ئۆکراین شەوێکی سەختی بەڕێکرد... روسیا بە موشەک هێرشی کردە سەر پایتەختی ئەو وڵاتە
راهۆز
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
سوپای روسیا هێرشێکی بەرفراوانی بە موشەک و درۆن بۆ سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراین ئەنجامدا، بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، بەرپرسانی شارەکەش دەڵێن هێرشەکە باڵەخانە نیشتەجێبووەکانی کردۆتە ئامانج و زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە لە درەنگانی شەوی رابردوو دەستیپێکردووە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 29ی تشرینی دووەم بەردەوام بووە. رۆژنامەنوسان لە کیێڤ ئاماژەیان بەوە کردووە، دوای سەعات 1ی شەو دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە و بەرگرییە ئاسمانییەکان چالاک کراون.
تیمور تکاچینکۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی کیێڤ رایگەیاند، هێرشەکە تێکەڵەیەک بووە لە موشەک و درۆن و چەندین ناوچەی جیاوازی پایتەختی گرتۆتەوە. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، پیاوێک گیانی لەدەستداوە کە تەرمەکەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک لە گەڕەکی سڤیاتۆشینسکی دەرهێنراوە.
لای خۆیەوە ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردومانەکەوە 11 کەسی دیکە برینداربوون کە لە نێویاندا منداڵێک هەیە، شەش لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.
زیانەکان تەنیا گیانی نین، بەڵکو بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەی موشەک و درۆنەکانەوە، ئاگر لە چوار باڵەخانەی نیشتەجێبوون بەربووە و زیان بە 20 گەراج و چەندین شوقە لە نهۆمەکانی سەرەوە و خوارەوەی باڵەخانەکان گەیشتووە. هەروەها لە دەرەوەی کیێڤ و لە شاری برۆڤاری، باڵەخانەیەکی 9 نهۆمی زیانی بەرکەوتووە و دوو کەسیش برینداربوون.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر روسیا هێرشێکی دیکەی کردە سەر کیێڤ کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 7 کەس و برینداربوونی 20ی دیکە، بەوەش دەرکەوتووە کە روسیا ستراتیژی بەئامانجگرتنی ژێرخان و ناوچە مەدەنییەکانی لە وەرزی سەرمادا چڕتر کردۆتەوە.



