پوتن: ئامادەین خاک ئاڵوگۆڕپێبکەین لەگەڵ ئۆکراین
راهۆز
٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆکی روسیا مەرجی بۆ هەر رێککەوتنێک ئەوەیە ناوچەی دۆنباس بە تەواوی بۆ وڵاتەکەی بێت، لەبەرامبەردا ئامادەیی نیشانداوە دەستبەرداری ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بێت.
رۆژنامەی "کۆمێرسانت"ی روسی بڵاویکردەوە، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بازرگانان وردەکاریی پلانەکەی خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە: "دۆنباس هی ئێمەیە و دەبێت بە تەواوی بخرێتە سەر روسیا".
پەیامنێری رۆژنامەکە لە کرێملین ئاشکرای کرد، پوتن ئامادەیی نیشانداوە بۆ "ئاڵوگۆڕی بەشێک لە خاک" لەو ناوچانەی دەکەونە دەرەوەی دۆنباس و ئێستا لەژێر دەسەڵاتی سوپای روسیادان.
لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا خەریکی داڕشتنی کۆتایی پلانێکی 20 خاڵین، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن سەبارەت بە داواکاریی دەستبەرداربوون لەو بەشانەی دۆنباس کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی ئۆکراینن، هەروەها چارەنووسی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا یەکلایی نەبووەتەوە.
دۆنباس؛ دڵی پیشەسازی و خاڵی ناکۆکی پوتن و زیلینسکی:
1. شوێنی جوگرافی و دووری لە روسیاوە:
هەرێمی دۆنباس دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی ئۆکراین.ئەم هەرێمە نەک هەر نزیکە، بەڵکو هاوسنوورە لەگەڵ روسیا. دۆنباس بە درێژایی سنووری خۆرئاوای روسیا (بە دیاریکراوی هەرێمی رۆستۆڤی روسیا) درێژبووەتەوە. واتە دۆنباس دوا خاڵی ئۆکراینە لە بەری رۆژهەڵاتەوە و راستەوخۆ دەچێتە ناو خاکی روسیا.
لە رووی ئیدارییەوە لە دوو پارێزگای سەرەکی پێکهاتووە: دۆنێتسک و لوهانسک.
2. ناوەکەی لە چییەوە هاتووە؟
-
وشەی "دۆنباس" (Donbas) کورتکراوەی دەستەواژەی "حەوزی خەڵوزی دۆنێتس"ـە (Donets Coal Basin). ناوەکە ئاماژەیە بۆ روباری "دۆنێتس" کە بە ناوچەکەدا تێدەپەڕێت و دەوڵەمەندە بە کانزای خەڵوز.
3. تایبەتمەندییە سەرەکییەکان (ئابووری و دانیشتووان):
-
دڵی پیشەسازی: دۆنباس بە ناوەندی پیشەسازیی قورسی ئۆکراین دادەنرێت. بەهۆی بوونی یەدەگێکی زەبەلاحی خەڵوز، دەیان ساڵە کارگەی گەورەی پۆڵا، کانزا و کیمیایی تێدا دامەزراوە. پێش جەنگ، بەشێکی گەورەی ئابووریی ئۆکراین پشتی بەم ناوچەیە دەبەست.
-
زمان و کولتوور: زۆرینەی دانیشتووانی دۆنباس بە زمانی روسی قسە دەکەن. هەرچەندە بەپێی ئامارە رەسمییەکان زۆرینەیان بە رەچەڵەک ئۆکراینین، بەڵام کاریگەریی کولتوور و زمانی روسی لەم ناوچەیەدا زۆر بەهێزترە لە ناوچەکانی دیکەی ئۆکراین، ئەمەش وایکردووە مۆسکۆ هەمیشە وەک "ناوچەی نفوزی خۆی" سەیری بکات.
٤. گرنگییەکەی لە جەنگی ئێستادا:
-
بەهۆی ئەوەی راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سنووری روسیاوە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی روسی زمانن، دۆنباس بووەتە چەقی ململانێکان. پوتن ئەم ناوچەیە بە بەشێکی دانەبڕاو لە "جیهانی روسی" دەزانێت و کۆنترۆڵکردنی بە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی جەنگەکە داناوە.



