بەهۆی پێنەدانی ڤیزا لەلایەن ئەمریکاوە، ئێران بەشداری لە تیروپشکی جامی جیهانیی 2026 ناکات

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بڵاویکردەوە، بەهۆی پێنەدانی ڤیزا بە ژمارەیەک لە ئەندامانی وەفدی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە، بڕیاریانداوە بەشداری لە تیروپشکی کۆتاییەکانی جامی جیهانی نەکەن، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە واشنتۆن ئەنجام بدرێت.

وتەبێژی فیدراسیۆنەکە، ئەمیر مەهدی عەلەوی، لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران ئاشکرایکرد، بە فیفایان راگەیاندووە کە بڕیارەکەیان پەیوەندی بە وەرزشەوە نییە و وەفدی ئێران بەشداری لە تیروپشکەکەدا ناکات.

وتیشی، فیدراسیۆنی تۆپی پێ لە دوو رۆژی رابردوودا نوسراوی رەسمی لەگەڵ جیانی ئینڤانتینۆ سەرۆکی فیفا و سکرتاریەتی گشتیی فیفا ئاڵوگۆڕ کردووە، بە شێوەیەکی رەسمی بابەتەکەیان بۆ روونکراوەتەوە، وەڵامی فیفاش ئەوە دەردەخات کە ئەو دامەزراوەیە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکات.