سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی دۆناڵد ترەمپ دەکات و هیوای وایە پێش هاتنی ساڵی نوێ بڕیاری گرنگ لەبارەی ئاشتییەوە بدرێت.

ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە پۆستێکدا لە تێلیگرام و ئێکس ئاشکرای کرد، بەمزووانە سەردانی ئەمریکا دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

زیلێنسکی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای وەرگرتنی زانیاری لە رۆستەم عومەرۆڤ، گەورە دانوستانکاری ئۆکراین سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە "دەکرێت پێش هاتنی ساڵی نوێ بڕیار لەسەر زۆر شت بدرێت".

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "کیێڤ پۆست"، بڕیارە کۆبوونەوەکە لە 28ی کانونی یەکەم لە مار ئا لاگۆ لە فلۆریدا بەڕێوەبچێت.

زیلێنسکی باسی لەوەش کردووە کە گفتوگۆیەکی "بەرهەمدار"ی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەر هەبووە و بیرۆکەی نوێیان بۆ ئاشتی راستەقینە و خشتەی کاتی تاوتوێ کردووە.

ئەم جموجۆڵانە لە کاتێکدایە کە ترەمپ فشار دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە.