پوتن: ئیمزاکرنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراین بێمانایە
بڵند
٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا دووپاتی کردەوە کە حکومەتی ئێستای ئۆکراین هیچ شەرعیەتێکی یاسایی نییە و رایگەیاند، ئیمزاکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بێمانا دەبێت، تاوەکو لەو خاکانە نەکشێنەوە کە روسیا دەستی بەسەدردا گرتوە.
سەرۆکی روسیا داواکارییە سەرەکییەکانی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکراین دووپاتکردوەتەوە و جەختیکردوەتەوە لەوەی، کە روسیا تەنیا لە حاڵەتێکدا پلانی ئاشتی قبوڵ دەکات کە هێزەکانی کیێڤ لەو خاکانە بکشێنەوە کە مۆسکۆ داوای دەکات.
پوتن لە مێژە داوای دانپێدانانی ئەو خاکانەی ئۆکراینی کردووە کە لەلایەن روسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە، لەوانە نیمچە دورگەی کریمە کە روسیا لە ساڵی 2014 بە شێوەیەکی نایاسایی خستبووە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، کە دۆنباس کە لوهانسک و دۆنێتسک لەخۆدەگرێت کە ئێستا بەشێکی زۆری لەلایەن هێزەکانی روسیاوە داگیرکراوە.
ئەم داواکارییەی پوتن، بەردەوام لەلایەن ئۆکراینەوە رەتدەکرێتەوە بە قبوڵکراو نازانرێت و رەتیکردووەتەوە دەستبەرداری ئەو بەشانەی دۆنباس بێت کە تا ئێستاش بەدەستیەوەیە.
پوتین لە سەردانەکەیدا بۆ قیرغیزستان قسەی بۆ میدیاکان کرد و کیێڤی تۆمەتبار کرد بەوەی کە دەیەوێت "تا دوا هاووڵاتی ئۆکراینی" شەڕ بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، روسیا ئامادەیە ئەگەر پێویست بکات ئەو کارە دەکات.
پوتن جەختیکردەوە لەوەی روسیا بەردەوامە لە بەرەوپیشچون لە بەرەکانی جەنگدا و ئاماژەی بەوەشدا کە شەڕەکە تەنیا کاتێک کۆتایی دێت کە هێزەکانی ئۆکراین لەو ناوچانە بکشێننەوە، ئەگەر واش نەکەن ئەوا بە زەبری هێز خۆیان ئەو کارە دەکەن.



