەرە كارەباییەكان لە مێشكی كۆترەكەدا بچێنرێن، بەبێ ئەوەی پێویستی بە سی تی سكان و تیشكی موگناتیسی هەبێت، كە پرۆسەیەكە تێچووی زۆرە. هەر لەو رێگەیەشەوە بەكارهێنەر دەتوانێت بەپێی ئەو ئەركانەی بۆ باڵندەكە دیاریدەكرێن، كۆترەكە ئاراستە بكات.
ئەوەی جێگای دڵخۆشی زانایانە، چاندنی ئەم چیپانە لە مێشكی كۆترەكاندا ئەنجامەكەی خێرایە و وادەكات راستەوخۆ دوای نەشتەرگەرییەكە بتوانرێت جوڵەكانی كۆترەكە كۆنتڕۆڵ بكرێن، بەپێچەوانەی راهێنانی رۆژانەی ئاژەڵ و باڵندەكان كە چەندین مانگ بۆ چەندین ساڵی پێویستە تا رابهێنرێن لەسەر ئەو ئەركانەی پێیان دەسپێردرێت.
زانایانی روسی باس لەوە دەكەن، سودێكی سەرەكی چاندنی چیپەكان لە مێشكی باڵندەدا ئەوەیە، باڵندەكان دەتوانن بەردەوام بن لە ژیانی ئاسایی خۆیان، لەكاتێكدا ئەركی چاودێریشیان هەیە، هاوكات، جگە لە ئەركی چاودێریی دامەزراوە دوورەدەستەكان بۆ چاودێرییكردن لەناو قەرەباڵغی شاردا باڵندەكان هەڵبژاردەیەكی گونجاون.
ئەگەرچی لە رابردوودا كۆترەكان نامەبەر بوون، بەڵام ئێستا زانست و تەكنەلۆژیا ئەو سنورانەی تێپەڕاندووە و ئەوەندەی نەماوە كۆترەكان دەنگ و وێنەش بگوازنەوە.
ئوسترالیا سوپای پاسدارانی ئێران وەك وڵاتێكی پشتیوان بۆ تیرۆر دەستنیشان دەكات.
پێنی وانگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند، دوای هەڵسەنگاندنێكی هەواڵگری وڵاتەكەی، ئوسترالیا بریاریدا سوپای پاسدارانی ئێرانی وەك وڵاتێكی پشتیوان بۆ تیرۆر دەستنیشان بكات.
سەرەرای ئەوەی ئوسترالیا لە ساڵی 1968ەوە باڵیۆزخانەی لە تاران هەیە، بەڵام لە 26ی ئابی رابردوودا، ئوسترالیا ئێرانی تۆمەتبار كرد بەوەی كە دوو هێرشی دژە جولەكەكانی وڵاتەكەی لە سیدنی و مێلبۆرن ئەنجامداوە
لەو كاتەدا ئوسترالیا حەوت رۆژ مۆڵەتی بە باڵیۆزی تاران دا بۆ ئەوەی وڵاتەكەی بەجێبهێڵێت، ئەمەش یەكەم دەركردنی لەو شێوەیە بوو لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، پاشان ئوسترالیاش باڵوێزی خۆی لە ئێران كشاندەوە و ئۆپەراسیۆنەكانی لە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە تاران راگرت، تا ئێستاش هەر بەو شێوەیە ماوەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرامبەر روداوەکەی تەقەکردن لە نزیک کۆشکی سپی، هێرشکردنە سەر دوو ئەندامەکەی پاسەوانی نیشتمانی بە توندی ئیدانە کرد.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" ئەو کەسەی تەقەی کردووە بە "ئاژەڵ" وەسف دەکات و دەڵێت: "ئەو ئاژەڵەی تەقەی لە دوو پاسەوانەکە کردووە و بە سەختی برینداری کردوون، خۆیشی بە سەختی بریندار بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش باجێکی زۆر قورس دەدات."
ترەمپ ئاشکرایکردووە، دۆخی تەندروستیی دوو پاسەوانەکە مەترسیدارە و لە ئێستادا لە دوو نەخۆشخانەی جیاواز چارەسەر وەردەگرن.
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ ستایشی هێزەکانی سوپا و پۆلیسی کردووە و دەڵێت: "ئەوانە خەڵکانێکی بەڕاستی مەزنن، من وەک سەرۆکی ئەمریکا و هەرکەسێک لە نوسینگەی سەرۆکایەتی بێت، لەگەڵتانین."
سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاند، لە ناوەڕاستی واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا و لە نزیک کۆشکی سپی، تەقە لە دوو ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، روداوەکە کەمێک پێش ئێستا لە شەقامی 17 و "ئای" لە نزیک وێستگەی میترۆی "فاراگوت" رویداوە، کە تەنها چەند شەقامێک لە کۆشکی سپییەوە دورە. سەربازەکان سەربە هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانین، بەڵام تا ئێستا دۆخی تەندروستییان بە وردی دیار نییە.
پۆلیسی واشنتۆن گەیشتووەتە شوێنی روداوەکە و ناوچەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، لە راگەیەندراوێکیشدا داوایان لە دانیشتووان و گەشتیاران کردووە لە شوێنی رووداوەکە دوربکەونەوە. تا ئێستاش ناسنامە و شوێنی تەقەکەرەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوەکان بۆ دەستگیرکردنی بەردەوامن.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە ئێستا لە بەرزاییەکانی "مار-ئە-لاگۆ"یە لە فلۆریدا، لە وردەکاریی روداوەکە ئاگادار کراوەتەوە، کۆشکی سپیش دڵنیایی داوە کە کۆمەڵگەی سەرۆکایەتی ئامانجی راستەوخۆی هێرشەکە نەبووە.
ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەی ئەمڕۆ لە هۆنگ کۆنگ ئاگری تێبەربوو، بە تەختەبەستی بامبۆ (حەیزەران) داپۆشرابوو، کە تەکنیکێکی دێرینی بیناسازییە و مێژووەکەی بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی "هان" لە چین دەگەڕێتەوە (واتە زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر) و هێشتا بە بەرفراوانی لە شارەکەدا بەکاردێت.
ئەم جۆرە تەختەبەستانە لە هۆنگ کۆنگ دیمەنێکی ئاشنان و لەسەر باڵەخانەکان بە بەرزیی سەدان پێ دادەنرێن و زۆرجار بە تۆڕی قوماشیی رەنگاوڕەنگ (سەوز، شین و مۆر) دەپێچرێنەوە. بامبۆ (حەیزەران) تەنها بۆ دروستکردنی باڵەخانەی نوێ بەکارنایەت، بەڵکو ساڵانە لە نۆژەنکردنەوەی هەزاران باڵەخانەی مێژوویی (تۆنگ لاو) بەکاردێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە کەرەستەیەکی سەرەکیی بیناسازی لە شارەکەدا.
سەرباری گرنگییەکەی، ئەم تەکنیکە روبەڕوی رەخنەی زۆر بوەتەوە سەبارەت بە "سەلامەتی و بەرگەگرتن". هەرچەندە بامبۆ بەوە ناسراوە کە لاستیکییە (نەرمە)، بەڵام مادەیەکی خێرا گڕگرتووە و بە تێپەڕبوونی کات دادەڕزێت و مەترسی دروست دەکات.
نوسینگەی گەشەپێدانی هۆنگ کۆنگ رایگەیاندووە، لە مانگی ئازارەوە دەبێت 50%ی پرۆژە گشتییە نوێیەکان تەختەبەستی کانزایی (ئاسن) بەکاربهێنن بۆ "پاراستنی باشتری کرێکاران" و گونجان لەگەڵ پێوەرە مۆدێرنەکانی بیناسازی لە "شارە پێشکەوتووەکان"دا.
ئەم بڕیارەی حکومەت ناڕەزایەتیی بەشێک لە دانیشتووانی لێکەوتەوە و زۆرێکیان پێیان وایە تەختەبەستی بامبۆ "میراتی کولتورییە" و دەبێت بپارێزرێت.
گۆمان هۆ، ئەندازیاری بیناسازی لە کۆمپانیای ئەندازیاریی بەریتانی (ئاروپ) بە سی ئێن ئێن-ی راگەیاندووە: "دەبێت رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بدۆزینەوە"، ناوبراو پێشنیار دەکات دارەکان بە مادەی "ئیپۆکسی" یان گیراوەی پلاستیکی روپۆش بکرێن بۆ رێگری لە داخوران و پاراستنی ئەم کولتورە.
کۆمەڵێک لە فەرماندە سەربازییەکانی غینیا بیساو، کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی وڵاتیان راگەیاند و هەریەکە لە سەرۆک کۆمار و سوپاسالاریان دەستگیرکرد، هەروەها سنورەکانیان داخست و پرۆسەی هەڵبژاردنیان هەڵپەسارد.
عومەر سیسۆکۆ ئیمبالۆ، سەرۆکی ماوەبەسەرچووی غینیا بیساو بۆ گۆڤاری "جون ئەفریق"ی پشتڕاستکردەوە کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تشرینی دووەم، لە کاتێکدا لە نووسینگەکەی خۆی بووە لە کۆشکی سەرۆکایەتی، دەستگیرکراوە.
هاوکات لەگەڵ سەرۆکدا، هەریەکە لە ژەنەڕاڵ بیاجی نا نتان، سوپاسالار و مامادۆ تورێ، جێگری سوپاسالار و بۆچی کاندی، وەزیری ناوخۆش دەستگیرکراون.
بەپێی زانیارییەکان، کودەتاچییەکان لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاندووە تا ئاگادارکردنەوەیەکی تر دەسەڵاتیان گرتوەتەدەست و کارکردنیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن راگرتووە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن دەنگی تەقە لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بیستراوە و هێزێکی زۆر لە شەقامەکان بڵاوەیان پێکراوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە بڕیاربوو سبەی پێنجشەممە ئەنجامی رەسمیی هەڵبژاردنەکان رابگەیەنرێت، کە تێیدا هەریەکە لە عومەر سیسۆکۆ و فێرناندۆ دیاس-ی رکابەری، سەرکەوتنی خۆیان راگەیاندبوو. جێی ئاماژەیە غینیا بیساو مێژوویەکی پڕ لە ئاڵۆزیی هەیە و لە دوای سەربەخۆییەوە 4 کودەتا و چەندین هەوڵی شکستخواردوی بەخۆیەوە بینیوە.
غینیا بیساو دەکەوێتە رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا و لە رۆژئاواوە دەڕوانێتە سەر زەریای ئەتڵەسی. ئەم وڵاتە لە باکورەوە هاوسنورە لەگەڵ سەنیگال و لە باشور و رۆژهەڵاتیشەوە هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی غینیا.
سەبارەت بە روبەرەکەی، غینیا بیساو بە وڵاتێکی بچوک دادەنرێت و روبەری گشتییەکەی 36 هەزار و 125 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، کە بەشێکی زۆری لە دورگەکان پێکهاتووە و دیارترینیان دورگەکانی "بیژاگۆس"ـە. پایتەختی وڵاتەکەش شاری بیساو-ە.
بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری هۆنگ کۆنگ، لانی کەم 13 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، دەسەڵاتدارانیش رووداوەکەیان بە بەرزترین ئاستی مەترسی لەقەڵەم دا.
رووداوەکە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆمەڵگەی "وانگ فوک کۆرت" لە ناوچەی "تای پۆ" رویداوە، ئاگرەکە سەرەتا لە دارە "حەیزەران"ـەکانەوە دەستیپێکردووە کە وەک تەختەبەست (سەقەلە) بۆ نۆژەنکردنەوەی دەرەوەی بیناکان بەکارهێنراون، دواتر بە خێرایی تەشەنەی کردووە و پێنج باڵەخانەی گرتوەتەوە.
بەپێی میدیا جیهانییەکان، تا ئێستا گیانلەدەستدانی 13 کەس پشتڕاستکراوەتەوە کە یەکێکیان کارمەندێکی ئاگرکوژێنەوەی تەمەن 37 ساڵە، هەروەها 22 کەسی دیکەش برینداربوون کە دۆخی تەندروستیی بەشێکیان ناجێگیرە.
بەهۆی ئەوەی بیناکان لە 31 نهۆم پێکهاتوون، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووان لەناو ماڵەکانیاندا گیریان خواردووە و تیمەکانی فریاگوزاری پەیوەندییان بەشێک لە خێزانەکانەوە لەدەستداوە. دەسەڵاتداران ئاستی مەترسیی ئاگرەکەیان بۆ پلە پێنج (بەرزترین ئاست) بەرزکردەوە و زیاتر لە 700 ئاگرکوژێنەوە بەشداری لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە و بەهۆی گەورەیی کارەساتەکەوە، حزبە سیاسییەکانی هۆنگ کۆنگ بڕیاریاندا بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی یاسادانان بەشێوەیەکی کاتی رابگرن، لە کاتێکدا بەشێک لە هاووڵاتیان توڕەیی خۆیان دەردەبڕن و حکومەت بە "کەمتەرخەم" وەسف دەکەن.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، هەر رێککەوتنێک بۆ ئۆکراین بکرێت دەبێت ئاشتییەکی دادپەروەرانەی لێبکەوێتەوە و گۆڕینی سنور بە زەبری هێز رەتدەکەنەوە، هاوکات مۆسکۆ ئاشکرایکرد نوسخەی نوێی پلانی ئاشتیی ئەمریکایان بەدەستگەیشتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دانیشتنێکی ئەوروپی لە ستراسبۆرگ، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، ئەوروپا بە هیچ شێوەیەک قبوڵی نییە سنورەکانی ئۆکراین بە زەبری هێز دەستکاری بکرێن.
ڤۆن دێر لاین وتیشی: "دیاریکردنی ژمارەی هێزەکانی ئۆکراین و سنوردارکردنیان (کە لە پلانە پێشنیارکراوەکاندا هەیە)، وادەکات ئەو وڵاتە لە داهاتوودا روبەڕوی مەترسی هێرشکردنە سەر ببێتەوە، ئەمەش لای ئەوروپییەکان قبوڵکراو نییە." جەختیشی کردەوە لەوەی هەر رێککەوتنێک دەبێت گرەنتیی ئەمنیی راستەقینە بۆ ئۆکراین و ئەوروپاش لەخۆبگرێت و پشتیوانیی تەواوی یەکێتییەکەشی بۆ بە ئەندامبوونی ئۆکراین دوپاتکردەوە.
جوڵە دیپلۆماسییەکانی روسیا و ئەمریکا:
لەلایەکی دیکەوە، یوری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی ڤلادیمێر پوتن رایگەیاند، مۆسکۆ نوێترین نوسخەی پلانی ئاشتیی ئەمریکای بەدەستگەیشتووە و "هەندێک لە بەندەکانی پلانەکە پێویستی بە شیکردنەوەی ورد و جدی هەیە".
ئوشاکۆڤ ئاشکرایکرد، دوێنێ لە ئەبوزەبی، نێردەی ئەمریکا لەگەڵ نوێنەرانی ئۆکراین و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەگەڵ نوێنەری روسیا کۆبوەتەوە، هەروەها نوێنەرانی هەواڵگریی روسیا و ئۆکراین پرسە هەستیارەکانی وەک "دیلەکان"یان تاوتوێ کردووە. بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا سەردانی مۆسکۆ بکات.
پێشتر کۆپی یەکەمی پلانە ئەمریکییەکە پێشنیاری دەستبەرداربوونی کیێڤ لە نیمچە دورگەی قرم و ناوچەی دۆنباس، چەکداماڵینی خێرسۆن و زاپۆریژیا، دەستبەرداربوون لە ئەندامێتی ناتۆ و کەمکردنەوەی ژمارەی سوپای ئۆکراینی دەکرد، هەروەها نابێت هیچ هێزێکی بیانی لەسەر خاکی ئۆکراین بن، کە ئەمانە داواکاریی روسیا بوون. ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاندووە گۆڕانکاریی باش لە پلانەکەدا کراوە، بەڵام هێشتا پرسە هەستیارەکان ماون گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند لە راگرتنی جەنگ لە ئۆكراین نزیك بوەتەوە و نوێنەرەكەشی رەوانەی روسیا دەكات بۆ كۆبونەوە لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند؛ ستیڤ ویتكۆف، وەك نوێنەری خۆی رەوانەی مۆسكۆ دەكات بۆ كۆبونەوە لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا ئەوەش بە ئامانجی بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆكرانیا.
ترەمپ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردوەتەوە، روسیاو ئۆكراین لە رێككەوتن نزیك بونەتەوە و تەنها چەند خاڵێكی ناكۆكی ماوەتەوە بۆئەوەی بگەنە بریاری راگرتنی ئەو جەنگە، لە كاتێكدا سەركردەكانی ئەوروپا گومانیان هەیە و هێرشەكانی روسیاش تا ئێستا بەردەوامە.
سەرۆكی ئەمریكا هیوای خواستوە كە بەمزوانە لەگەڵ پوتن و ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی كۆببێتە بە مەبەستی رێككەوتنی ئاشتیی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویكردوەتەوە هاوكات لەگەڵ پەیامەكەی ترەمپ بۆ ئاگربەست هێرشەكانی روستا بۆ سەر چەند ناوچەیەكی ئۆكراین چڕتر بوەتەوە و دانیشتوانی ئەو ناوچانەش رویان لە پەناگا و میترۆكان كردوە.