وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئۆکراین بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر شوێنی مانەوەی پوتن و ئەوانیش وەڵامی توندیان دەبێت، سەرۆکی ئۆکراینیش دەڵێت "درۆیە و روسیا دەیکاتە بیانوو بۆ بۆردومانکردنی کیێڤ".

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، ئۆکراین "هێرشێکی تیرۆریستی" بە درۆن کردووەتە سەر شوێنی مانەوەی ڤلادیمیر پوتن لە هەرێمی نۆڤگۆرۆد، بەڵام سیستمی بەرگریی ئاسمانیی روسیا سەرجەم درۆنەکانی خستووەتە خوارەوە.

لاڤرۆڤ هۆشداریدا کە بەهۆی ئەم رووداوەوە مۆسکۆ کات و ئامانجی "هێرشی پێچەوانە"ی دیاریکردووە و هەڵوێستی خۆیان لە دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەگۆڕن.

لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و بە "درۆ" وەسفی کردن.

زێلێنسکی وتی: "روسیا دەیەوێت ئەو پێشکەوتنە لەبارببات کە لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەدەستهاتووە و زەمینە خۆشدەکات بۆ لێدانی باڵەخانە حکومییەکان لە کیێڤ".

ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە کە ترەمپ و زێلێنسکی لە فلۆریدا کۆبوونەتەوە و لەسەر گەرەنتیی ئەمنی بۆ کیێڤ پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا ناکۆکیی قوڵ لەسەر دەستبەرداربوون لە خاکی دۆنباس و ناوچەکانی دیکە ماوە.