هاوشێوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا، بەریتانیاش پلانی نوێ بەکاردەهێنێت، بۆ ئەوەی گەنجانی وڵاتەکە بچنە خزمەتی سەربازییەوە  و بە گوێرەی پلانەکە گەنجانی خوار تەمەن 25 ساڵ بەم زووانە دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی  ساڵێک ئەزموونی مووچە و مەشقکردن لە سەرانسەری سوپا و هێزی دەریایی شاهانە و هێزی ئاسمانی شاهانە هەبێت.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا  بڕیارە پلانێکی "مۆڵەتی خوێندن" دەستپێبکات بۆ ئەوەی دەرچووانی قوتابخانە و زانکۆ، کە  لە خوار تەمەنی 25 ساڵەوەن بچنە ناو سوپا و هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییەوە بەبێ پابەندبوونێکی درێژخایەن و لە بەرانبەردا موچەشیان پێدەدرێت.

مۆڵەتی 12 مانگە بە موچەوە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە درێژخایەنەکانی دامەزراندنی کارمەند لە هێزە سەربازییەکانی بەریتانیا و بە گوێرەی پلانەکە ئەو گەنجانە راهێنانیان پێدەکرێت بۆ شەڕکردن لە ناوچە جەنگییەکان وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو.

ئەم پلانە نوێیە  لە پلانێکی هاوشێوەی ئوسترالیاوە سەرجاوەی گرتوە، کە زیاتر لە دە ساڵە جێبەجێ دەکات.

هێزە سەربازییەکانی بەریتانیا لە مێژە کێشەیان هەیە بۆ دامەزراندنی کارمەندان و مانەوەی کارمەندان و حکومەت دەیەوێت بواری سەربازی تا ئەو جێگایەی، کە دەتوانرێت بکاتە جێی سەرنجی گەنجانی وڵاتەکەی و ئەو پلانە هەوڵێکە بۆ زیادکردنی دامەزراندنی سەربازی.

ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند مانگی رابردوودا فەرەنسا و ئەڵمانیا پلانی نوێیان بۆ دامەزراندنی گەنجان و خۆبەخشیکردن بۆ خزمەتکردنی سەربازی راگەیاندووە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی هێزە چەکدارەکانیانە بۆ خۆئامادەکردن بۆ  ئەگەری هێرشی روسیا بۆسەر ئەوروپا وەک ئەوەی خۆیان بانگەشەی بۆدەکەن.