سەرباری گەشبینی ئێران و ئەوروپا و روسیا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام "جیک سولیڤان" راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، ھێشتا چەندین ئاستەنگ ماون و ھێشتا رێگەیەکی دوور و درێژیان ماوە لە دانوستانەکاندا.
وتیشی، دەبێت ئێران پابەندی بەڵێنەکانی بێت بەر لەوەی سزاکانی لەسەر ھەڵبگیرێت و کاری لە پێشینەی "واشنتۆن" ئەوەیە کە "تاران" نەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
ئەو لێدوانەی سولیڤان دوای لێدوانێکی عەباس عێراقچی گەورە دانوستانکاری ئێران دێت کە وتبووی لە ھەموو کات زیاتر لە رێککەوتن نزیکن.
دیمتری کولیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکراین رایگەیاند، لە ئەگەری ھێرشی روسیا و بۆ بەرگری کردن لە خاکەکەیان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بەکاردەھێنن.
وتیشی، تورکیا نەچووەتە ژێرباری فشارەکانی روسیا و رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەنقەرە سەبارەت بەو فڕۆکانە لە بەرژەوەندی ھەردوولایە.
وەزیری دەرەوەی ئۆکراین ئەوەشی وت، دەبێت روسیا بەر لە پیلان دانان بۆ ھەر ھێرشێک دووجار بیر بکاتەوە و بوونی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش گرنگە بۆ روبەڕوبوونەوەی روسیا.
سەبارەت بە ئەندامبوونیشیان لە ھاوپەیمانی "ناتۆ" وتی، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار جەختی کردووەتەوە لەوەی ئۆکراین دەبێتە ئەندامی ئەو ھاوپەیمانییە، بەڵام ھێشتا خشتەی زەمنی بۆ ئەو بابەتە دانەنراوە.
ئەنجومەنی گشتیی دادگای دەستووریی تورکیا، بە زۆرینەی دەنگ دۆسێی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە"ی بۆ کار لەسەرکردن پەسەند کرد و دۆسێکە رەوانەی ھەدەپە دەکرێت، بۆ بەرگری لە خۆکردن و رێگریکردن لە داخستنی پارتەکە.
پێویستە ھەدەپە لە ماوەی دوو مانگدا بەرگریکردنەکەی ئامادەبکات و دەشتوانێت داوای درێژکردنەوەی ئەو ماوەش بکات.
داواکاریی داخستنی ھەدەپە زیاتر لە ٨٠٠ لاپەڕەیە و لەلایەن سەرۆکی داواکاری گشتیی تورکیاوە ئاراستەی دادگای دەستووریی کرا.
ئیبراھیم رەئیسی سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەم ھەڵبژاردنە پەیامی گۆرانکاری بوو لە ئێرانەوە بۆ ھەمو جیھان و دوبارەکردنەوەی پەیامەکانی شۆرشی ئیسلامی بوو و سوپاسی خەڵک دەکەین کە سەرباری کۆرۆنا بەشداری دەنگدانیان کرد.
وتیشی، ئامانجی حکومەتی ئێران روبەروبونەوەی گەندەڵی دەبێت و حکومەت لە خزمەتی ھاوڵاتیاندا دەبێت و گەلی ئێران دەیەوێت رەوشی ئابوری بگۆڕێت و ژیانی گەنجەکانمان بەرەو باشتر دەگۆڕین و بەڵێنەکانمان بۆ گەلی ئێران دەبەینە سەر.
راشیگەیاند، لەماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا خزمەتی زۆری گەلی ئێران کراوە و ئێمەش بەردەوام دەبین و سەرباری ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەممان بەردەوام دەبین لە خزمەتکردن لەمەودوا گرنگی زیاتر بە بەرھەمە ناوخۆییەکان دەدەین و حکومەتێک پێکدەھێنین بۆ ھەموان بێت و کار دەکەین بۆ بەدیھێنانی دادپەروەری لە وڵاتدا و کاری سەرەکیمان دۆزینەوەی رێگایەکە بۆ گۆڕینی ژیانی ئێستای خەڵکی ئێران.
ئیبراھیم رەئیسی ئاشکراشیکرد، فشارە دەرەکییەکان کاریگەریی لەسەر گەلی ئێران نەکردوە و سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی نوێ تەنھا لە رێککەوتنی ئەتۆمی خۆی نابینێتەوە لە حکومەتی نوێدا بەسەر سەرجەم سیاسەتە دەرەکییەکاندا دەچینەوە .
لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی سوید لە کۆی ٣٤٩ ئەندام، ١٨١ پەرلەمانتار دەنگیاندا لە دژی حکومەتەکەی ستیڤان لۆڤین و متمانەیان لێوەرگرتەوە، ١٠٩ پەرلەمانتاریش بە نەخێر دەنگیاندا.
چەپڕەوەکان و پارێزگاران و مەسیحییە دیموکراتەکان و پارتی دیموکراتی سوید ئەو حزبانە بوون کە دەنگیان لە دژی حکومەتەکەی "لۆڤین"دا، لە بەرامبەردا لیبرالییەکان و پارتی ژینگە و سۆشیالست دیموکراتی پشتیوانییان بۆ دەربڕی، "ستیڤان لۆڤین" دەبێتە یەکەم سەرۆک وەزیران کە لە مێژووی وڵاتەکە کە متمانەی لێبسەندرێتەوە.
رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی کێشەیەکی تەکنیکی نادیار چالاکییەکانی وێستگەی "بوشەھر"ی ئەتۆمی لە باشوری وڵاتەکە وەستاوە.
غەلامەڵی رەخشانی جێگری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای وڵاتەکەش دەڵێت، داخستنی ئەو وێستگەیە سێ بۆ چوار رۆژ دەخایەنێت و بەرھەمھێنانی کارەبای بە بڕی ھەزار مێگاوات کەمکردووەتەوە و داواشی لە ھاووڵاتیان کرد بەکارھێنانی کارەبا کەمبکەنەوە.
وێستگەی بوشەھر تاکە وێستگەی ئەتۆمییە کارەبا بەرھەم دەھێنێت و تا ئێستاش ھۆکاری راگرتنەکەی بە تەواوی روون نەکراوەتەوە.
پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، ھاوسەرۆکانی ھەدەپە لە کۆنفرانسەکەدا وتیان، دادگای دەستوری ھەلێکی مێژوویی لەدەستدا و دۆسێنامەکەش لەلایەن پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستەوە ئامادە کراوە و دواتر لە کۆشکی کۆماری رێکخراوەتەوە و لە کۆتایشدا دراوە بە داواکاری گشتیی، واتە حکومەت لەپشت ئەم کارەوەیە.
ھاوسەرۆکانی ھەدەپە باسیان لەوەش کرد، گەلی کورد خۆی بەرگری لە ھەدەپە دەکات و ھەدەپەش بە پشتیوانی سەرجەم ھێزە دیموکراسییەکان ئەم ھەوڵە پوچەڵ دەکاتەوە و رێگە نادەن پاشەکشە بە خەباتی دیموکراسییانە بکرێت. وتیشیان ئەگەر دادگای دەستوری بڕیاری داخستنی ھەدەپە بدات ئەوا بڕیاری داخستنی خۆشی دەدات، بەڵام رێگە بەم کارە نادەن.
دادگای دەستوری تورکیا بڕیاریدا دۆسێنامەی داخستنی ھەدەپە وەربگرێت کە لەلایەن داواکاری گشتییەوە ئامادە کراوە و تێیدا داوای داخستنی ھەدەپە و قەدەغەکردنی چالاکی سیاسیی لە ٦٠٠ کەسایەتی سیاسیی کورد کراوە.
"ھەسەدە" لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، چوار تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکردووە لە کەمپی "ھۆل" کە خاوەن رەگەزنامەی عێراقین و لە دوای ئۆپراسیۆنە ئەمنییەکەی ناوچەی "باھۆز" وەک مەدەنی خۆیان گەیاندبووە ئەو کەمپە. ھەسەدە راشیگەیاندووە، ئەو تیرۆریستانە ٣ مەدەنییان کوشتووە کە یەکێکیان ژن بووە.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە، ھەسەدە ژمارەیەک تیرۆریستی داعشی لە ناوچەی "عەگیدات" لە ریفی دێرەزووری خۆرھەڵات دەستگیرکردووە، کە ھاووڵاتیانیان ناچار دەکرد بە پێدانی پارە، رۆژی ٤شەممەی رابردووش لە شارۆچکەی "شەحیل" ٣ تیرۆریستی تری داعشیان دەستگیرکرد.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رەوشی خۆراک لە باکوری سوریا زۆر مەترسیدارە و و داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بڕیاری رێگەدان بە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان لەڕێی سنورەکانی تورکیاوە درێژ بکەنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی، ئەگەر ئەو بڕیارە درێژ نەکرێتەوە، ھاوکاری خۆراک و ڤاکسین و پێداویستی تەندروستی بۆ ٣ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار کەس و یەک ملیۆن منداڵ رادەگیرێت، جەختیشی کردەوە لەوەی لەگەڵ تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان کار دەکات بۆ ئەوەی رێگە بدرێت کاروانەکانی ھاوکاری بگەیەندرێنە ناوچەکانی باکور و خۆرئاوای سوریا.
میدیاکانی رۆژئاڤای کوردستان بڵاویانکردەوە، سوپایی تورکیا و گروپە چەکدارەکان گوندی خربەت بەکر، عەریزە، قزعەلی ، مەبلوجا، سیوان ، کور حەسەن و زەنوبیا تۆپباران کردووەو لەترسی تۆپبارانەکەس گوندنشینان گوندەکانیان چۆڵکردووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، شەڕڤانان وەڵامی ھێرشەکەیان داوەتەوە و ڕادارێکی سوپای تورکیا و ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان تێکشاندوە و کوژرا و برینداریش لەنێو گروپە چەکدارەکاندا ھەیە.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئێران و سەرکەوتنی ئیبراھیم رەئیسی وەک سەرۆک کۆماری ئێران، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، نیگەرانن لەوەی کە ئێرانییەکان نەیانتوانیوە بەشداری لە ھەڵبژاردنێکی ئازاد و پاکدا بکەن و سەرۆکی خۆیان ھەڵبژێرن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکە و ھاوکارییەکانی لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی لەم بارەیەوە.
عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی وەزیری ناوخۆی ئێران ئەنجامی ھەڵبژانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، رێژەی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان گەیشتووەتە ٤٨% و بەپێی ئەنجامەکانیش ئیبراھیم رەئیسی ١٧ ملیۆن و ٩٢٦ ھەزار و ٣٤٥ دەنگی بەدەستھێناوە و بوو بە سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، وتیشی، ٣ ملیۆن ٧٢٦ ھەزار و ٨٧٠ دەنگی بەتاڵ ھەبووە.
لیئور ھایات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لەبارەی فراوانبوونی رۆڵی ئێران لەسەردەمی ئیبراھیم رەئیسیدا ھۆشداری دا و ئاماژەی بەوە کرد، ئیبراھیم رەئیسی توندڕەوترین سەرۆکی ئێرانە و رۆڵی ھەبووە لە لەسێدارەدانی زیاتر لە ٣٠ ھەزار کەس بە شێوەیەکی نایاسایی.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل باسی لەوەش کردوە، رەئیسی وەک کەسایەتییەکی توندڕەو ھەوڵی خێراکردنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی دەدات و ھەڵبژاردنیشی نیازی خراپی ئێران دەردەخات، ئەمەش نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران رابگیرێت و توانا موشەکییەکانیشی ھەڵبوەشێنرێتەوە.
نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیلیش رایگەیاند، ھەڵبژاردنی ئیبراھیم رەئیسی زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ دەوڵەتە گەورەکان و دەبێت رێگە لە تاران بگیرێت ببێت بە خاوەنی چەکی کۆکوژ و وتیشی، ئێرانییەکان سەرۆکی نوێیان ھەڵنەبژارد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی ئاکپارتی لە شاری ئەنتاڵیا وتی، پێشتر بە توندترین شێوە ئیدانەی کوشتنی ئەندامەکەی ھەدەپەی کردووە و ئێستاش جارێکی دیکە ئیدانەی دەکاتەوە، جیاوازیش ناکەن لەنێوان ھاوڵاتیانی وڵاتەکەیان و ھەرکەسێک رووبەڕووی زیان ببێتەوە لێکۆڵینەوەی پێویستی لەبارەوە دەکەن.
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد، لێکۆڵینەوەی ورد لەگەڵ ھێرشبەرەکەدا دەکرێت و ھەرشتێک پەیوەندی بە ھێرشەکەوە ھەبێت ئاشکرای دەکەن.
کۆتایی ھەفتەی رابردوو کەسێک لە شاری ئیزمیر ھێرشی کردە سەر بارەگای ھەدەپە و لە ئەنجامدا ئەندامێکی ھەدەپە بە ناوی دەنیز پۆریاز گیانی لەدەستدا، بکوژەکەش لە دانپێدانانەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ھەرکەسێکی دیکە لە بارەگاکەدا بوایە دەیکوشت.