کیم جۆنگ ئون داوای زیادکردنی بەرهەمهێنانی موشەک دەکات
راهۆز
٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆکی کۆریای باکور پلانی دروستکردنی کارگەی نوێی تەقەمەنی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، زیادکردنی بەرهەمهێنانی موشەک و تۆپ زۆر گرنگە بۆ بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی جەنگ.
میدیای رەسمی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور لە کاتی سەردانیکردنی بۆ کۆمپانیا گەورەکانی دروستکردنی تەقەمەنی، فەرمانی کردووە بەرفراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی موشەک و گولـلە تۆپ ئەنجام بدەن.
کیم جۆنگ ئون ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاری دروستکردنی کارگەی نوێی تەقەمەنی لە کۆنگرەی داهاتووی حزبدا دەدرێت، تا بتوانن پێداویستییەکانی هێزی موشەکی و تۆپخانەی سوپای گەل پڕبکەنەوە.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، پێنجشەممەی رابردوو میدیاکان بڵاویانکردەوە کیم بەسەردانێک چاودێری دروستکردنی ژێردەریاییەکی ئەتۆمیی کردووە کە کێشەکەی 8700 تەنە و موشەکی ستراتیژیی لەسەر جێگیر دەکرێت.
چاودێران پێیانوایە ئەم هەنگاوەی کۆریای باکور پەیوەندی بە ناردنی چەک و سەربازەوە هەیە بۆ روسیا، بەتایبەت دوای ئەوەی باس لە ناردنی 15 هەزار سەربازی ئەو وڵاتە کرا بۆ پشتیوانی مۆسکۆ لە جەنگی ئۆکراین.



