وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، فڕۆکە بۆمب هاوێژە دوور مەوداکانیان بەسەر ئاوەکانی باکوری ئەوروپادا فڕیون و ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئۆپراسیۆنە سەربازیەکەیان  بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە شێوەیەکی رێکوپێک لە ناوچە جیاجیاکان ئەنجام دراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگری روسیا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە تیایدا فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی( Tu-95MS بە ئاسمانی دەریای نەرویجی و بارێنتس لە باکوری ئەوروپا دەسوڕێنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەوروپا ئا،ادەکاری دەکەن بۆ بەڕێوەچونی بۆنەکانی سەری ساڵ.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گەشتە پلانبۆداڕێژراوە بەشێک بووە لە ئپراسیۆنێکی ئاسمانی مەودا دوور، کە لەو ماوەیەدا فڕۆکە بۆمبڕێژکراوەکانی روسیا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی "وڵاتانی بیانییەوە" یاوەری کراوە، بەبێ هێنانی ناوی ئەو وڵاتە.

بەرپرسانی سەربازی روسیا رایانگەیاندووە، گەشتەکە لە چوارچێوەی "بەڵێنەکانی شەڕ و مەشقکردن" ئەنجامدراوە و تا ئێستا حکومەتەکانی ئەوروپا هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە نەداوە.

لەلایەکی دیکەوە سوپای پۆڵەندا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەیان رێگرییان لە فڕۆکەیەکی سیخوڕی روسی کردووە بەسەر دەریای باڵتیکدا فڕیوە و دوابەدوای روداوەکە بەشێک لە ئاسمانی پۆڵەندا داخرا.

ئەمە لە کاتێکدایە لای خۆشیانەوە بەرپرسانی ژاپۆن، رایانگەیاند بوو، لە ئۆپراسیۆنێکی  ئاسمانی هاوبەشی نێوان روسیا و چین فڕۆکە جەنگییەکانیان  سەرەتا بەسەر دەریای ژاپۆن و دواتر لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکانی چین بەسەر دەریای رۆژهەڵاتی چیندا فڕیون و جارێکیش بە تەواوی ژاپۆنیان سووڕاونەتەوە.