رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا ئەنجامدراوە و تێیدا تاوتوێی ئەگەری سازکردنی دیدارێکیان کردووە.

رۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردۆتەوە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان هەفتەی رابردوو ئەنجامدراوە، تێیدا هەردوولا باسیان لەوە کردووە کە دەکرێت لە داهاتوودا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆببنەوە.

نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ پلانێکی دیاریکراو و رەسمی نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە، بەڵام ئەگەر رووبدات، دەبێتە رووداوێکی مێژوویی و یەکەمجار دەبێت سەرۆکی ئێستای ڤەنزوێلا لەگەڵ سەرۆکێکی ئەمریکا کۆببێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشداربووە لەو گفتوگۆ تەلەفۆنییەدا. تا ئێستاش کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی رەسمی لەبارەی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز و وردەکاریی پەیوەندییەکە بڵاونەکردۆتەوە.