جیهانجیهان

لەم هەفتەیەدا کۆریای باکور نزیکەی 10 موشەکی ئاڕاستەی دەریای زەرد کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە وەزیری جەنگی ئەمریکا و وەزیری بەرگری کۆریای باشور سەردانی ناوچەی ئارامیان لە سنوری هەردوو کۆریاکە کردووە.

سوپای کۆریای باشور ئاشکرایکرد، کۆریای باکور 10 موشەکی لە سیستمی موشەکی فرە-هەڵدانییەوە ئاڕاستەی باکوری دەریای زەرد کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە وردی چاودێری جوڵەکانی باکور دەکەن، ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ وەڵامدانەوەی بەهێز بۆ هەر هەڕەشەیەک.

سوپای کۆریای باشور راشیگەیاند، هەڵدانی ئەو موشەکانە لە کاتێکدایە وەزیری بەرگری کۆریای باشور ئان گیو-بێک و پیت هیگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا سەردانی  ناوچەی بێچەکی نێوان هەردوو کۆریایان کردووە.

جێگەی ئاماژەیە، هەفتەی رابردوو پێش سەردانەی ترەمپ بۆ کۆریای باشور  بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئاپێک، کۆریای باکوری موشەکێکی بالیستی کورت مەودای تاقیکردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگربەستی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە "پتەوە و لاواز نییە،" هاوکات هۆشدارییەکی توندیشی ئاڕاستەی حەماس کرد.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس" کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند: "دەکرێت حەماس یەکسەر لەناوببرێت ئەگەر بە شێوەیەکی باش رەفتار نەکات، ئەوانیش باش ئەوە دەزانن." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر بییەوێت، دەتوانێت بە خێرایی حەماس چەک بکات."

لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ ستایشی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد و وتی "پیاوێکی زۆر بەهرەمەندە" و بەڵێنیدا هاوکاری بکات بۆ دەرچوونی لەو دۆسیە یاساییانەی رووبەڕووی بووەتەوە. وتیشی: "کەس وەک من پشتیوانی نەکردووە... پێموانییە مامەڵەیەکی باشی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام من پاڵپشتیم کرد."

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە "هەندێک لە رەفتارەکانی نەتانیاهۆی بەدڵ نەبووە" و وتی: "ئێوەش بینیتان من چیم کرد لەبەرامبەر ئەوەدا،" کە ئاماژە بوو بۆ سەپاندنی ئاگربەست لە غەززە دوای دوو ساڵ لە شەڕێکی خوێناوی.

مانگی رابردوو، ترەمپ پلانێکی 20 خاڵیی بۆ کەرتی غەززە خستەڕوو کە چەککردنی ناوچەکە، رادەستکردنی ئیدارەکەی بە لیژنەیەکی تەکنۆکراتی کاتی لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتی، ئاوەدانکردنەوە و کشانەوەی پلە بە پلەی ئیسرائیلی لەخۆگرتبوو.

رێککەوتنی ئاگربەستەکە کە لە 10ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە کاری پێدەکرێت، ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییە زیندووەکانی لەخۆگرتبوو—کە ئەمەش جێبەجێکرا—لەگەڵ رادەستکردنەوەی تەرمی کوژراوەکان.

تا ئێستا حەماس تەرمی 20 بارمتەی رادەستکردووەتەوە و هێشتا 8 تەرمی دیکە ماون. سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە رووفاتی عومەر نیوترا، هاوڵاتییەکی ئەمریکی-ئیسرائیلی کە فەرماندەی تانک بووە لە سوپای ئیسرائیل، لەنێو ئەو تەرمانەدا بووە کە دوێنێ رادەستکراونەتەوە.

لەبەرامبەردا، بەپێی رێککەوتنەکە، ئیسرائیل بەرامبەر وەرگرتنەوەی رووفاتی هەر بارمتەیەکی، رووفاتی 15 فەلەستینی رادەست دەکاتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وێب سایتی "The American Conservative" ئەگەری ئەوەی بەدوور نەزانیوە کە ئۆکراین بەرپرسیار بێت لەو تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوانەی کە لەم دواییانەدا لە پاڵاوگە نەوتییەکانی هەنگاریا و رۆمانیا روویانداوە.

وێب سایتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "میدیاکانی هەنگاریا نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەوەی ئۆکراین لەپشت هێرشەکانی سەر هەردوو وڵاتە ئەوروپییەکەوە بێت. هەروەها چەندین شیکار گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە رەنگە ئۆکراین سەرچاوەی هێرشەکان بێت."

بەپێی راپۆرتەکە، تەقینەوەکان لە هەنگاریا و رۆمانیا روویانداوە، کە دوو وڵاتن هێشتا نەوتی روسیا دەکڕن و ئەو پاڵاوگانەش کە کراونەتە ئامانج، کاریان پاڵاوتنی نەوتی خاوی روسیا بووە. بەتایبەتی لە رۆمانیا، تەقینەوەیەک پاڵاوگەیەکی سەر بە کۆمپانیای "لوکئۆیڵ"ی روسیای هەژاند.

هۆکارێکی دیکەی گومانەکان ئەوەیە کە رووداوەکان لە 20ی تشرینی یەکەمدا روویانداوە، کە هەمان رۆژ وەزیرانی وزەی یەکێتیی ئەوروپا کۆتوبەندی نوێیان خستەسەر هاوردەکردنی نەوتی روسیا.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوت لە شاری براتیسلاڤای پایتەختی سلۆڤاکیاش کەوتووەتەوە، کە ئەم پاڵاوگەیەش سەر بە گروپی MOLی هەنگارییە و نەوتی خاوی روسیا لە رێگەی هێڵی بۆریی "دروژبا"وە دەپاڵێوێت.

لە لایەکی دیکەوە، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا رایگەیاندووە، بوداپست ئەگەری ئەوە رەتناکاتەوە کە ئاگرکەوتنەوەکەی پاڵاوگەی گروپی MOL بەهۆی هێرشێکی دەرەکییەوە بووبێت.

وێب سایتە ئەمریکییەکە سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشاوە کە "بێدەنگییەکی بەرچاو" لە میدیاکانی رۆژئاوادا لەبارەی ئەم رووداوانەوە هەبووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، دوو هاوڵاتیی بەریتانییان دەستگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت دەستیان لەو هێرشەی ناو شەمەندەفەرێکدا هەبووبێت کە لە پارێزگای کامبریجشێر روویدا و بووە هۆی برینداربوونی نۆ کەس.

پۆلیس جەختی کردەوە، لێکۆڵینەوەکان وەک کردەوەیەکی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ روداوەکەدا ناکەن و روونیکردەوە، "هەرچەندە پۆلیسی دژە تیرۆر لە قۆناغەکانی سەرەتای لێکۆڵینەوەکەدا بەشداربوو، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی هێرشەکە پاڵنەری تیرۆریستی لەپشتەوە بووبێت."

جۆن لۆڤلێس، ئەفسەری پۆلیس، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، چوار لە بریندارەکان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، بەڵام دۆخی تەندروستیی دوو کەسی دیکەیان هێشتا ناجێگیرە.

ئەو ئەفسەرە ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوو گومانلێکراوەکە بەریتانین، یەکێکیان تەمەنی 32 ساڵە و رەشپێستە، ئەوی دیکەیان تەمەنی 35 ساڵە و بە رەچەڵەک خەڵکی کاریبییە.

رووداوەکە ئێوارەی رۆژی شەممە لە یەکێک لەو شەمەندەفەرانەدا رویدا کە بەرەو باکووری ئینگلتەرا دەچوو، ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو سەرنشینەکاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هێندەی نەماوە جەنگێکی دیکە هەڵگیرسێنێت و  فەرمانی بە وەزارەتی جەنگی وڵاتەکەی کرد، خۆی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر وڵاتی نێجیریا ئامادە بکات، ئەمەش لە دوای تۆمەتبارکردنی توندوتیژییەکان بەرانبەر مەسیحییەکانی ئەو وڵاتە، ئەم تۆمەتە حکومەتی نێجیریا رەتیدەکاتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس کە خۆی خاوەندارێتی دەکات پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە، ئاماژەی بە "کۆمەڵکوژی مەسیحییەکان" کردوە و نوسیویەتی؛ "دەستبەجێ کۆتایی بە هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکانی نەیجیریا دەهێنێت و داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد بەخێرایی هەنگاو بنێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ هێرشکردنەسەر نێجیریا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێت بچێتە ناو "وڵاتی بەدناو"ـەوە کە مەبەستی نێجیریایە بۆ لەناوبردنی "تیرۆریستە ئیسلامییەکان" کە ئەو تاوانانەیان ئەنجامداوە و  هۆشداریشیداوە  ئەگەر هێرش بکەن، ئەوا خێرا و توند و یەکلاکەرەوە دەبێت.

مەسیحی و موسڵمانەکان لە نەیجیریا بوونەتە قوربانی هێرشی ئیسلامییە توندڕەوەکان، توندوتیژی لەو وڵاتەدا هۆکاری جۆراوجۆری هەیە؛ هەندێک رووداو پاڵنەری ئایینییان هەیە و کاریگەرییان لەسەر هەردوو گروپەکە هەیە، هەندێکی تریش لە ناکۆکی نێوان جووتیاران و مەڕدارەکان لەسەر سەرچاوە سنووردارەکان و هەروەها گرژییە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوە دەگرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، ئەمریکا لە ئێستادا لەهەوڵی فراوانکردنی ئۆپراسیۆنەکانیدایە و ژمارەی سەربازەکانی زیاتر دەکات لە دەریای کاریبی و بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان  تا ئێستا 16 هەزار سەربازی لە سنوری ڤەنزوێلا جێگیر کردوە.

 رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە؛ کە ئەو 16 هەزار کەسە، 10هەزار سەرباز و شەش هەزاریشان دەریاوانن ، جەختیشی لەوە کردووەتەوە خەمڵاندنەکان لەسەر بنەمای ژمارەی ئەو کەشتیانەن کە پنتاگۆن رایگەیاندوە؛ یان بە رەسمی پشتڕاستیکردووەتەوە کە لە سنورەکەدا جێگیر کراون.

جگە لە ژێردەریایی ئەتۆمی، لە ئێستادا هەشت کەشتی جەنگی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکە جێگیرکراون، هەروەها گروپێکی دیکە لە کەشتیی فڕۆکە هەڵگرەکانی یو ئێس ئێس جیراڵد ئاڕ فۆرد لە رێگادایە بۆ دەریای کاریبی و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بگاتە شوێنی مەبەست.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا لە ماوەی مانگی ئەیلول و تشرینی یەکەمدا پەرەی سەندووە، لەو ماوەیەدا واشنتۆن چەندین ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدا و ئەو بەلەم و کەشتیانەی کردوەتە ئامانج کە بانگەشەی قاچاخی مادەی هۆشبەریان دەکرد.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستا ئیدارەی ئەمریکا بیر لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دەکاتەوە بۆ ئەوەی هێرشەکانی لە ناو خاکی ڤەنزوێلاش بگرێتەوە  و "تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان" کە ئەمریکا وا ناویان دەبات  بکاتە ئامانج.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دابینکردنی موشەکی تۆماهۆک بۆ ئۆکراین، بەڵام ترەمپ دوودڵە.

کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەتەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا 'پنتاگۆن' بەشێوەیەکی بنەڕەتی رەزامەندی داوە لەسەر دابینکردنی موشەکی تۆماهۆک و دوور مەودا بۆ ئۆکراین.

سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکەوە لە پنتاگۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، دابینکردنی موشەکە پێشنیازکراوەکان بۆ کیێڤ دەتوانن توانای هێرشبردنێکی بێ وێنە بە هێزەکانی ئۆکراین ببەخشن، کە رێگە بە هێزەکانی ئۆکراین دەدات بنکە سەربازییەکان و دامەزراوە گرنگەکان لە قوڵایی روسیادا بکەنە ئامانج، ئەگەر ترەمپ رەزامەندی لەسەر بدات.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، سەرکردایەتی سەربازی ئەمریکا ئامادەیی لۆجستی خۆی بۆ رادەستکردنی ژمارەیەکی سنوردار لە موشەکەکان دووپاتکردووەتەوە، بەڵام چاوەڕێی ئاراستەکانی کۆشکی سپی و بڕیاری کۆتایی دۆناڵد ترەمپن بۆ دیاریکردنی قەبارە و ژمارەی موشەکەکان و کاتی جێبەجێکردنی.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، مۆسکۆ بە توندی دژایەتی پێشنیازی دابینکردنی موشەکی تۆماهۆک و دوور مەودا بۆ ئۆکراین دەکات، هەروەها دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی روسیا هۆشداریدا کە دابینکردنێکی موشەکی تۆماهۆک بۆ کیێڤ هەڵکشانی مەترسیدار دەبێت و لەوانەیە بە ئەنجامێکی کارەساتبار بۆ هەمووان کۆتایی بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا جەختدەکاتەوە، لە ئێستادا بیر لەوەناکەنەوە هێرشەکانیان لەناو خاکی ڤەنزوێلا ئەنجامبدەن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئێستادا بیر لەوەناکەنەوە هێرشەکانیان بکەنە سەر خاکی ڤەنزوێلا، ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژنامە جیهانییەکان و ئەمریکییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئیدارەی ترەمپ پلانی فراوانبوونی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەی کاریبی داڕشتووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕی قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەکان.

وتیشی، ئەوان سەرنجیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و تاوانەکانی سنور بەزاندنە، لەئێستادا بڕیاریان نەداوە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن و لێدانی راستەوخۆ لە ڤەنزوێلا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا پێشتر زنجیرەیەک هێرشی دەریایی و ئاسمانی راگەیاندبوو، کە بەلەمەکانی قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەکان لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلایان کردبووە ئامانج.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی تورکیا دەڵێت: هیوادارم روسیا و ئۆکراین بەم زووانە بگەنە رێککەوتنی ئاشتی.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەنگی ئۆکراین، ئەوان بەرپرسیارێتی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە و دادپەروەرانەی هەمیشەییانە بۆ ئەو جەنگە گرتوەتە ئەستۆ.

وتیشی، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی تەواو بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەردوولا بگەنە رێککەوتنێک کە رێگە خۆشکەربێت بۆ ئەوەی هەردوو وڵاتی دراوسێ جارێکی دیکە بە ئاشتییانە پێکەوە بژین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریکا دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی بە هەنگاوێکی بەرپرسیارانە ناودەبات، ئەمەش لەکاتێکدایە چەندین رەخنەی نێودەوڵەتیی ئاڕاستەی ئەو وڵاتە کراوە.

پیت هیگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا زۆر روونە لەبارەی دەستپێکرندنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دەبێت و هێزێکی رێگیریکاریان هەبێت دژی وڵاتانی دیکە.

وتیشی، هەنگاوی دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەکان پێویستی بە رێگەیەکی بەرپرسیارانە هەیە.

پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو، فەرمانی بە پەنتاگۆن کردووە دەستبەجێ تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی دەست پێ بکاتەوە، بەڵام روون نەبووە ئایا ئاماژەی بە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی کردووە یاخود تاقیکردنەوەی چەکێک کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەبێت.

جێگەی ئاماژەیە، فەرمانەکەی ترەمپ تەنها دوای چەند سەعاتێک هات کە پوتن تاقیکردنەوەی ژێر دەریاییەکی خۆبزوێنی هەڵگری ئەتۆمیی بە سەرکەوتووی راگەیاند.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوا لە ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەكەی دەكات، كۆتایی بە داخستنی حكومەت بهێنێت، چونكە بووەتە هۆكاری دواخستنی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكانی ئەمریكا.

ترەمپ بە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا دەڵێت، بژاردەكانی بەردەمتان رونن، دەتوانن لە ئەتۆمەوە دەستپێبكەن، دەستبەرداری لەكارخستنی حكومەت ببن.

وتیشی، دوای گەشتەكەی بۆ ئاسیا، زۆر بیری كردووەتەوە تا بژاردەی ئەتۆمی دیاریكردووە.

پێشتر سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو، بەهۆی پرۆگرامەكانی تاقیكردنەوەی چەكی ئەتۆمی لە وڵاتانی تر، فەرمانی بە وەزارەتی جەنگی وڵاتەكەی كردووە، دەست بە تاقیكردنەوەی چەكە ئەتۆمییەكانی ئەمریكا بكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەکاتێکدا دۆخی ئەمنیی سودان بەرەو خراپتربوون دەچێت و شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون دەستیپێکردووە، سەرۆک وەزیرانی سودان حاڵەتی نەفری گشتی راگەیاند و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە بێدەنگی و کەمتەرخەمی لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی رودەدەن تۆمەتبار کرد.

شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون لە باکووری کۆردۆفان:

بەگوێرەی تۆڕی پزیشکانی سودان، ویلایەتی باکووری کۆردۆفان بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەی بارا، روبەروی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون بووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، تۆڕەکە رایگەیاندووە کە لەماوەی رۆژانی رابردوودا زیاتر لە 4500 کەس لە بارا ئاوارە بوون، نزیکەی 1900 کەسیان گەیشتوونەتە شاری ئەلئوبەید و ئەوانی دیکەش هێشتا لە رێگادان و روبەروی دۆخێکی مرۆیی سەخت و کەمیی خۆراک و ئاو و شوێنی نیشتەجێبوون بوونەتەوە. زۆربەی خێزانەکان بە شەکەتییەکی زۆرەوە گەیشتوون و چەندین حاڵەتی سکچوون و بەدخۆراکی بەتایبەت لەنێو منداڵان و بەساڵاچوواندا تۆمارکراوە.

لەلایەن خۆیەوە، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە کە لە ماوەی دوو ڕۆژی رابردوودا نزیکەی 1100 کەس لە شاری بارا ئاوارە بوون، ئەمەش بەشێکە لە زنجیرەیەک ئاوارەبوون کە لە نێوان 26بۆ29ی تشرینی یەکەمدا زیاتر لە 35,600 کەسی گرتووەتەوە.

سەرۆک وەزیرانی سودان: بێدەنگیی نێودەوڵەتی هاوبەشییە لە تاواندا

کامل ئیدریس، سەرۆک وەزیرانی سودان، داوای لە گەلی سودان کرد کە یەک ریز بن لەبەرانبەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ئەنجامی دەدەن. ئیدریس رایگەیاند: "بێدەنگیی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەو تاوانانەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە 'فاشر و بارا' ئەنجامی دەدەن، بەشداریکردنە لە تاوانەکەدا." بۆ سەر فاشر شەرمەزار کرد و داوای کۆتاییهێنانی دەستبەجێیان بە توندوتیژییەکان کرد.

شانۆگەریی دەستگیرکردنی "ئەبو لولو"

لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا رایانگەیاند کە تۆمەتباری پێشێلکارییەکانی فاشر، ناسراو بە "ئەبو لولو"، یان دەستگیرکردووە بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت. "ئەبو لولو" لە چەندین گرتەی ڤیدیۆییدا دەرکەوتبوو کە هاووڵاتیی بێچەک لە فاشر دەکوژێت و پێشتریش شانازیی بە کوشتنی نزیکەی 900 سودانییەوە کردبوو.

بەڵام مینی ئارکۆ میناوی، حاکمی هەرێمی دارفور، راگەیاندنی دەستگیرکردنی "ئەبو لولو"ی بە "شانۆگەرییەکی بێتام" وەسفکرد و داوای دەستگیرکردنی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا و براکانی و هەموو ئەوانەی فەرمانەکانیان جێبەجێ کردووە، کرد.

لە وەڵامی تۆمەتەکاندا، هاوپەیمانیی دامەزرێنەری سودان کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێراوە سەرکردایەتی دەکرێت، رایگەیاند کە پێشێلکارییەکانی فاشر "تاکەکەسی" بوون و لەلایەن "توخمە ئاژاوەگێڕەکانەوە" ئەنجامدراون.

لە کۆتاییدا، عەبدولباقی حەمدان، باڵیۆزی باڵای سودان لە یەکێتی ئەوروپا، جەختیکردەوە کە داواکاری بۆ ناساندنی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" داواکارییەکی جەماوەرییە و ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵ و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا لەمبارەیەوە بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی "فاینانشڵ تایمز" ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو لوتکەیەی هەڵوەشاندووەتەوە کە بڕیاربوو لە بوداپێست لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکە دوای هەڵوێستی نەگۆڕی روسیا دێت سەبارەت بە داواکارییە توندەکانی پەیوەست بە دۆخی ئۆکراینەوە.

فاینانشڵ تایمز ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە راستەوخۆ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئاڵۆز لەنێوان دیپلۆماتکارە باڵاکانی واشنتن و مۆسکۆدا دراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند کە پاکستان و ئەفغانستان لە 6ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر) لە ئیستانبوڵ دەست بە دانوستانەکانی ئاشتی دەکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوولا لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست تا ئەو وادەیە رێککەوتن.

وردەکاریی رێککەوتنەکە:

لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد: "هەموو لایەنەکان لەسەر بەردەوامبوونی ئاگربەست رێککەوتوون. وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەش لە کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزدا لە ئیستانبوڵ لە 6ی تشرینی دووەم تاوتوێ دەکرێت."

لەلایەکی دیکەوە، زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان، پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی ئەفغانستان و پاکستان لە ئیستانبوڵ کۆتاییان هاتووە، کە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بە نێوەندگیریی تورکیا و قەتەر بەڕێوەچوو، و هەردوولا رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان.

ناکۆکییە سەرەکییەکان و رابردووی گرژییەکان:

جێی باسە، گەڕی دووەمی دانوستانەکان کە شەممەی رابردوو لە ئیستانبوڵ دەستیپێکردبوو، رۆژی چوارشەممە تووشی وەستان هاتبوو، بەڵام رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە.

ئیسلام ئاباد، کە روبەروی زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی بووەتەوە، لە کابل داوای "رێوشوێنی باوەڕپێکراو و یەکلاکەرەوە" دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو گروپانەی کە بە "تیرۆریست" ناویان دەبات، خاکی ئەفغانستان بۆ هێرشکردنە سەری بەکارناهێنن. بەڵام بەرپرسانی ئەفغانستان ئەم داواکارییانە بە "ناواقیعی" وەسف دەکەن.

دوو هەفتە پێش ئێستا، پێکدادانێکی بەرفراوان لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات رویدا، دوای ئەوەی حکومەتی تاڵیبان هێرشی کردە سەر خاڵێکی سنووریی پاکستان وەک وەڵامێک بۆ ئەو تەقینەوانەی کابلیان هەژاندبوو، دواتر بە نێوەندگیریی قەتەر ئاگربەست لەنێوانیاندا راگەیەندرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شا چارڵزی سێهەم "هەنگاوی کردەیی" بۆ لێسەندنەوەی سەرجەم نازناو و رێزلێنانەکانی شازادە ئەندریوی دەستپێکرد، هاوکات ئاگادارکراوەتەوە کە دەبێت گرێبەستەکەی بۆ مانەوە لە ماڵەکەی لە "ڕۆیاڵ لۆج" لە ویندسۆر کۆتایی بهێنێت.

لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، کۆشکی بەکینگهام رایگەیاند: "ئاگاداریی رەسمی پێشکەش کراوە بۆ کۆتاییهێنان بە گرێبەستی مانەوەی و ئەو دەبێت بۆ شوێنێکی نیشتەجێبوونی تایبەتی دیکە بگوێزێتەوە."

بەپێی بڕیارەکە، ئەندریو چیتر بە "شازادە" ناناسرێت و ناوی دەبێتە ئەندریو ماونتباتن ویندسۆر.

راگەیەندراوەکەی کۆشکی بەکینگهام ئاماژەی بەوە کردووە کە گرێبەستی مانەوەی لە خانووە 30 ژوورییەکەیدا "تا ئێستا پارێزگاریی یاسایی بۆ دابین کردبوو تا بەردەوام بێت لە نیشتەجێبوون."

هەروەها هاتووە: "ئەم سزایانە بە پێویست زانراون، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو بەردەوامە لە نکۆڵیکردن لەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی."

لە کۆتایی راگەیەندراوەکە، کۆشکی بەکینگهام جەختی کردووەتەوە: "خاوەن شکۆ شا و شاژن دەیانەوێت ئەوە رون بکەنەوە کە بیر و هاوسۆزیی قووڵیان لەگەڵ قوربانیان و ڕزگاربووانی هەموو جۆرەکانی دەستدرێژیدا بووە و بەردەوامیش دەبێت."

بەپێی زانیارییەکانی سکای نیوز، بڕیارە ئەندریو بگوێزرێتەوە بۆ موڵکێکی تایبەت لە ناوچەی ساندریگهام، کە خەرجییەکانی لەلایەن خودی شا چارڵزەوە بە شێوەیەکی تایبەت دابین دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، کچەکانی ئەندریو، شازادە بیاتریس و شازادە یوجینی، نازناوەکانیان وەک خۆی دەهێڵنەوە، چونکە ئەوان کچی کوڕی پاشان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای گەمارۆیەکی 18 مانگی و پێکدادانێکی خوێناوی، شاری فاشر، دواین پێگەی سوپای سودان لە هەرێمی دارفور، بەتەواوەتی کەوتە دەست هێزەکانی پشتیوانیی خێرا. کەوتنی شارەکە دەرگای بەڕووی کارەساتێکی مرۆیی گەورەتردا کردەوە و راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لە "کۆمەڵکوژی" و "پاکتاوی رەگەزی" دەکەن، لە کاتێکدا چارەنووسی ملیۆنان هاووڵاتی لەوپەڕی مەترسیدایە.

کەوتنی فاشر و کرانەوەی دەرگای دۆزەخ:

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا هێرشەکانیان بۆ سەر فاشر چڕکردەوە و بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان، لە ماوەی تەنها دوو رۆژدا نزیکەی 2000 کەس کوژراون. سەندیکای پزیشکانی سودان جەخت دەکاتەوە کە ژمارەی قوربانییەکان "زۆر لەوە زیاترە"، بەڵام بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەکان و ئەو ترس و تۆقاندنەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بڵاویان کردووەتەوە، بەدواچوونی ورد بۆ ژمارەی قوربانییەکان ئەستەم بووە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە خەرتوم "نیگەرانیی قووڵی" خۆی لەمبارەیەوە دەربڕیوە و ئەو توندوتیژییەی بە "پەرەسەندنێکی ترسناک" وەسف کردووە. هاوکات، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە کە "نیشانەی رونی پاڵنەری رەگەزی لەپشت کوشتنەکانەوە هەیە."

بەڵگەکان تەنها قسەی شایەتحاڵەکان نین. تاقیگەی توێژینەوەی مرۆیی لە زانکۆی یەیڵ (Yale) لە ئەمریکا، لە رێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە "بەڵگەی ڕوونی" لەسەر کۆمەڵکوژییەکە ئاشکرا کردووە. وێنەکان پەڵەی گەورەی خوێن و کۆمەڵێک تەرم لە شەقامەکانی فاشردا نیشان دەدەن کە پێشتر بوونیان نەبووە، ئەمەش پشتڕاستی ئەو تاوانانە دەکاتەوە کە باس دەکرێن.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە چەکدارانی پشتیوانیی خێرا ماڵ بە ماڵ گەڕاون و خەڵکیان لەسەر بنەمای ناسنامەی رەگەزییان گولـلەباران کردووە. هاوکات، کردەوەی قێزەونی وەک لاقەکردن، رفاندنی ژنان و منداڵان وەک بارمتە، و هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەنجامدراون. لە لایەکی ترەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاندووە کە "شۆک بووە" بە بیستنی هەواڵی کوژرانی زیاتر لە 460 نەخۆش و کارمەندی تەندروستی لە نەخۆشخانەی سعودی لە فاشر کە هیچ بەشدارییەکییان لە ململانێکاندا نەبووە.

ڕەهەندێکی رونی رەگەزی لە شەڕی فاشردا هەیە، چونکە گروپە چەکدارە ناوخۆییەکانی هۆزی زاغاوە، کە بە "هێزی هاوبەش" ناسراون، شانبەشانی سوپا شەڕیان کردووە. بۆیە چەکدارانی RSF هاووڵاتیانی مەدەنیی زاغاوە وەک ئامانجی رەوا دەبینن.

سوپاش بەوە تۆمەتبار کراوە کە ئەو گروپە رەگەزییانە دەکاتە ئامانج کە وەک بنکەی پشتیوانیی RSF دەیانبینێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک سەنار و جەزیرە کە دەکرێت ئەوانیان حەشاردابێت.

ئیمی مەحمود، بەڕێوەبەری ستراتیژیی تۆڕی مرۆیی ئاوارەکان، دەڵێت: "ئیتر گرنگ نییە تۆ هاووڵاتیی مەدەنی بیت یان لە کوێ بیت، تەنانەت لە خەرتومیش، سەلامەت نیت. چونکە لە چاوتروکانێکدا، ئەوانەی چەکیان بەدەستەوەیە، دەتوانن و بەردەوام دەبن لە زیندانیکردنی ناڕەوا، بێسەروشوێنکردن، کوشتن و ئەشکەنجەدانی هەمووان."

قەیرانێکی مرۆیی بێوێنە:

کەوتنی فاشر شەپۆلێکی نوێ و گەورەی ئاوارەیی دروست کردووە. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنها لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 36 هەزار کەس لە شارەکە هەڵاتوون، کە زۆربەیان بە پێ بەرەو شاری "تویلە" رۆیشتوون کە 70 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕی ناوخۆی سودان لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 12 ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵات و پەنابردنی 1.5 ملیۆن کەسی دیکە بۆ وڵاتانی دراوسێ وەک میسر، لیبیا و چاد.

قەیرانەکە تەنها ئاوارەیی نییە، بەڵکو برسێتییەکی کوشندەشە. بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) هۆشداری دەدات کە زیاتر لە 24 ملیۆن سودانی روبەروی "نەبوونی ئاسایشی خۆراک" بوونەتەوە. لەم دۆخە ناهەموارەدا، حکومەتی سودان دوو بەرپرسی باڵای لە وڵات دەرکردووە، کە ئەمەش هەوڵەکانی گەیاندنی یارمەتییەکان ئاڵۆزتر دەکات.

خۆبەخشانی ناوخۆیی و رێکخراوە مرۆییەکان، وەک تۆڕی "ژوورەکانی فریاکەوتن" و خاچی سوور، داوای یارمەتیی بەپەلە دەکەن و رایانگەیاندووە کە توانایان بۆ بەهاناوەچوونی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارەکان زۆر سنووردارە.

هاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە توندی ئیدانەی هێرشی هێزەکانی پشتیوانیی خێرای بۆ سەر شاری فاشر لە باکوری دارفور کرد و نیگەرانیی قووڵی خۆی لە "مەترسیی ئەنجامدانی تاوانی بەرفراوان، بەتایبەت تاوانی لەسەر بنەمای رەگەزی" دەربڕی.

لەکۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشدا سەبارەت بە سودان، دوو بەرپرسی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند کە کەوتنی فاشر "گۆڕانکارییەکی گەورەیە" لە قەیرانی سوداندا و هەواڵەکانی باکوری دارفوریان بە "سامناک" وەسف کرد.

رەگ و ریشەی ململانێکە: هێزەکانی پشتیوانی خێرا کێن و شەڕەکە چۆن دەستیپێکرد؟

هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF) لە بنەڕەتدا لە میلیشیای "جەنجەوید"ەوە سەریان هەڵدا، کە لە کاتی شەڕی دارفور لە ساڵی 2003 لەلایەن عومەر بەشیری سەرۆکی ئەوکاتەوە بۆ سەرکوتکردنی هۆزە عەرەبەکان بەکارهێنران و بە دڕندەیی ناسرابوون. لە ساڵی 2013، ئەم میلیشیایانە بە رەسمی کرانە هێزێک بە ناوی "پشتیوانیی خێرا".

ئەم هێزە رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە روخاندنی حکومەتی بەشیر لە ساڵی 2019، پاشان لە ساڵی 2021 شانبەشانی سوپا بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان، کودەتایان بەسەر حکومەتی مەدەنیدا کرد.

بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان ژەنەراڵ بورهان و محەمەد حەمدان دۆگلۆ (حمێدتی)، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، لەسەر چۆنیەتیی تێکەڵکردنی ئەم هێزانە بە سوپاوە و دیاریکردنی سەرکردایەتیی گشتیی هێزە چەکدارەکان، قوڵ بووەوە. ئەم ناکۆکییە لە 15ی نیسانی 2023دا تەقییەوە و بووە شەڕێکی ناوخۆیی وێرانکەر.

دابەشبوونی کردەیی و ئاییندەیەکی نادیار:

بە کۆنترۆڵکردنی فاشر، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ئێستا بە کردەیی تەواوی هەرێمی دارفوریان لەژێر دەستدایە، کە هەرێمێکی ستراتیژی و فراوانە و لەڕووی سامانە سروشتییەکانی وەک زێڕەوە گرنگیی زۆری هەیە. ئەمەش وایکردووە سودان بە کردەیی دابەش بێت بەسەر رۆژهەڵاتێکی ژێر کۆنترۆڵی سوپا و رۆژئاوایەکی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا.

هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست و دانوستان، بە نێوەندگیریی سعودیە، ئەمریکا و یەکێتیی ئەفریقا، تا ئێستا شکستیان هێناوە. کەوتنی فاشر و ئەنجامدانی ئەم تاوانە بەرفراوانانە، هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسیی ئاڵۆزتر کردووە. لە کاتێکدا جیهان ئیدانەی تاوانەکان دەکات، چارەنووسی سودان و ژیانی ملیۆنان مرۆڤ لەبەردەم داهاتوویەکی نادیار و مەترسیداردایە.

خێرایی روداوەکانی سودان وایکردووە پێشبینیکردنی ئەوەی چی رودەدات قورس بێت، بەڵام هەمووان هاوڕان لەگەڵ ئەوەدا، کە کارەساتێکی مرۆیی گەورە بەرۆکی هاووڵاتیانی سودانی گرتووە و سودان وەک کەشتییەکی بێ کاپتن لەناو زەریایەک لە خوێندا دەخولێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...6768697071...616