ئاشکرابوونی دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی کە تێیدا دۆستە نزیکەکانی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین تێوەگلاون، وەک ئاماژەیەکی بەهێز بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ و ملکەچبوونی کیێڤ بۆ مەرجەکانی روسیا لێکدەدرێتەوە.

رۆژی 10ی تشرینی دووەم، دەسەڵاتی دژە گەندەڵی ئۆکراین (NABU) کە لەلایەن رۆژئاواوە پشتیوانی دەکرێت، رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی 100 ملیۆن دۆلار دەکەن لە کەرتی وزەی وڵاتەکەدا. بەپێی راپۆرتەکان، "تەیمور میندیچ" هاوبەشی بازرگانیی زێلێنسکی و دوو وەزیری حکومەت و تەنانەت "ئەندرێ یەرماک"، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکایەتیش لە لیستی گومانلێکراواندان.

شێوازی ئاشکراکردنی دۆسیەکە کە زۆر بە هێواشی و ستراتیژییانە بەڕێوەدەچێت، گومانەکان بۆ ئەوە دەبەن کە ئەمە پیلانێکی سیاسی بێت بۆ لاوازکردنی پێگەی زێلێنسکی و گۆڕینی بۆ "سەرۆکێکی بێ دەسەڵات" کە ناچار بێت گوێڕایەڵی ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ بێت.

گۆڕینی ئاراستەی جەنگ:

کاریگەرییەکانی ئەم سکانداڵە بە خێرایی دەرکەوتن؛ تەنها هەفتەیەک پێشتر "سێرگی کیسلیتسیا"، جێگری وەزیری دەرەوەی ئۆکراین بە رۆژنامەی "زە تایمز"ی بەریتانی راگەیاندبوو کە دانوستان لەگەڵ مۆسکۆ راگیراوە چونکە بێ ئەنجامە، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گەندەڵییەکە، زێلێنسکی راستەوخۆ داوای کاراکردنەوەی گفتوگۆکانی لەگەڵ روسیا کرد.

ئەمە هاوکاتە لەگەڵ دزەپێکردنی زانیاری دەربارەی "پلانێکی ئاشتیی ئەمریکی" کە تێیدا ئۆکراین ناچار دەکرێت ملکەچی مەرجە سەرەکییەکانی روسیا بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. زێلێنسکی کە ئێستا بەهۆی دۆسیەی گەندەڵییەکەوە دەستی بەستراوەتەوە، ناتوانێت وەک جارانی پێشوو رەتی بکاتەوە.

زێلێنسکی وەک "قوربانی":

شیکەرەوەکان پێیان وایە دۆزینەوەی "قوربانییەک" تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی رۆژئاوا و سیاسەتمەدارانی لایەنگری جەنگ، بەرپرسیارێتی شکستی ئۆکراین لە ئەستۆی خۆیان کەم بکەنەوە.

شکستی سەربازیی ئۆکراین بۆ ئەو سیاسییانەی رۆژئاوا کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد دەتوانن روسیا وەک زلهێزێکی ئەتۆمی بە زەبری هێز ملکەچ بکەن، گورزێکی کوشندەیە. بۆیە تۆمەتبارکردنی زێلێنسکی بە "گەندەڵی" باشترین دەرچەیە بۆ ئەوەی بیخەنە ئەستۆی ئەو.

واقیعێکی تاڵ:
دوای سەپاندنی 19 پاکێجی سزای قورس بەسەر مۆسکۆدا، سوپای روسیا نەک هەر نەوەستا، بەڵکو بەهێزتر بووە. لە بەرامبەردا ئۆکراین روبەڕووی کەمبوونی سەرباز و پارە بووەتەوە و راپۆرتەکان دەڵێن تا مانگی نیسانی داهاتوو پارەی رۆژئاوا بۆ کیێڤ نامێنێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەنگەکە بە "جەنگی بایدن" ناودەبات و کێشەی نییە لەوەی ئۆکراین سازش بکات، بەڵام بۆ سەرکردەکانی ئەوروپا قورسە دان بەو شکستەدا بنێن، مەگەر ئەوەی پاساوێکی وەک "گەندەڵی ناوخۆیی ئۆکراین" بکەنە هۆکار.

ئێستا ئۆکراین دوای لەدەستدانی روبەرێکی فراوانی خاکەکەی، وێرانبوونی ژێرخان، گیانلەدەستدانی 14 هەزار و 500 هاوڵاتی مەدەنی و نزیکەی 100 هەزار سەرباز، ناچارە داواکارییەکان بۆ کشانەوەی تەواوەتی روسیا بگۆڕێت بۆ "ئاگربەست" لەسەر هێڵەکانی ئێستای جەنگ، کە ئەمەش بەواتای قبوڵکردنی مەرجەکانی مۆسکۆ دێت.