بۆ یەکەمجار لە مێژوی وڵاتەکەدا؛ هەناردەی ساڵانەی کۆریای باشوور 700 ملیار دۆلاری تێپەڕاند
بڵند
٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
هێشتا ساڵ کۆتایی نەهاتوە و حکومەتی کۆریای باشور سەرکەوتنی خۆی لە هەناردەکردن بۆ ئەمساڵ راگەیاند و بە گوێرەی داتاکان، ئەو وڵاتە توانیویەتی بۆ کەمجار لە مێژویدا بە بەهای 700 ملیار دۆلار کاڵا و شتومەک هەناردەی دەرەوە بکات.
حکومەتی کۆریای باشوور رایگەیاند، توانیویانە بەسەر کۆسپەکاندا سەربکەون و بۆ یەکەمجار هەناردەکردنی ساڵانەیان بۆ ساڵی 2025، زیاترە لە 700 ملیار دۆلارە، هۆکاری گەشەسەندنەکەش بەهێزی کەرتی نیمچە هێڵکار و چیپەوە(ئەلیکترۆنیات)ـە لە وڵاتەکەدا.
بە گوێرەی داتاکان، هەناردەکردنی کەڵەکەبوو تا مانگی 11ـی ئەمساڵ گەیشتەوەتە 640.2 ملیار دۆلار، کە بە رێژەی 2.9% زیادیکردووە، پێشبینی دەکرێت لە مانگی 12 گەشەی ئابوری بەردەوام بێت و لە چەند رۆژی یەکەمدا بە رێژەی 6.8% بەرزبووەتەوە.
حکومەتی کۆریای باشور، هۆکاری گەشەسەندی هەناردەی وڵاتەکەی بۆ خواستی جیهانیی لەسەر تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و زیرەکی دەستکرد گەڕاندوەتەوە.
ئەم پێشکەوتنی ئابورییەی وڵاتی کۆریای باشور، هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی هەندێک لە کەرتە تەقلیدییەکانی وەک پۆڵا و پترۆکیمیایی لە جیهاندا و بەشێک لە وڵاتان بە پێچەوانەوە لە کەرتی ئابوریدا لە پاشەکشەدان.



