گەندەڵی لە نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکان لە هۆنگ کۆنگ 128 کەسی کردە قوربانی
راهۆز
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
لێکۆڵینەوەکان لەو ئاگرە گەورەیەی هۆنگ کۆنگی گرتەوە پێینایە قۆناغێکی نوێوە، دوای ئەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 128 کەس بەرزبووەوە، دەسەڵاتداران هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان دەستپێکرد و ژمارەیەک بەرپرسی کۆمپانیاکانی نۆژەنکردنەوەیان بە تۆمەتی "گەندەڵی" دەستگیرکرد.
ئەمڕۆ شەممە، دوای کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی ئاگرەکە، دەرکەوت کارەساتەکە گەورەترین روداوی ئاگرکەوتنەوەیە لە مێژووی 70 ساڵی رابردووی شارەکەدا. بەپێی ئامارەکان جگە لە گیانلەدەستدانی 128 هاووڵاتی، 79 کەسی دیکە بریندارن و دەیان کەسیش بێسەروشوێنن.
کۆمسیۆنی سەربەخۆی دژی گەندەڵی (ICAC) رایگەیاند، 8 کەسیان دەستگیرکردووە کە بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەندازیاری و بەڵێندەری لاوەکیی بوون و سەرپەرشتیی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکانیان کردووە. ئەمە جگە لەوەی پێشتر پۆلیس 3 کەسی دیکەی بە تۆمەتی "کوشتنی بەهەڵە" دەستگیرکردبوو.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەو کەرەستانەی لە نۆژەنکردنەوەی دەرەوەی باڵەخانەکانی "وانگ فوک کۆرت" بەکارهێنراون، بەتایبەت مادەی "پۆلیسترین" و تۆڕە پارێزەرەکان، بوونەتە هۆی ئەوەی ئاگرەکە بە خێراییەکی پێوانەیی بڵاوببێتەوە و بگاتە حەوت باڵەخانە لە کۆی هەشت باڵەخانەی کۆمەڵگەکە. پلەی گەرمی لە کاتی ئاگرەکەدا گەیشتۆتە 500 پلەی سیلیزی.
دۆخەکە لە شوێنی روداوەکە هێشتا ئاڵۆزە؛ 16 تەرم لەناو باڵەخانەکان ماونەتەوە و دەرنەهێنراون، 89 تەرمیش بەهۆی تێکچوونی جەستەیانەوە نەناسراونەتەوە. کەسوکاری قوربانییەکان بە وێنەی ئازیزانیانەوە لە ناوەندەکان کۆبوونەتەوە بۆ هاوکاریکردن لە ناسینەوەی تەرمەکان.
لە نێو قوربانییەکاندا، ئاگرکوژێنەوەیەک بەناوی "هۆ وای هۆ" تەمەن 37 ساڵ هەیە، کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا گیانی سپاردووە. دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن پێشتر چەندین جار هۆشدارییان دابوو لەبارەی مەترسیی شێوازی نۆژەنکردنەوەکان، بەڵام گوێیان لێنەگیراوە.
کاتی لۆ، ژنێکی تەمەن ٧٠ ساڵانە و دانیشتووی کۆمەڵگەکەیە، دەڵێت: "ئەوە ماڵی من بوو... هێشتا بڕوا ناکەم چی روویداوە، هەموو شتێک وەک خەونێکی ناخۆش وایە".
حکومەتی هۆنگ کۆنگ ئاڵای وڵاتی داگرت و جۆن لی، سەرۆکی جێبەجێکار بە جلوبەرگی رەشەوە سەرپەرشتی سێ خولەک بێدەنگیی کرد بۆ رێزگرتن لە قوربانیان. ئەمە بە کوشندەترین ئاگرکەوتنەوە دادەنرێت لە دوای ساڵی ١٩٤٨ـەوە لە هۆنگ کۆنگ کە ئەوکات ١٧٦ کەس لە کۆگایەکدا گیانیان لەدەستدا.



